Showing posts with label social and cultural issues. Show all posts
Showing posts with label social and cultural issues. Show all posts

Sunday, January 18, 2015

چوار كورد سوپرایزێكی خۆش پێشكەشی كەنەدییەكان دەكەن

پێشانگایەكی هونەریی چوار كوردی نیشتەجێی كەنەدا لە پرسی "شوناس" دەڕوانێت و لەوە دەكۆڵێتەوە كە كوردبوون لە كەنەدا چۆنە. كەنەدییەكانیش كاری ئەو چوار هونەرمەندە وەك "سوپرازێكی خۆش" دەبینن.
نیگاركێش دارا ئارام، فۆتۆگرافەر هەندرێن چالاك، هونەرمەند خەدیجە بەكر و مامۆستای هونەری دانس فەتحی كەراكەجلی كە هەموویان كوردی باشووری كوردستانن و لە كەنەدا دادەنیشن، هەفتەی رابردوو كارەكانیان لە گەلەری سیدار ریچ لە تۆرۆنتۆ لە پێشانگایەكی یەك هەفتەییدا نمایش كرد.
ئارام كە رێكخەری پێشانگاكەش بوو، بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەو ستایلی ئەكریلیك و ئەنكاوستك لە تابلۆكانیدا بەكاردەهێنێت و ئەو تابلۆیانەی بە تایبەتی بۆ ئەو پێشانگایە نەخشاندووە.
"من ئێكسپرێشنی فەرمی و وتاری سیاسی تێكەڵ دەكەم" ئارام وا دەڵێت. ئەو پێیوایە دەربڕینی ئیستاتیكی گرنگیی زۆری بۆ ئاشتەوایی جیهانی هەیە. ئەو سوود لە فۆتۆگرافی و پەیكەرتاشی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بەهرەكانی خۆی نمایش بكات.
نەخشەكانی كە وێنای منداڵی كورد دەكەن لە چوار جێگەدا نمایش كراون و تابلۆكانی ئەوە نیشان دەدەن كە چۆن نەوەی نوێ تەنیا سروشت پارێزگارییان لێدەكات. "چەند جارێك پێشتر كاری هونەریم تێكەڵ بە سیاسەت كردووە، هەرچەندە كە ئەوە بواری سەرەكی منیش نییە". هەروەها دەڵێت "ئەم پێشانگایەم بۆ ئەوە رێكخست تاوەكو لە رێگەی هونەری سەردەمەوە هونەردۆستانی كەنەدا لە كەلتور و مێژووی كورد نزیكتر بكەمەوە".
كراكەجلی لە نمایشێكی دانسی پێشانگاكەدا ئاگری بەكارهێنا و دانسەكەی بە ژمارەیەك لە تابلۆكان و هەیكەلێكی پەرستگای ئێزدی تێكەڵ كرد بۆ ئەوەی كە خەباتی كورد وێنا بكات و هیوای خۆشبەختی بۆ هەرچوار پارچەكەی كوردستان بنێرێت.
"پێموایە باشترین شێوە بۆ نمایشكردنی شوناسی كورد ئەوەیە كە رێگە بدەیت دەنگی كوردی ئێزدیی شنگال ببیسترێ و بەرخۆدانی كۆبانی پێشان بدەیت" كاراكجلی وا دەڵێت. ئەو جلێكی بە رەنگ و نەخشی تاوس لەبەردا بوو، ئەو باڵندەیەی كە لە ئاینی ئێزدیدا رێزی زۆری لێدەگیرێت. كوردی ئێزدی لە باشووری كوردستان و عێراق زۆرترین چەوساندنەوە و كوشت و بڕیان لەسەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بینی.
یەكێك لە كارەكانی ئارام لە ناوەڕاستی ژووری سەرەكی گالەرییەكدا نمایشكراوە. ئەو كارەی ئارام هەیكەلێكی بچووكی پەرستگای لالش بوو كە بە چوار پۆستاڵ دەورەگیراوە، لەسەر هەریەك لە پۆستاڵەكانیش وێنەی ئاڵای عێراق و ئێران و توركیا و سوریا هەیە، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشبووە.
بەلای خەدیجە بەكرەوە، شوناس "بریتییە لە مەترسییەكانی وڵات و چەوساندنەوە و شوێنگۆڕكێ و یادەوەری" ئەو  تێكستایڵ، دەنگ، ڤیدیۆ، چیرۆك گێڕانەوە، نمایش و هونەری دیجیتاڵی تێكەڵ بەیەك دەكات و كاری هونەری لێ دروست دەكات.
كارەكانی ئەو بینەر تێكەڵ بە هونەرەكەی دەكات و بەشدارییان پێدەكات. یەكێك لە ڤیدیۆكانی "گۆرانی نیشتیمان" وا لە بینەر دەكات كە ئەزموونی نووسینی نامە بۆ نیشتیمان بكەن. ئەو كارەی لە كاتێكدا دروستكردووە كە دووگیان بووە و هەوڵی ئەوەی دەدا یادەوەرییەكانی نیشتیمانی رابردووی لەگەڵ ئەزموونی جێگیربوون لە نیشتیمانێكی تازەدا یەكبخاتەوە و پەناگەیەك بۆ منداڵە هێشتا لەدایك نەبووەكەی مسۆگەر بكات.
هەندرێن چالاك 40 ساڵە كوردستانی بەجێهێشتووە و بە ئەمریكای باكوور و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەڕاوە و كاری فۆتۆگرافی تێدا كردوون. فۆتۆكانی لە پێشەنگاكەدا سروشت و ژیانی كوردستان نمایش دەكەن. ئەو وێنەی منداڵانی كوردستان لە كاتێكدا كە بەسەر رێگای خۆڵیندا رادەكەن، پیاو لەكاتی گفتۆگۆدا و هەروەها وێنەی ئامێری مۆسیقی و فەرش دەخاتەڕوو. 
شەهریار جەمشیدی، كوردێكی دانیشتووی تۆرۆنتۆ كە ژەنیاری كەمانچەیە، پێشەنگاكەی بە پارچەیەك مۆسیقای خۆی كە بەشێك بوو لە مۆسیقای "فرمێسكەكانی شنگال" كردەوە. جەمشیدی دەیەوێت دەنگی ئێزدییەكانی كوردستان بەمشێوەیە بەرز بكاتەوە.
بینەرانی كەنەدی بە گەرمی پێشوازییان لەگەلەرییەكە كرد و بە "سوپرایزێكی خۆش" وەسفیان كرد.
ئارام دەڵێت "ئەو كەسانەی كە سەردانی پێشەنگاكەیان كرد، ئاشنای كەلتوورێكی نوێ بوون". ئەو دەڵێت "ئەوان پێیانوابوو كە پێشانگاكە كەلتوورێك پێشان دەدات پێشتر ئاشنای نەبوون، سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەوان هێشتا بە بینینی دانس و ڤیدیۆكان و بیستنی مۆسیقاكە دڵخۆش بوون".
ئاڤا هۆما  - رووداو- كەنەدا

Sunday, December 28, 2014

ئەڵمانیا.. بزووتنەوەیەكی رەگەزپەرستی دژی پەنابەران سەرهەڵدەدات



ماوەی چەند هەفتەیەكە، هەموو رۆژانی دووشەممە بە هەزاران كەس دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دروشم دژی پەنابەرانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە. بەرپرسانی ئەڵمانیاش هۆشداری دەدەنە رێبەرانی ئەو بزووتنەوە رەگەزپەرستە كە كۆتایی بەخۆپێشاندانەكان بهێنن.
تا دێت شەپۆلی ناڕەزایی راسیستەكانی ئەوروپا دژی پەنابەران زیاتر دەبێت. نوێترین كاردانەوەی راسیستەكانیش لە ئەڵمانیاوە سەرچاوەی گرت كە ئێستا بزووتنەوەیەكیان پێكهێناوە بەناوی پێگیدا، واتە (هاوپەیمانیی نیشتمانی دژ بە ئیسلامیكردنی ئەوروپا).
ئەم بزووتنەوەیە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر یەك ملیۆن كوردی پەنابەری ئەم وڵاتە كە زۆربەیان موسڵمانن. ئەوان پێیانوایە پەنابەرە موسڵمانەكان خێر و بێری ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان بردووە و هەڕەشەش لە ئایندەی وڵاتەكەیان دەكەن.
ئەو بزووتنەوەیە چالاكییەكانی زۆرتر لە هەرێمی ساكسنە، بەتایبەتی لە شاری درێسن، هەفتە لە دوای هەفتەش ژمارەیان زۆرتر دەبێت. لە دروشمەكانیشیان نووسراوە كە بە ئیسلامیكردن رابگیرێت، هەروەها دژی سیاسەتی تایبەت بە پەنابەری لە ئەڵمانیا خۆپێشاندان دەكەن. 
تاوەكو دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە شاری درێسدن چالاك بوو، بەڵام ئێستا خۆپێشاندانەكانیان فراوان كردووە و چەندین شاری ئەڵمانیای گرتووەتەوە. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەڵمانیا دروستكردووە، زۆربەی پارتەكان و بەرپرسانی ئەڵمانیا هاتوونەتە قسە لەدژی گرووپەكە.
 ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا هۆشداری دایە بەشداربووان كە نەكەونە داوی راستڕەوە توندڕەوەكانەوە و وریابن لەوەی بەكاریان بهێنن بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان. وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵنیش ئەم گرووپە بە "مەترسیدار" دەزانێت و هاووڵاتیان لە مەبەست و نیەتی ئەم بزووتنەوەیە ئاگادار دەكاتەوە.
رالف جاگەر، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن گوتی "ئەمانە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئێمە، بەترسەوە تەماشایان دەكەین، چونكە نازییە رەگەزپەرستەكان بە جلی مەدەنییەوە چوونەتە نێو خۆپێشاندەران، ترس و دڵەڕاوكێیان خستووەتە دڵی هەمووان".
ناوبراو گوتیشی "مەترسی ئەو بزووتنەوەیە لەوەدایە كە چینی ناوەندی كۆمەڵگەی ئەڵمانی پشتگیری لێدەكەن، ئەمەش وادەكات تەنیا وەكو  بزووتنەوەیەكی بچووك نەمێنێتەوە، بەڵكو سەربكێشێت بۆ تەواوی ئەڵمانیا. بۆیە زۆر گرنگە خەڵك لە مەترسی ئەو گرووپە ئاگادار بكەینەوە و نەهێڵین نازییەكان هەیمەنەیان زۆرتر بێت".
پێگیدا لە شاری درێسن 15 هەزار كەسی هێنایە سەر شەقام، هەروەها لە شاری بۆن نزیكەی 200 كەس هاتنە سەرشەقام. لە نێو خۆپێشاندەراندا گەنج و پیر و كەسی ئاسایی هەن، لە دروشمەكانیاندا دەڵێن "لە هەر كوێیەك ئیسلام هەبێت، لەو شوێنە دیموكراسی نییە". هەروەها دەڵێن "لە ئەڵمانیا شوێن بۆ ئەڵمانی نەژادەكان نەماوە".
كچێكی تەمەن 22 ساڵ كە لەنێو خۆپێشاندەرانی بزووتنەوەی پێگیدا دروشمی دەگوتەوە بە (رووداو)ی گوت "من دەترسم ئەڵمانی نەژادەكان لێرە نەمێنن، ئەو پەنابەرانەی دێن هەموویان تیرۆریستن، كار وا بڕوات نەژادی ئەڵمانەكان لێرە نامێنێ".
ئەو كچە گوتی كە بە پلەی یەكەم دژی هاتنی ئەفریقییەكانە بۆ وڵاتەكەی "ئەوان دەیانەوێت چێژ لەو ژیانە خۆشەی ئێمە وەربگرن، داوای مافی خۆیان دەكەن. ئێمە ئەم ژیانەمان زۆر بە زەحمەتی بەدەستهێناوە". گوتیشی "بەڵێ‌ من نازیم، دەمەوێت منداڵەكانمان لەو كەسانە بپارێزین كە هەر رۆژێك شوێنێك دەتەقێننەوە".
كار و كردەوەی هەندێك لە پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا، دەنگی ناڕەزایی راسیستەكانی ئەوروپای دلێرتر كردووە، ئەمەش وایكرد لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بێت، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپاش ژمارەیان لەزیادبوونە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی پارتی سوێدییە دیموكراتەكان كە پارتێكی راسیستە بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد.
پیاوێكی قژزەردی چاوشینی ئەڵمانی كە بەشداری خۆپیشاندانی بزووتنەوەی پێگیدای كردبوو، گوتی "من ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئێرە لەبەر ئەوەی ئیسلام لێرە زەرەمان لێدەدات، ئەم سەرپۆش بەسەرانە كێشەن بۆ ئێمە. من دژی سیاسەتی پەنابەرانم، دژی هاتنی ئاوارە موسڵمانەكانم، بەڵام هەر مەسیحییەك  یاخود ئێزیدییەك لە سووریا یان لە كوردستان ژیانیان لەبەر داعش لە مەترسیدا بێت، با بێن بۆ ئێرە و بەخێر بێن سەرچاو".
لە ئەڵمانیا نزیكەی 4.5 ملیۆن موسڵمان دەژین، بەڵام زۆربەیان پابەند نین بە یاسا و رێساكانی ئاینی ئیسلام. بۆیە بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن پێگیدا مایەی شەرمەزارییە بۆ ئەڵمانیا و نابێت رێگە بدرێت بە نازییە رەگەزپەرستەكان ئەم مەسەلەیە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربێنن. 
زۆربەی ئەڵمانەكان دژی ئەم بزووتنەوەیەن و پێیانوایە زیان بە پێكەوەژیانی گەلان لە ئەڵمانیا دەگەیەنێت. لە شاری بۆن بەهەزاران خەڵك دژی پێگیدا خۆپێشاندانیان كرد و رێگەیان لێگرتن بچنە ناو شار. لەسەر سلۆگۆنەكانی خۆپێشاندەرانی دژ بە پێگیدا نووسرابوو بەڵێ بۆ هەمەڕەنگی و نا بۆ نازیزم.
كوردێك كە بەشداری لە خۆپێشاندانی دژ بە پێگیدا كردبوو بە (رووداو)ی گوت "ئەمانە نایانەوێت كەس لەو وڵاتەدا بژیت".
ئێستا پێگیدا بەرپرسانی ئەڵمانیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ژمارەیان رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات، پسپۆڕان دەڵێن هەموو بەشداربووان راستڕەوە توندڕەوەكان نین، داوا دەكرێت پارتی دەسەڵاتدار چاو لە جموجوڵی پێگیدا نەپۆشێت. بەڵام پێگیدا بۆ ئەم دووشەممەیەش ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ خۆپێشاندان.
لەلایەن ئاڵا شاڵی رووداو - ئەڵمانیا

Tuesday, January 28, 2014

په‌ناخوازێكى ئێرانى به‌هه‌ڵه‌ دیپۆرتى عێراق ده‌كرێته‌وه‌


glop
كۆچى كوردان و كۆچ بۆ ئوسترالیا

له‌ وڵاتی سویدیش، پارێزه‌ری ئه‌و په‌ناخوازه‌ به‌رِه‌گه‌ز ئێرانیه‌ی كه‌به‌ هه‌ڵه‌ دیپۆرتی عیراق كرابۆوه‌و ماوه‌ی سی ساڵ به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌ی ته‌زویر له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ به‌ندكرابوو رایگه‌یاند كه‌ سكاڵای یاسایی له‌دژی سوید تۆمارده‌كات.
 
حاج عه‌لی ، ناوی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ ئێرانیه‌یه‌و ئێستا گه‌رِاوه‌ته‌وه‌ سویدو پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ش دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌ڵه‌یان كردووه‌ له‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی به‌ڵام هۆكاری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ حاج عه‌لی له‌ سه‌ره‌تادا وه‌ك په‌ناخوازێكی عیراقی خۆی ناساندوه‌ به‌ ئامانجی هه‌بوونی چانسی باشتر بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی چونكه‌ ئه‌و له‌ كه‌مایه‌تیه‌ عه‌ره‌به‌كانی ئێران بووه‌و توانیوێتی ئه‌و بسه‌له‌مێنێت كه‌ ئه‌و عیراقیه‌، به‌ڵام له‌ پاش بێ ئومێدبوونی له‌ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێـتی وه‌ك عیراقییه‌ك، جارێكی تر به‌ شوناسه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی كه‌ ئێرانی بووه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ سوید كردووه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ سه‌رلێشێوانی له‌لای پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ دروستكردوه‌و به‌ پشتبه‌ستن به‌ شوناسه‌ عیراقیه‌كه‌ی دیپۆرتی عیراقیان كردۆته‌وه‌.

هه‌ژار ته‌ها

Monday, January 20, 2014

لە ئەڵمانیا كچێكی كورد لە ترسی بەزۆر بەشوودان لە ماڵەوە هەڵدێت


كچێكی كوردی دانیشتووی ئەڵمانیا دوای ئەوەی دەزانێت كەسوكارەكەی بە نیازن بەزۆر بەشووی بدەن، لە ماڵ رادەكات و دەچێتە ماڵی پووری، ئێستا ئەو كچە وێڵی دۆزینەوەی كارێك و خانوویەكە بۆ ئەوەی دوور لە كەسوكارەكەی بژی. 

32947image1
هەمیشە بابەتە كۆمەڵایەتییەكانی كوردی ئەوروپا وەكو مەسەلەی نامووس لە هەموو شتێكی دیكە زیاتر لەنێو میدیای ئەو وڵاتانەدا دەنگدەدەنەوە. ئەمجارەش چیرۆكی گوشاری خێزانێكی كورد لەسەر كچەكەیان دەبێتە بابەتی رۆژنامەكانی ویلایەتی با
دێن ڤورتێنبێرگی ئەڵمانیا. ئەو كچە كوردە كە ناوی (ئایلین. ن)ە و تەمەنی 30 ساڵە، بەهۆی گومانەكانی دایكی و هەوڵی بەزۆر بەشوودانی، لە ماڵ هەڵدێت و ئێستا لە ماڵی پووری دەژیت. ئایلین ئێستا لە كار و خانوویەك دەگەڕێت بۆئەوەی تێیدا بژیت و بۆ خۆی بژێوی ژیانی پەیدابكات.

بەپێی میدیا لۆكاڵییەكانی هەرێمی بادێن ڤورتێنبێرگ، ئایلین تاوەكو ماوەیەكی كورت لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەكەی لە ویلایەتی نۆردراین ڤێستفالن دەژیا، ئێستا لە نزیك شارۆچكەی لۆراچە. 

خێزانی ئایلین ساڵی 1970 بۆ مەبەستی كاركردن لە باكووری كوردستانەوە روودەكەنە ئەڵمانیا. بەپێی قسەكانی (ئایلین. ن) خێزانەكەیان وەكو كۆمەڵگای ئەوروپا رەفتاریان دەكرد و هیچ كەسیان سەرپۆش نەبوو منیش وەكو هەموو هەڤاڵانی قوتابخانەكەمان گەورەبووم.  

خێزانەكەم هیچ گوشارێكی لەسەر من نەبوو لەسەر مەسەلەی ئاین وەكو رۆژووگرتن و نوێژكردن، بە هەمانشێوە لەگەڵ هەردوو براكانم. 
تەنیا نەمدەتوانی وەكو كچانی هاوتەمەنم بەشێوەیەكی ئازاد پەیوەندیم لەگەڵ كوڕان هەبێت.‌‌

دایكی گومانی لێدەكات

بە تێپەڕبوونی كات، هەردوو برای ئایلین پەیوەندی خۆشەویستی دروستدەكەن و ژن دێنن. ئەویش دەیەوێ كەسێك بدۆزێتەوە و وەكو ئەوان هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام پەلە ناكات لەو مەسەلەیە.

ئایلین دەڵێت، دوای ئەوەی تەمەنی بووەتە 25 ساڵ، گوشاری دایك و باوكی لەسەری زیادبوون. ئەویش ئەم گوشارە وەكو ‘‘تیرۆری دەروونی‌‌ ناودەبات. ئەو تا ئەوكاتە چاودێری دایك و باوكی دەكرد كە هەردووكیان خانەنشین بوونە.  هەرگیز بیری لە هاوسەرگیری نەدەكردەوە. هەر كەسێكیش پرسیاری بكردایە كە بۆچی شوو ناكات، وەڵامی دەدایەوە كە ‘‘هێشتا قسمەت نەبووە.‌‌ 

بەڵام دایكی گومانی لا دروست دەبێت كە بۆچی كچەكەیان مێرد ناكات و پێیوایە كچەكەیان كچێنی خۆی لە دەستداوە بۆیە نایەوێ شووبكات. ئەوە وادەكات كە دایكی چاودێری تەلەفۆن و شوێنی كاری بكات، هەروەها چاودێری عەدادی ئۆتۆمبێلەكەی بكات بۆ ئەوەی بزانێت رۆژانە چەند كیلۆمەتر رۆیشتووە و بۆ كوێ رۆیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێدەكات بەشداری شایی كوردان بكات بۆ ئەوەی خەڵك بناسێت. 

دایكی لەو باوەڕەدابوو كە بەهۆی شاییەكانەوە دەكرێ كوڕێكی كورد بناسێت و مێردی پێبكات. بەڵام بەهۆی وەڵامە ‘‘نا‌‌یەكەی ئایلین گومانەكانی زیاتر دەبن. بەمشێوەیەش گوشارەكان لەسەر كچەكە زیاددەبن. بەڵام ئایلین هەمیشە ئەو وەڵامە دەداتەوە ‘‘من هەرگیز بۆ دروستكردنی منداڵ شووناكەم.‌‌

فەرمانگەی كار و رۆژنامەكان پشتیوانی دەكەن

دوای ئەوەی ئایلین بڕیاردەدات ماڵەكەیان بەجێبێڵیت، بەبێ ئەوەی هیچ گومانێك دروست بكات پەیوەندی بە ماڵی پووریەوە دەكات و لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنەوە روودەكاتە هەرێمی لۆراچ كە دەكەوێتە سێگۆشەی ئەڵمانیا، سویسرا و فەرەنسا. 

ئایلین ئێستا لە هەرێمی لۆراچە و لە كار و خانوویەك دەگەڕێت. رۆژنامەكانی ئەو ناوچەیەش بەهۆی بڵاوكردنەوەی ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی بەرپرسی فەرمانگەی كار، هاوكاری ئایلین دەكەن.
رووداو - ئەڵمانیا

Tuesday, November 26, 2013

تامی نوێ


IMAGE634652607503771250يودیت نیورینك
سۆپەرماكێتەكە توترك و كەلەرم و كاهوویەكی جوانی هەیە!، هەواڵەكە بەخێرایی بڵاوبۆوە لەفەیسبووك لەكۆمەڵگەی گەشەسەندوو لەكوردستان كەژمارەیەكی زۆر پەنابەرو خەڵكانی بیانی تێدایە كە بەشێوەیەكی كاتی یان بەهەمیشەیی لێرە نیشتەجێبوون.
 
خەڵكی بیانی زیاترو زیاتر روو لەكوردستان دەكەن و كاردەكەن و خواست و داخوازی تایبەت بەخۆیان هەیە. گرنگترینیان دابینكردنی جۆرایەتی خۆراكە بەشێوەكی باشتر. سەرەنجام سۆپەرماكێتەكان بەرهەمی نوێ هاوردە دەكەن و دەخەنەڕوو, لەبەرئەوەی دەزانن كە كڕیاریان بۆ پەیدابكەن و بدۆزنەوە. هەروەك چێشتخانەكانیش خۆراكی هەمەجۆرو زیاتر پێشكەش دەكەن, لەپرسگەكاندا لەهەولێر تەنانەت خۆراكی رۆژئاوایی هەمەجۆر پێشكەش بەئێمە دەكرێن.
 
كاتێك كەشەش ساڵ لەمەوبەر گەیشتمە كوردستان, پێویست بوو خۆم بگونجێنم لەگەڵ ئەو خۆراكانەی كە لەبازاڕدا پێشكەش دەكران, هیچ كەس خۆراكی بۆ من هاوردە نەدەكرد, وەكو حەزوو ئارەزووی من وەك كەسێكی بیانی. دركیشم بەوەكرد, كاتێك كەهەوڵمدا خواردنی رۆژئاوایی ئامادەبكەم, میوانەكانم دڵخۆش نەبوون, لەبەرئەوەی زۆر خوویان گرتووەو راهاتوون لەسەر خواردنی خۆماڵی كوردی.
 
كاتێك كە گەڕامەوە ماڵەوە جانتەكەم پڕ دەكرد لەو خواردنانەی كە تامەزرۆبووم بۆیان, پەنیرو كەرەی باش و نانی جوان. خەریك بوو دەستبەرداری چێشتلێنانیش بم.
 
لەگەڵ هاتنی خەڵكانی بیانی زیاتردا, پێشكەوتن و پەرەسەندنێك دەبینم كەمن لەهۆڵەندا چەندین ساڵ بەرلەئێستا بینیومەو ئاشنای بووم. چێشتلێنانی دایكم سادەو ساكاربوو, لیستی خۆراكەكانی هۆڵەندا بریتیبوون لەپەتاتەی كوڵاو, سەوزە, پلێك گۆشت و شلەیەك كە لەگەڵ پەتاتەكەدا پێشكەش بكرێت. كاتێكیش كە بیبەری سەوزو سوور كەوتە بازاڕەوە, دایكم نەیدەزانی كە چییان لێبكات لەڕووی لێنانەوە بەشێك بێت لەژەمە خۆراكەكانی رۆژانە, بەهەمانشێوە هۆڵەندا دەستیكرد بە بەرهەمهێنانی باینجان و قارچك و كولەكەو سیر, دایكم نەیدەزانی چی لەمانیش بكات؟.
 
كاتێكیش كەڕەچەتەی ئامادەكرنی خۆراكەكانی لەگۆڤارەكان بەكاردەهێنا زۆریدەخایاند تاوەكو سەوزە نوێكانی ئامادە دەكردو ژەمێكی پێدروست دەكرد, هەر ئەوەندەبەس نەبوو كەزاڵ بێت بەسەر نەزانینەكەی خۆیدا, بەڵكو دەبوایە بزانێت كەچۆن منداڵ و هاوسەرەكەی رابهێنێت لەسەر تامی ئەو خۆراكە جۆرە بەجۆرە تازانەی ئامادەیان دەكات.
 
من دەتوانم هەمان شت جارێكی دیكە لەدەوروبەرم ببینم. كورد راهاتوون لەسەر برنج و شلە لەكاتی نیوەڕۆدا. زۆر ئەستەمیشە كە ژەمی خۆراكەكەیان بگۆڕێت، بەڵام دەزانم كە بەتێپەڕبوونی كات جۆرایەتی خۆراكەكە دەگۆڕن.
 
بەنیستبەت هەركەسێك, لەبەرئەوەی كەپێكهێنەری سەرەكی خۆراكەكەیان چەورییە، ناتوانین كەزۆر تەندروست بین لەكاتێكدا كەخەڵك زۆر كەمترو كەمتر دەجوڵێن. ئەوەش هۆكارێك بوو بۆئەوەی كە هۆڵەندییەكان خووی خۆراكی خۆیان بگۆڕن. لێرەش لەكوردستان گۆڕانكاریی بەسەر ژەمی خۆراكدا هاتووە لەبەرئەوەی بەشێكی زۆر لەو كوردانەی لەتاراوگە بوون گەڕاونەتەوە.
 
كوردێك كە لەهۆڵەندا دەژی لەسەر فەیسبووك نووسیبووی زۆر زۆر تامەزرۆی «فریكەندیل»-م وەكو ئاماژەكردن بۆ فاست فودێكی هۆڵەندی, ئەوانی دیكەش وێنەی ئەو خواردنە هۆڵەندیەیان بڵاوكردەوە كە لێیان ناوە. ئێمەش هەموومان ئەو خواردنانەمان كەهی وڵاتی خۆمانە پۆست و بڵاودەكەینەوە كە لەدەرەوەی بازاڕەكانی هۆڵەندا, لەهەولێرو سلێمانی دەیبینین.
 
نەوەی پێشووتر پێدەچێت گۆڕانكاریی ئەنجامبدەن, تەنانەت باوكم هەرگیز فێرنەبوو سیر بخوات، بەڵام سەبارەت بەنەوەی نوێ, تامە نێودەوڵەتییەكە ئێستا لێرە ئاشنایە بەهەمەجۆرایەتی خۆراك ئەوەش دوای چەندین ساڵ لەدابڕان و پەراوێزخستن, كوردستان لەم بوارو لایەنەشەوە بەڕووی جیهاندا كرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
و: له‌ئینگلیزییه‌وه‌، هه‌ژار عوسمان
كوردستانى نوىَ
 

Sunday, May 12, 2013

هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان لای كوردانی تاراوگه‌


ژیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وروپیه‌كاندا له‌سه‌ر سیستمی تاكه‌ كه‌سی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و مرۆڤه‌كان به‌ ته‌نها ده‌ژین و زۆربه‌یان ئه‌گه‌ر خێزانیش دروستبكه‌ن هه‌ركه‌سه‌و هه‌وڵده‌دات تایبه‌تمه‌ندی خۆی بپارێزێت و به‌جیا بۆ خۆی ژیانێكی تایبه‌تی پێكبهێنێت،
 واته‌ ژن و پیاو هه‌ر كه‌سه‌و گیرفان و داهات و كاری تایبه‌تی و ژیان و گوزه‌ران و ئاكاری تایبه‌تی خۆی ده‌پارێزێت و به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری هه‌ر تاكێكی سه‌روو 18 ساڵ خاوه‌ن كه‌سایه‌تی خۆیه‌تی و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا مرۆڤسالاره‌و سه‌روه‌ری خۆی ده‌پارێزێت، مافی هه‌ر تاكێكیش به‌ یاسا رێكخراوه‌، به‌ جۆرێك تاك ئازاده‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و بڕیاردان، ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌ جۆرێك كاری كردووه‌ته‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی كوردانی دانیشتووی وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ هه‌یه‌ یاساكان به‌ ئه‌رێنی له‌ قازانجی خۆی و بۆ خۆشگوزه‌رانی خێزانه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت و هه‌شه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵیدا رێبكات، بۆیه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ژن و مێردی له‌ یه‌كتر جیاكردووه‌ته‌وه‌و وای له‌ هه‌ندێك خێزان كردووه‌ هه‌ركه‌سه‌و به‌جیا سه‌رقاڵی ژیانی خۆی بێت و ئه‌وروپی ئاسا بژین، ئه‌مه‌ش شیرازه‌ی هه‌ندێك له‌ خێزانانه‌كانی تێكداوه‌.
بۆ باسكردنی هۆكاره‌كانی ئه‌و دیارده‌یه‌و لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی، له‌م ریپۆرتاژه‌دا دیداری تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ دوو خێزانی هه‌ڵوه‌شاوه‌ كردووه‌و هه‌ریه‌ك له‌ (نه‌جیبه‌ مه‌حمود) رووناكبیرو به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینی گۆڤاری سه‌رده‌می ژن له‌ وڵاتی سویدو (یاسین شێخ ساڵح) رۆشنبیرو چالاكوانی بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ نه‌مساو (تارا توانا) چالاكوانی بواری مافه‌كانی ژنان له‌ سویدو (به‌یان ناسیح) چالاكوان و راوێژكاری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ فه‌ڕه‌نسا تێڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ ده‌ربڕیوه‌.
هاووڵاتی (نه‌وزاد.ح) ی ته‌مه‌ن 52 ساڵان له‌ كوردستان كاسبكار بووه‌و ماوه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژی و دوو كوڕو كچێكی هه‌یه‌، 5 ساڵیشه‌ له‌ ژنه‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌شت ساڵی یه‌كه‌م كێشه‌ی ئه‌وتۆمان نه‌بوو، هه‌ر بۆڵه‌مان هه‌بوو، دواتر پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ زیاتر مانه‌وه‌مان هه‌ستم ده‌كرد ژنه‌كه‌م هه‌ر رۆژه‌ی بیانوویه‌كی پێده‌گرتم، ئه‌گه‌ر منیش قسه‌م بكردایه‌ پۆلیسی ده‌هێنایه‌ ماڵه‌وه‌و بوختانی بۆ ده‌كردم كه‌ گوایه‌ لێم داوه‌و له‌گه‌ڵی خراپم، تا دواجار وایلێهات كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ نێوانمان دروستبوو، دوایی و 28 ساڵ ژن و مێردایه‌تی له‌سه‌ر داوای ئه‌و له‌یه‌كتر جیابووینه‌وه‌.
ئه‌و له‌ قسه‌كانیدا هۆكاری جیابونه‌وه‌كه‌ی خسته‌پاڵ (ژیان.م) ی كۆنه‌ هاوسه‌ری، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌و خاتوو (ژیان- ی ته‌مه‌ن 46 ساڵان) كه‌ له‌ كوردستان مامۆستای سه‌ره‌تایی بووه‌، ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی له‌و وڵاته‌ رۆژ تا ئێواره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خه‌ریكی تاوڵه‌و دۆمینه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانیدا، كارو كاسبی نه‌ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ جۆرێك هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد كه‌ ئێمه‌ دیلی به‌رده‌ستی ئه‌وبین، من به‌ موچه‌ی مامۆستایه‌تی خێزانه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ده‌بردو ئه‌ویش له‌ گه‌ڕان و سوڕان و كه‌یف و سه‌فای خۆی خه‌رجی ده‌كرد، ئه‌وسا له‌به‌ر عه‌یبه‌و قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و دانم به‌خۆمدا ده‌گرت، كه‌ هاتینه‌ ئێره‌ش هه‌ر به‌هه‌مان ره‌فتاری جارانی ئێمه‌ی كردبووه‌ خزمه‌تكاری خۆی و هه‌ر كه‌ خوا رۆژی ده‌كرده‌وه‌ به‌دیار ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ر داده‌نیشت و ده‌بووایه‌ ئێمه‌ش خزمه‌تی بكه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌س نه‌یده‌وێرا قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، منداڵه‌كان گه‌وره‌بوون ئه‌گه‌ر ئێواره‌یه‌ك دره‌نگ بهاتبانه‌وه‌ ده‌یكرده‌ هه‌راو كیشه‌ی زۆری بۆ دروستده‌كردین، زۆرمان پێوت ئێره‌ وه‌ك كوردستان نیه‌و نابێت به‌مجۆره‌ ره‌فتارمان له‌گه‌ڵ بكه‌یت، به‌ڵام بێسوود بوو، سه‌ره‌نجام بڕیارمدا له‌ یه‌كتر جیابینه‌وه‌، ئێستا زۆر به‌ ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و ئه‌ویش بۆ خۆی به‌جیاو ده‌ڵێن چووه‌ته‌وه‌ كوردستان و له‌وێ ژنی هێناوه‌ته‌وه‌.
هه‌روه‌ها خاتوو (نیان.ك-ی ته‌مه‌ن 26 ساڵان) كه‌ ماوه‌ی 7 ساڵه‌ كوردستانی جێهێشتووه‌و دوو ساڵیشه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌، كه‌ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ خوێندكاری زانكۆ بووه‌، ئه‌وكات مێرده‌كه‌ی معامه‌له‌ی بۆ كردووه‌و بردویه‌تیه‌ سوید، له‌ نێوانی ئه‌و ژنه‌و (عه‌دنان.س-ی ته‌مه‌ن 40 ساڵان)ی مێردیدا جیاوازییه‌كی زۆری ته‌مه‌ن به‌دیده‌كرێت،پیاوه‌كه‌ ده‌ڵیت: له‌ كوردستان كه‌ چوومه‌ داوای خۆی و ماڵی باوكی به‌ هه‌موو شتێك رازی بوون، ته‌نها له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل خۆم بیبه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام كه‌ هاته‌ ئێره‌و چاوی كرایه‌وه‌ به‌ یاساو ماف و شێوه‌ ژیانی ئێره‌ به‌ شێوه‌یه‌ك لێم هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌یویست له‌ ماڵه‌كه‌م ده‌رم بكاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ جۆرێك له‌ خۆبایی بووبوو كه‌ هه‌رچی له‌ كاسبی دوكانه‌كه‌م ده‌ستم ده‌كه‌وت بۆ ماڵی باوكی ده‌نارد، جگه‌ له‌مانه‌ش به‌هیچ جۆرێك سیقه‌م پێی نه‌مابوو، تا وایلێهات به‌ سه‌لامه‌تی له‌ یه‌كتری جیابووینه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌مان خه‌ریكی ژیانی خۆمانین.
له‌ به‌رامبه‌ریشدا خاتوو (نیان) ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌و له‌به‌ر ئه‌و شووكردنه‌ی نه‌یتوانیوه‌ خوێندنه‌كه‌ی ته‌واوبكات، بۆیه‌ له‌ سوید سه‌رله‌نوێ دوای خوێندنی زمان چووه‌ته‌وه‌ زانكۆو كۆمه‌ڵێك هاوڕێی بیانی و سویدی كوڕو كچی هه‌یه‌، جارجاره‌ له‌ گه‌ڵیان ده‌چێته‌ گه‌شتوگوزارو سینه‌ماو ئه‌م لاو ئه‌ولا، به‌ڵام پیاوه‌كه‌ی پێی ناخۆشه‌و رێگری لێده‌كات و هه‌ندێكجار توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌كارهێناوه‌، ئه‌و وتی: كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌ دیموكراسیترین وڵاتدا ده‌یه‌وێت ئازادییه‌كانم لێبستێنێت و هه‌ر بۆ ئه‌و بژیم، منیش مرۆڤم و ده‌مه‌وێت وه‌ك سویدییه‌كان خۆش بژیم، بۆیه‌ دوای چه‌ندین گفتوگۆی پۆلیس و دادگا ئیدی بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ناتوانین به‌ یه‌كه‌وه‌ بژین، بۆیه‌ هه‌ركه‌سه‌ر له‌ ماڵی خۆمان.
جیاوازی ته‌مه‌ن
بۆ باسكردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌و ده‌یان دۆسیه‌ی تری خێزانه‌ كورده‌كان و هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ (به‌یان ناسیح) وتی: به‌پێی ئه‌زموونی كاره‌كه‌م ده‌توانم بڵێم كێشه‌ی خێزانه‌ كورده‌كان هیچ جیاو‌ازییه‌كیان نییه‌ خێزانه‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات، خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سوكار‌ پشتیوانی له‌ ژنه‌كه‌ ناكه‌ن بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌به‌ر عه‌یبه‌و قسه‌ی خه‌ڵكی، ترس له‌ ئابڕوچوون و ناموسی خێزان ده‌بێته‌ خه‌مێكی گه‌وره‌، هه‌ڵبه‌ت جیابوونه‌وه‌ی دوو كه‌س هه‌موو كاتێك پێشینه‌ی هه‌یه‌و هه‌رگیز له‌ پڕێكدا روونادات، سه‌ره‌تا پرۆسه‌ی هاوسه‌رگرتن له‌ناو هه‌ره‌ زۆری خێزانه‌كاندا پرۆسه‌یه‌كی زۆر بێ بنه‌مایه‌و له‌سه‌ر بنچینه‌ی خۆشه‌ویستی و یه‌كترناسین دروست نه‌بووه‌، كه‌سه‌كان ئازاد نین له‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌كتردا، تائێستاش هه‌ر كه‌سوكار كچ و كوڕ بۆ یه‌كتر ده‌دۆزنه‌وه‌و بڕیاری زۆربه‌ی هاوسه‌رگیریه‌كان لای خزمه‌كانیانه‌‌، كڕین و فرۆشتن له‌ناو بازاری ژن هێنان و شووكردندا هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی ناته‌بایی بۆ زۆر خێزان دروستده‌كات، ناته‌بایی نایه‌كسانی ژن و پیاوه‌كه‌ هۆیه‌كی تره‌ به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپا ژیاون، زۆربه‌ی كات كچێكی له‌ خۆیان منداڵترو بێئه‌زموونتر هه‌ڵده‌بژێرن، نه‌بوونی شتی هاوبه‌ش له‌ نێوان ژن و مێرده‌كاندا خاڵێكی تره‌ كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ هیچ شتێكیان نییه‌ پێكه‌وه‌ باسی كه‌ن، نه‌بوونی كلتووری گفتوگۆكردنیش هۆكاری تره‌، توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژن هۆیه‌كی گرنگی جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌كانه‌، لێدانی جه‌سته‌یی، كه‌مكردنه‌وه‌و ئیهانه‌كردن، جنێودان، رێگه‌پێنه‌دانی ژنه‌كه‌ له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، توندوتیژی ده‌روونی، توندوتیژی سێكسی له‌ناو په‌یوه‌ندی هاوسه‌ریداو به‌ زۆر سێكسكردن له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌دا، ئه‌مانه‌ هه‌موویان هه‌ریه‌كه‌یان هۆكاری تایبه‌ت.
سیستمی پیاوسالاری
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ (یاسین شێخ ساڵح) پێیوایه‌ كه‌ تاكی كورد خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی و عادات و ئه‌قالیدی و دینی چه‌قگرتووه‌ كه‌ له‌ كاتی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دێنه‌وه‌ هه‌مان خاڵی ده‌ستپێكردن، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌ش یان وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موسوڵمان، كه‌ ئه‌مانه‌ش هۆكاری سلبی و ئیجابی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هۆشیاری و تێگه‌یشتنی تاكی كورد له‌ تاراوگه‌ كه‌ له‌ ژیانی پێشوودا له‌ دنیایه‌كی پیاوسالاریدا ژیاوه‌و كه‌ دێته‌ تاراوگه‌ش ده‌یه‌وێت هه‌مان سیستم و ریتم پیاده‌بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو دنیای جیاوازو دوو كلتووری نامۆو سروته‌ ئایینیه‌كان و چه‌ندین جیاوازی تر كه‌ دروستكه‌رو خوڵقێنه‌ری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، سه‌رقاڵی پیاوان یان ژنان بۆ به‌ كاری ده‌ره‌وه‌و په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان كه‌ هۆكارێكی تری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، چونكه‌ زۆرترین هه‌ردوولا كاتی ژیانیان ده‌به‌خشنه‌ كاره‌كانیان و كه‌مترین كات له‌گه‌ڵ خێزاندا به‌سه‌رده‌به‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ نه‌مانی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌ نێوان خێزانه‌كاندا، ئه‌مانه‌ كێشه‌ن، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی پاراستنی ناموس یان شه‌ره‌ف به‌داخه‌وه‌ زۆرجار كاره‌ساتی جه‌رگبڕی لێده‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌ولاوه‌ش داهات و سه‌روه‌ت و مووچه‌ی جیا ئه‌مانه‌ هه‌موویانن هۆكارن.
خاتوو (تارا تواناش) وایده‌بینێت كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تاكه‌كه‌س له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه‌ ئازادتره‌ بێگومان شێوه‌ی خێزان دروستكردنیش ده‌گۆڕێت شانبه‌شانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگادا دروستده‌بێت، دیموكراتی و یه‌كسانی له‌ كۆمه‌ڵگادا دوو فاكته‌ری ترن بۆ دروستكردنی خێزان، هه‌ر كاتێك تاكه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا رێیان نه‌كرد تووشی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌و سه‌ره‌نجام لێكجیابوه‌نه‌وه‌ رووده‌دات.
سه‌ربه‌خۆیی دارایی
هه‌روه‌ها خاتوو نه‌جیبه‌ وتی: گه‌رچی ئامارێك نیه‌ تا وه‌ك بنه‌مایه‌ك پشتی پێببه‌ستریت بۆ زانینی رێژه‌ی جیابونه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام به‌ گشتی ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌یه‌، هۆكاریش زۆرن، بۆ خۆی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌لای ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست پێكنایه‌ت، به‌ڵكو به‌پێی رێككه‌وتنی خێزانه‌كانی كوڕه‌و كچه‌ بڕیار له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی قسه‌ی نیه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی پێكهینانی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ كوڕو كچه‌كه‌ خۆیانن، له‌ كاتێكدا په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی ئه‌و دوو كه‌سه‌وه‌ هه‌یه‌، زۆرجار بۆ پێكهێنانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری، بیر له‌ بنه‌ماڵه‌، پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی بووه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و رێزو خۆشه‌ویستی دروست نه‌بووه‌، كاتێك دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات فرسه‌ت بۆ تێگه‌یشتن و هۆشیاربوونه‌وه‌ زۆره‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ كردنه‌وه‌ی چاو و گوێچكه‌، به‌ ژن و پیاوه‌وه‌، هه‌موو ره‌فتاره‌كان ده‌خرێنه‌ژێر پرسیاره‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئاسان نییه‌ بۆ كورد كه‌ رانه‌هاتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازادی بیروڕایه‌و ده‌گاته‌ سنووری له‌یه‌ك تێنه‌گیشتن و قبووڵنه‌كردنی ئه‌و ژیانه‌، هاوكات لایه‌نی ئابووریش رۆڵی هه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا هیچ كات ژن و پیاو پێویستیان به‌یه‌ك نیه‌ تا له‌ پێناویدا بژی و مه‌جبوور بێت ئه‌و ژیانه‌ قبوڵبكات، مافه‌كانیش لێره‌دا له‌ رووی یاساییه‌وه‌ پارێزراون واته‌ یاساكان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان هه‌ر كه‌سه‌و به‌ ته‌نها بژین.
كلتوور وه‌ك كێشه‌
ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كانی تاراوگه‌ له‌ دووڕیانێكدان نه‌ده‌توانن وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان بژین و ره‌فتار به‌ كلتووری خۆیان بكه‌ن، نه‌ ده‌شتوانن وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌كانی خانه‌خۆیی ئه‌وروپی بژین و تێكه‌ڵییه‌ك دروستبكه‌ن.
له‌سه‌ر ئه‌و باسه‌ش خاتوو (نه‌جیبه‌) رایوایه‌ كه‌ خێزانه‌ كورده‌كان له‌هه‌ر كوێیه‌ك بژین كاریگه‌ری ئه‌و كلتوورو دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تسیه‌یان هه‌ر له‌سه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا یاسا بۆ هه‌مووان یه‌كسانه‌و مافی تاك پارێزراوه‌، ئه‌گه‌رچی یاساو رێساكان له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كاندایه‌، به‌ڵام كورده‌كان ناتوانن خۆیان له‌و په‌روه‌رده‌ كلتوورییه‌ رزگار بكه‌ن كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ پێی گۆشكراون واته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌زی ئه‌رك و مافه‌كانیان بۆ دیاریكراوه‌، بۆیه‌ ئاسان نیه‌ كار به‌و یاساو رێسایانه‌ی ئێره‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ره‌فتار بكه‌ن، پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ یاسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ منداڵییه‌وه‌ كاری پێده‌كات، بۆیه‌ ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ كلتووری ئه‌و وڵاته‌ بگونجێنن، هه‌میشه‌ خۆیان به‌دوور ده‌گرن، ناتوانن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشیان هه‌ڵبكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دواوه‌، لێره‌دا تووشی جۆریك له‌ سه‌رلێشیواوی ده‌بن، ئه‌مه‌ش گشتگیر نیه‌ له‌سه‌رهه‌مووان، هه‌یه‌ زۆرباش خۆی گونجاندووه‌و هاوكات كلتووری خۆشی پاراستووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌.
خاتوو (به‌یان) له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ رایه‌كی جیاوازی هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی خۆگونجاندن په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان نیه‌و ده‌ڵێت: من پێم وانیه‌ ژن و مێرده‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ لێكجیاببنه‌وه‌، گرنگه‌ ئه‌وه‌ به‌بیر خۆماندا بهێنیه‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك ناچار ناكرێت كلتووری ئه‌وروپیه‌كان هه‌ڵگرێته‌‌وه‌، كلتووری ئه‌م وڵاتانه‌ش یه‌ك جۆر نیه‌، به‌ڵكو به‌ سه‌ده‌ها نۆرم و شێوه‌ی جیاواز هه‌یه‌، له‌و وڵاتانه‌دا تاكه‌كه‌س مافی بڕیاردانی هه‌یه‌، به‌ بۆچوونی من ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وجۆره‌ خێزانانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌گبه‌یه‌ی به‌ كۆڵیانه‌وه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ بیروبۆچوونانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤ و تا رێزگرتن له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ناگرێته‌وه‌، له‌و وڵاتانه‌ی یاسا سه‌روه‌ربێت هه‌موو شێوه‌ كۆیله‌تییه‌ك ره‌تده‌كرێته‌وه‌، له‌ تاراوگه‌ كه‌سانێكی زۆر هه‌ن له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز ژیانێكی خۆش و باشیان بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان دروستكردووه‌و سوود له‌ شته‌ باشه‌كانی وه‌رده‌گرن.
به‌هه‌مانشێوه‌ خاتوو تاراش پێی وانیه‌ كه‌ خێزانه‌ كورده‌كان ئه‌و كێشه‌یان هه‌بێت و ده‌ڵێت: نازانم ئێوه‌ چ فاكته‌یه‌كتان لا هه‌یه‌ كه‌ پشتی پێببه‌ستن كاتێك باس له‌ سه‌رلێشێوانی ئه‌و كوردانه‌ ده‌كه‌ن، من تائێستا ئاگاداری ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیانه‌ نیم كه‌ ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن، بێگومان دروستبوونی ژیانی خێزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر دیدو تێڕوانینی تاكه‌كه‌سه‌كان واته‌ ژیانێكی پێناسه‌كراوی ستاندارد نیه‌ كه‌ تایبه‌ت بێت ته‌نیا بۆ ئه‌وروپیه‌كان، پێكهاته‌ی دروستبوونی خێزانی هه‌میشه‌ له‌ گۆڕانكاریدایه‌ له‌ هه‌موو دنیاو به‌ تایبه‌تیش له‌ ئه‌وروپا، ئێستا خێزانی ئه‌وروپی شێوه‌ی جیاوازی هه‌یه‌، دایك و باوكێك له‌گه‌ڵ منداڵاكانیان یان دوو كه‌سی هۆمۆسێكسوێل (یه‌ك ره‌گه‌ز) كه‌ پێكهاتوون له‌ دوو باوك به‌یه‌كه‌وه‌ یان دوو دایك پێكه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ دوو منداڵیان هه‌بێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌كێكیان هه‌ڵگرتبێته‌وه‌و یه‌كێكی تریان خۆیان دایك یان باوكی بن به‌ یارمه‌تی خێزانێكی تر، له‌ كاتێكدا فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی نه‌بێت له‌سه‌ر تاكه‌كه‌س و مرۆڤ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ئازاد بێت بێگومان خۆشه‌ویستی رۆحی ده‌بێته‌ كۆڵه‌یه‌كی گرنگ بۆ دروستكردنی خێزان، واته‌ خۆشه‌ویستی سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات به‌ ژن و پیاو و ده‌یانكات به‌ دوو كه‌سی هاوشان و یه‌كسان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش تاكه‌كه‌سه‌كان به‌ دوای كه‌سێكی تایبه‌تدا ده‌گه‌ڕێن و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری دروستبوونی په‌یوه‌ندی.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ شێخ یاسین وتی: په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت (كه‌ چویته‌ شاری كوێران ده‌ست به‌ چاوته‌وه‌ بگره‌) به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ره‌وه‌ندی كوردی تاراوگه‌ تا رادده‌یه‌ك توانیوێتی پارێزگاری له‌ بونیادی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بكات، هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كانی تریش كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وروپیه‌كاندا ده‌ژین توانیویانه‌ ئه‌و سیمایه‌ی خۆیان بپارێزن، كورد توانیوێتی له‌م بواره‌دا رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕێت و ناسنامه‌ی خۆی و به‌شێك له‌ شێوه‌ جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و هونه‌ره‌كه‌ی و ناسنامه‌ی كوردی خۆی به‌ده‌ره‌وه‌ بناسێنێت، ژیانیش هه‌میشه‌ له‌ گۆڕانكاریدایه‌و ئه‌وه‌ش پێویستییه‌كی ژیانه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون تا مرۆڤ بتوانێت له‌گه‌ڵ ژیاندا هه‌ڵبكات، ره‌وه‌ندی كوردی له‌ تاراوگه‌ هه‌ریه‌كه‌و له‌گه‌ڵ كلتوورێكی جیا له‌ خۆی ده‌ژی هه‌ر بۆیه‌ ناتوانێت وه‌كو ئه‌وانه‌ی كوردستان بژین كه‌ دوو دنیای زۆر له‌ یه‌كدی جیاوازن و ئه‌و هۆكاره‌ش یه‌كێكی تره‌ له‌و هه‌لوه‌سانه‌وه‌یه‌ی كه‌ ته‌وه‌ری باسه‌كه‌مانه‌.
چ بكرێت باشه‌
ئه‌رك و مشووری خواردنی ئه‌م دیارده‌یه‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو له‌ ئه‌ستۆی كێدایه‌؟ چ بكرێت باشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ كه‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌نێو كوردانی تاراوگه‌دا؟ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، ده‌زگا رۆشنبیریه‌كان چییه‌؟ بۆ ئه‌مه‌ش شێخ ساڵح پێیوایه‌ كه‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ پردێكی به‌هێزی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ره‌وه‌ندی كوردی و ناوه‌وه‌ی وڵات دروستبكرێت، بۆیه‌ هه‌موو كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌ رێگایه‌كی یاسایی ده‌چێته‌وه‌ به‌رده‌می دادگای وڵاتی خانه‌خوێی و دواجار مه‌مه‌ڵه‌یه‌كی یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش دووره‌ له‌ ویستی خواسته‌كانی ره‌وه‌ندی كوردی، ئه‌گه‌ر ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بیانه‌وێت سنورێك بۆ كێشانه‌ دابنێن ده‌بێت چه‌ترێك بۆ كوردانی تاراوگه‌ به‌بێ جیاوازی فكری سیاسی و حزبایه‌تی دروستبكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ری حه‌تمی نیه‌ به‌ڵام به‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز تا راده‌یه‌ك ئومێدو ئارامی به‌خشده‌بێت بۆ ره‌وه‌ندی كوردی و ده‌بێته‌ ده‌روازیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر.
خاتوو تارا وتی: زانیاری ته‌واوم نیه‌ كه‌ قه‌باره‌ی جیابونه‌وه‌ چه‌نده‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ گوێم له‌ رۆشنبیران ده‌بێت كه‌ رێژه‌ی ته‌ڵاق به‌ چاوێكی ره‌خنه‌وه‌ سه‌یرده‌كه‌ن، من پێموایه‌ ئازادی ئابووری رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌و دیاریده‌یه‌دا پاشان وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێداوه‌ تێڕوانین بۆ خێزان دروستكردن هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا، بێگومان كوردیش وه‌ك كۆمه‌ڵگاكانی تر كاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌و وڵاتانی تری به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، پێموایه‌ كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌ له‌ پلاندان بۆ كارئاسانی پێكه‌وه‌ ژیان و جیابوونه‌وه‌، چ بكرێت بۆ رێگا ئاسانكردن و بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌ یان خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ رێزه‌وه‌ له‌یه‌ك دووربكه‌ونه‌وه‌و چۆن حكومه‌تی خۆمان پلانی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ نه‌بێته‌ سوته‌مه‌نی ده‌ستی دایك و باوكه‌ لێكجیابووه‌وه‌كان و ژیانێكی خۆش و ئارامیان بۆ دابینبكات.
گۆڕینی سیستمی ژیان
خاتوو به‌یان-یش ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به‌رنامه‌ی زانستی بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌بێت به‌وانه‌ی تاراوگه‌شه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێت: به‌داخه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌ كه‌ كار بۆ گۆڕینی ئه‌و نۆرمانه‌ ناكرێت كه‌ په‌یوه‌ندی هاوسه‌ری له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگا هه‌وڵی گۆڕینی سیستمی ژیان بده‌ن.
خاتوو نه‌جیبه‌ش داكۆكی له‌ بیروڕای ئه‌وان ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌و بارودۆخه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌ی پێشینه‌یه‌ تووشی تاكه‌كان و خێزانه‌كان ده‌بن، ده‌بێت حكومه‌ت پلانی هه‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ بۆ تاك، تا بتوانن پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌ما ئینسانییه‌كه‌ پێكبێت، پێوسته‌ ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ تایبه‌تی وه‌زاره‌ته‌كانی دادو كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌، پلانی هاوبه‌شیان هه‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كان و دیاریكردنی رێگه‌چاره‌سه‌ره‌كان، به‌ رای من تا پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری شێوه‌ی نۆرماڵ و سروشتیه‌كه‌ی خۆی وه‌رنه‌گرێت كه‌س ناتوانیت رێگری له‌ جیابوونه‌وه‌ بكات، ته‌نها به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری و یاسا ده‌توانیت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ رێكبخات، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا خۆشه‌ویستییه‌كی سروشتی راسته‌قینه‌ به‌بێ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نه‌بووه‌ له‌ نێوان ژن و پیاواندا.
له‌ كۆتاییدا خاتوو به‌یان وتی: ئه‌گه‌ر دوو كه‌س كێشه‌ی په‌یوه‌ندیان هه‌بوو و له‌هه‌مانكاتدا بیانه‌وێت به‌یه‌كه‌وه‌ بژین ده‌بێت بتوانن داوای یارمه‌تی له‌ خه‌ڵك و ده‌زگای پرۆفیشیناڵ بكه‌ن تا كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان بكه‌ن، توندوتیژی كاتێك یه‌كێك توندوتیژی به‌كارده‌هێنێت با خێزانه‌كان پشتی ده‌ستدرێژكه‌ر نه‌گرن به‌ڵكو هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بده‌ن په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكی شاره‌زا بكات و یارمه‌تی وه‌ربگرێت، هوشیاركردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان به‌وه‌ی چیتر به‌ ئاره‌زووی خۆیان هاوسه‌ر بۆ كچ و كوڕه‌كانیان نه‌دۆزنه‌وه‌ به‌ڵكو لێگه‌ڕێن با بڕیاری ئه‌و دوو كه‌سه‌ بێت، با كه‌سوكاری ئه‌و ژنانه‌ی ژیانیان له‌ ئه‌وروپا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ پشتیوانیان لێبكه‌ن، دوا تێبینیم ئه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن بڵێن ئه‌وه‌ "خه‌تای ژنه‌ كه‌ دێته‌ ئه‌وروپاو وا ده‌زانێت هه‌موو شتێك به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌بێت"، ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی راست نییه‌ له‌سه‌ر ژنی كورد له‌ ئه‌وروپا، زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه‌ منداڵیان هه‌یه‌و به‌ هیوای ژیانێكی باشتر بوونه‌ بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان‌، تائێستاش چه‌ندین ژنی كورد كه‌ خاوه‌نی منداڵ بوونه‌ دوای جیابوونه‌وه‌یان له‌ مێرده‌كانیان‌ كوژراون، ژن هه‌یه‌ خۆی كوشتووه‌، چونكه‌ كه‌سوكاری له‌ كوردستان رازی نه‌بوونه‌ له‌ مێردیان جیاببنه‌وه‌، به‌هیوام ئه‌م كێشانه‌ رووی راستیان ده‌ركه‌وێت و به‌ به‌رده‌وامی قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت..
له‌ كۆتاییدا به‌شداران هاوڕابوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كیسه‌كانی كۆمه‌ڵگا چ ئه‌وانه‌ی له‌ناو كوردستان ده‌ژین و چ ئه‌وانه‌ی له‌ تاراوگه‌و هه‌نده‌ران ده‌بێت پلانی زانستی داڕێژراو هه‌بێت و هه‌موو پێكه‌وه‌، حكومه‌ت، رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ، رۆشنبیرو رووناكبیران، كاری بۆ بكه‌ن و نه‌خۆشییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن، هه‌وره‌ها پێیان وابوو كه‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی مایه‌ی چاره‌سه‌ربووونی 
هه‌موو ئه‌و كێشانه‌یه‌.

Thursday, May 2, 2013

هوشیارکردنەوەی لاوان لە مەترسیەکانی کوجی نایاسايى


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

لە دریژەی کار و جالاکیەکانی سەنتەری سلیمانی ریکخراوی ئازادی لاوان بە هاوکاری ستات و لەلایەن جالاکوان هەژار تەها سیمیناریکی سازکرد لەژیر نلونیشانی بو هوشیارکردنەوەی لاوان لە مەترسیەکانی کوجی نایاسای و کوجی گەنجنی کورد بو هەندەران... ئەم سمینارە جەندین بابەتی گرنگ تاوتوی کرا و بەژداران برینی بون لە جەند گەنجیکی کورد ک ئامادەی سیمسنارەکە بوون لە هولی سەنتەری سلیمانی ریکخراوی ئازادی لاوان..

Monday, February 18, 2013

زەنگ لێدەدەم بۆ براكانم


زەنگ لێدەدەم بۆ براكانم Jag ringer mina bröder،  ناونیشانی شانۆگەرییەكە كە لە رۆژانی رابردوو لە ستۆكهۆڵمی ڵایتەختی وڵاتی سوید نمایشكرا.

بڕیارە شانۆگەرییەكە لە چەند شارێكی وڵاتی سویدو چەند وڵاتێكی تر نمایشبكرێت و  وەربگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی، كە كاردۆ رەزازی،  كوڕی هونەرمەند ناسری رەزازی رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕێت.

لەبارەی شانۆگەرییەكەوە كاردۆ رەزازی بە PUKmedia ی راگەیاند: ئەو شانۆگەرییە لەچوارچێوەی ڵڕۆژەیەكدایە كە چوار وڵات بەشدارن ئەوانیش  "سوید، هۆلەندا، بەریتانیا، توركیا"ن   هەر وڵاتەو بە  شانۆگەرییەك  باس لە یەكێك لەكێشەكانی  ئەمڕۆی وڵاتەكەی دەكات.

زەنگ دەكەم بۆ براكانم،  باس لە گەنجێكی بێگانەی دانیشتووی وڵاتی سوید   بەناوی ئامۆڕ دەكات، چوار ئەكتەر رۆڵی تێدا دەبینین.

بەسەرهاتی شانۆگەرییەكە باس لە رووداوێكی دوو ساڵ لەمەوبەر دەكات، كاتێك كەسێكی بیانی لە ستۆكهۆڵم خۆی تەقاندەوە "ئامۆڕ" لە رێگای هاوڕێكانیەوە بە هەواڵەكە دەزانێت و دواتر بۆی دەردەكەوێت كە كەسی ئەنجامدەر كەسێكی سەر رەشە، تا وایلێدێت تووشی بارودۆخێكی دەروونیدەبێت "ڵارانۆید"و هەردەم ڵەشۆكاو دەبێت و لە خەیاڵی خۆیدا وادەزانێت سویدیەكان بەچاوێكی خراڵەوە سەیری دەكەن،  تا لەكۆتاییدا دەڕوات و وندەبێت نازانرێت كۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت یان نا؟

جێگەی ئاماژە ڵێكردنە، كاردۆ رەزازی دەرچووی  هونەرە لە وڵاتی سوید، لەئێستادا  ناوێكی دیاری هونەری سویدییەو چەندین بەرهەمی هونەری سەركەوتووی بە زمانی  سویدی هەیەو كوڕی هەردوو هونەمەندی گەورە  مەرزییەی فەریقی و ناسری رەزازییە،  كارە هونەرییەكانی لە میدیا سویدییەكان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووەو بەگرنگییەوە باس لە چالاكییە هونەرییەكانی دەكرێت، كە توانیویەتی لە هونەری سویدیدا ئاوێتەبونێك لەگەڵ نەتەوەكەی بكات.

PUKmedia  زانا گەڵاڵی - سوید

Thursday, January 3, 2013

ئۆباماى ئوسترالیا

 دکتۆر بورهان ئەحمەد

کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

دایکى پەنابەرێکى سوودانى لە ئوسترالیا لەئێستادا لە بارودۆخێکى سەختدایە بەهۆى لەدەستدانى کچەکەیەوە. لەدەستدانى کچەکەى بەهۆى شەڕى وێرانکەرى ناو وڵاتەکەى خۆیەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندى بە شێوازى مامەڵە کردنى بوو لەو وڵاتە نوێیەدا کە ئێستا تێیدا نیشتەجێن ئەویش ئوسترالیایە.
ئەو پەناخوازە بەبێ ڕەزامەندى دایکى بەشدارى لە ئاهەنگێکدا کردبوو، بەمەش دایکى توڕە بوو بوو و داواى لە پۆلیس کردبوو کچەکەیان بگرێت. کاتێک پۆلیسەکان هاتبوونە بەردەرگاى پێى ڕاگەیاندبوون کە لەڕووى جەستەییەوە سزاى داوە و ئەوانیش کچەکەیان گرتبوو. 
ئەمە نمونەیەکە لە چەندین نمونەى تر لە وڵاتانى بیانیدا و لە ئوسترالیا بەتایبەت ڕوودەدات کە پەناخوازەکان لەگەڵ ژینگەى نوێدا ڕانایەن بۆیەشە خۆیان و دەوروبەریشیان تووشى گرفت دەکەن.
بەڵام ئەو خۆگونجاندنە بەشێوەى ئیجابیش هەیە بۆنمونە دکتۆر بورهان ئەحمەد کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانى ئەفریقا لە مێڵبۆرن، توانیویەتى زۆر باش خۆى بگونجێنێت لەگەڵ ئوسترالیادا. تەنانەت هەندێجار بە ئۆباماى ئوسترالیا دەناسرێت.
ئەو خۆیشى ئاماژە بەوە دەدات کە پەناخوازە نوێیەکان هەمیشە ڕەچاوى بارودۆخى تایبەتیان دەکرێت لەلایەن حکومەتى ئوسترالیاوە، ئەمەش تاوەکو لەگەڵ ژینگەى نوێدا دەگونجێن. دکتۆر ئەحمەت 25 ساڵ لەمەوبەر هات ب ئوسترالیا وەکو پەناخوازێک لە ئەریتریاوە ئەمەش لەکاتێکدا شەڕى خوێناوى لە وڵاتەکەیدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەدا دەرفەتى گەورەى لە ئوسترالیا بۆ هەڵسورا بەڵام هێشتا ڕایدەگەیەنێت کە ئوسترالیا پێویستە دەرفەتى گەورەتر و تێکەڵبوونى کەلتورى و فەرهەنگى زیاتر بۆ پەناخوازەکان دابین بکات. 
بورهان لەسەرەتادا لەکارى زۆر سادەو بچووکەوە دەستى پێکرد تاوەکو ئەوەى بوویە ئەکادیمییەک لە زانکۆى میڵبۆرن. 
لە ساڵى 2009دا وەکو کەسایەتى ساڵى ڤیکتۆریان هەڵبژێررا، ئەمەش بەهۆى ئەو کارە سەرنجڕاکێشانەى ئەنجامیداوە لە مێڵبۆرن. 
جێگەى باسە دکتۆر بورهان لە 1987 هاتە ئوسترالیا و بەکالۆریۆسى لە زانکۆى ئەلئەسکەندەریە لە میسڕ بەدەستهێنا بوو. و لەگەڵ گەیشتینیشیدا بەختێکى باشى هەبوو کە توانى بەزوویى ببێتە کارمەندێک لە حکومەتى ئوسترالى، بەڵام لەبوارى خوێندنەکەیدا نەبوو. ئەوەبوو وەکو خۆى دەڵێت لە کارگەیەک دەستى بەکارکردن کرد. 
لەئێستاشدا لەبوارى سیاسیدا زۆر چالاکە و تەنانەت لە ناوەڕاستى ساڵى ڕابردوودا توانى 4.2%ى دەنگەکانى پارتى کرێکارانى ئوسترالیا بەدەست بهێنێت، و بەمەس لەکۆى گشتى کاندیدەکان بوویە شەشەم و لەناو کاندیدە سەربەخۆکانیشدا سێیەم ببێت. 
لەئێستاشدا چاوى لە داهاتوویەکى ڕۆشنترە بۆ بەشدارى لە کارى سیاسى ئەو وڵاتەدا.

Wednesday, January 2, 2013

ساڵێکى تریش لە هەندەران


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

گەنجانى ئێمە ساڵانێک بوو بە لێشاو کۆچیان بۆ وڵاتانى دەرەوە دەکرد و ئێستاشى لەگەڵدا بێت تاڕاددەیەکى زۆر ئەو کۆچە هەر بەردەوامە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە کۆتایى بە کۆچ و بەتایبەت کۆچى نایاسایى بێت؟ لەم سەرى ساڵەدا گەنجانى دەرەوەى وڵات و ناوەوەى وڵات چۆن بیر دەکەنەوە؟
کوردستان ئەگەر لە چەند ساڵى ڕابردوودا هەموو دەروازەى وڵاتانى بەسەردا داخرابێت، ئەوا لەئێستادا هەموو دەروازەکانى بەسەردا کراوەتەوەو تەنانەت دواهەمین کرانەوەى دەروازەى وڵاتان گەشتى ڕاستەوخۆى ئەمریکا دەبێت لە هەرێمى کوردستانەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم هەرێمەمان هیچ یەک لە وڵاتان دانیان پێدا نەنابێت، لەئێستادا ئەوە بەتەواوى گۆڕاوەو دەبینین چەندین وڵاتى بیانى و گەورە زلهێزەکان کونسوڵخانەى خۆیان کردۆتەوەو لە بەرامبەریشدا هەرێم لە چەندین وڵات نوێنەرایەتى خۆى هەیە.
ئەم هەرێمە ساتەوەختێک سەرچاوەیەکى نەبوو و کۆمپانیایەکى ئەوتۆى لێنەبوو، لەئێستادا سەدان کۆمپانیاى تێدایەو سەدان ناوچەى پیشەسازى و ئابوورى و خوێندن و فێرکردنى هەیە.
گەنجانى ئێمە لە سەرى ساڵدا بۆ تورکیا و ئێران و وڵاتانى دوورو نزیک گەشت دەکەن. لە بۆنەو کاتە جیاوازەکاندا سەردانى وڵاتانى جیاواز دەکەن.
بۆخوێندن تەنها کوردستان شوێنى خوێندنى نەوەکانمان نییە و تەنها کەرتى گشتى ئەو ئەرکەى لەئەستۆدا نییەو بەڵکو ئەمەش بەتەواوى گۆڕاوە. 
کوردستان لەڕابردوودا هەمیشە مەترسى دەرەکى و وڵاتانى ئیقلیمى لەسەربوو و تەنانەت مەترسى حکومەتى ناوەندى هەبوو، بەڵام لەئێستادا تاوەکو دێت کوردستان بەرەو ئاقارى هێمنى و بەهێز بوون دەچێت.
لە سۆنگەى ئەم گۆڕانکارییانەوەو لە هەموو ئەو جیاوازییە گەورانەى بەدى دەکرێن، حەقە لە گەنجانى خۆمان بپرسین، ئایا دەکرێت گەنجى ئێمە خۆى تووشى مەترسى بکات و بە گەشتێکى پڕ مەترسیدا وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت؟ 
بۆچى ئەوانەى گەشتیان کردووە ناگەڕێنەوە لە هەرێمدا دووبارە ژیانێکى نوێ دروست بکەن کە چەندین دەرفەتى جیاواز بوونى هەیە.
لەوانەیە هەندێ لەگەنجان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نەبن و حەزیان لەگەڕانەوە یاخود دەستبەردارى کۆچ کردن نەبێت. بەڵام دەکرێت گەنجى ئێمە ئەمجارە بەشێوەیەکى تر لە کۆچ بڕوانێت، لەشوێنى ئەوەى کۆچ بکات و وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت بەشێوەیەکى کاتى کۆچ بکات. کۆچ بکات بۆ کارکردن. کۆچ بکات بۆ خوێندن. کۆچ بە شێوەیەکى یاسایى بکات کە زۆرێک لە وڵاتانى بیانى خۆیان داواى ئەم جۆرە لەکۆچ دەکەن و پشتیوانى لێدەکەن.
هیوادارین ئەمساڵ ساڵى ئاسوودەیى گەنجانى ئێمە بێت. ساڵى نوێبوونەوەو بیرکردنەوەى پڕگوڕو تین بێت. کوردانى هەندەران لە سەلامەتیدا و کوردانى ناوخۆش لە ئاسوودەیدا بژین.

Tuesday, December 25, 2012

هۆڵەندا بڕیاریدا : مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە لاهای دادەنێین


هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری لاهای لە هۆڵەندا پێشنیازی دروستكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی لە شارەكەدا پەسندكرد. ئێستا كوردانی دانیشتووی هۆڵەندا دەیانەوێ حكومەتی هۆڵەندی هەنگاوی زیاتر هەڵێنێ و بە فەرمی دان بەوە دابنێ كە كورد جینۆسایدكراون. 
یەكێك لەو كەسانەی پشتگیری لە بیرۆكەی دانانی مۆنۆمێنتەكە كرد و كاری بۆكرد، هاری فان بۆمڵ بوو كە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندایە لەسەر لیستی پارتی سۆسیالیست. ناوبراو لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆك شارەوانی لاهای پێشنیازیكردووە مۆنۆمێنتەكە لەشوێنێكی گونجاودا لەنزیك باڵەخانەی رێكخراوی نێودەوڵەتی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی OPCW دروستبكرێت، بە نیازیشە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوەكە قسە بكات". سەرۆكی شارەوانی لاهای رایگەیاندووە كە چاوەڕێناكات مۆنۆمێنتەكە تاوەكو رۆژی 16ی ئاداری ساڵی داهاتوو تەواوبێت، كە دەبێتە یادی 25 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە.
كۆمیتەی دروستكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لەلایەن فیردەوس كازمییەوە سەرپەرشتیدەكرا. پەسندكردنی پێشنیازەكە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی لاهایەوە پیشانیدەدات كە كۆمیتەكە لە هەوڵەكانیدا سەركەوتووبووە. ئەو كۆمیتەیە ساڵی رابردوو پێكهات و توانی 2500 واژۆی دانیشتووانی لاهای و دەوروبەری كۆبكاتەوە تاوەكو پێشنیازی دانانی مۆنۆمێنتەكە بخەنە نێو ئەجێندای كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە.
فان بۆمڵی پەرلەمانتار لە بلۆگێكدا نووسیوویەتی "چەند ساڵێكە هەوڵدەدرێ بۆ دروستكردنی ئەو مۆنۆمێنتە، تاوەكو رێز لەو قوربانیانە بگیرێت كە بەهۆی ئەو هێرشەی سەدام حوسێنەوە گیانیان سپارد، لەكۆتاییدا ئەو خەونە هاتەدی، ئەمەش شایەنی ئەوەیە ئاهەنگی بۆ بگێڕین ".
لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی شارەوانی لاهای، كە تایبەت بوو بە مەسەلەی مۆنۆمێنتەكە، بەسەدان كەسی كورد و هۆڵەندی لە هۆڵی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون. یەكێك لەو كەسانە ئارام ئەحمەد، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە وەك بڵاوكرایەوە، بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتبووە هۆڵەندا.
ئارام ئەحمەد بە (رووداو)ی راگەیاند كە وەزارەتەكەیان مەبەستییەتی روو لەو وڵاتانە بكات كە ژمارەیەكی زۆر كوردی لێدەژین، تاوەكو لەوێ بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد لۆبی بكەن. وەك چۆن هەفتەی رابردوو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی سوید ئەنفالیان بە جینۆساید ناساند، حكومەتی كوردستان لە هەریەكە لە بەریتانیا و هۆڵەنداش هەوڵدەدات هەمان كار بكات.
هەرچەندە پێشنیازی دروستكردنی ئەو مۆنۆمێنتە لەلایەن پارتە كوردییەكانەوە نەبوو، بەڵام پێشتر باڵیۆزی عێراق لە هۆڵەندا و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتەكە راگەیاندبوو.
رەزامەندی دەربڕینی شارەوانی لاهای بۆ دانانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، دوای هەڵوێستی پەرلەمانی سوید بوو. فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ماڵپەڕی تویتەر نووسیویەتی "هیوادارم وڵاتانی دیكەش چاو لە سوید بكەن". بەختیار بەكر، نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هۆڵەندا، دەڵێ كوردانی دانیشتووی هۆڵەنداش هەوڵدەدەن هەمان ئەنجامیان دەستبكەوێت: "وەك سوید دەكەین و ئامادەین بۆ هەنگاوی داهاتوو".
ولادیمێر ڤان ویلخنبێرخ
رووداو - هۆڵەندا

Sunday, December 9, 2012

پەنابەرێکی دیپۆرتکراو لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا گیانی لەدەستدا


بەپێ ئەو هەواڵانەی بەدەستی لقی کوردستانی فیدراسیۆن گەیشتوە پەنابەرێك لە قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیدا گیانی لەدەستدا.
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ فیدراسیۆنی سەرسەری پەنابەرانی عێراقی  لقی کوردستان، ئه‌و په‌نابه‌ره‌بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە وڵاتی بەریتانیا ژیانی بەسەر بردوە، بەڵام بەهۆی گوشاری سیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتی بەریتانیا لەمافی پەنابەری نائومید دەکرێت.
ئه‌و هاوڵاتیه‌ لەبەرواری ٢٠-١١-٢٠١١ دیپۆرتی فرۆکەخانەی بەغدا دەکرێتەوه‌، ئه‌و په‌نابه‌ره‌ لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دیپۆرتکراوەکان لە بەرواری١٥-٤-٢٠١٢ لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەشداری دەکات لەپێناو جێبەجێکردنی  خواستە ڕەواکانی دیپۆرتکراوەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
هاوڵاتی‌

Tuesday, November 6, 2012

هەستى نیشتمانى و کەلتورى لە دەرەوەى وڵات


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
لە هەفتەى ڕابردوودا چەند بابەتێکمان بڵاوکردەوە لەبارەى بارودۆخى ژیان و گوزەرانى پەناخوازان. یەکێک لەو بوارانەى تەئکیدمان لەسەر کردەوە ڕاپۆرتێک بوو کە لەبارەى بارى دەروونى و کەلتوورى و هەستى نیشتمانى پەناخوازانەوە بوو.
ئەم بابەتە زۆر هەستیارەو چەندین لێکۆڵینەوەى گرنگى لەبارەوە کراوە.
هاوڕێیان، یەکێک لە کێشەکانى پەناخوازان ئەوەیە تەنها بیر لە کۆچ کردن بۆ دەرەوەى وڵات دەکەنەوە ئیتر بەهەرشێوەیەک بێت. زۆرێک لەوانەى کۆچ دەکەن تووشى چەند گرفتێکى سەرەکى دەبنەوە لەوانە:
-نەزانینى زمان.
-نە شارەزایى لە کەلتوورى وڵاتەکە.
-گرفتى تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکى ئەو وڵاتە و چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵیاندا.
-شێوازى ژیان و نانخواردن و کاروبارى ڕۆژانەیان.
ئەمانە هەموو وادەکەن کە ئەو کەسەى کۆچ دەکات تووشى گرفتى دەروونى و کۆمەڵایەتى ببێتەوە. تەنانەت یەکێک لەو هۆکارانەى کە پەناخوازە کورد و عێراقییەکانى بەهۆیەوە دیپۆرت دەکرێنەوە ئەوەیە، کە پەناخوازەکان زۆرجار ناتوانن خۆیان بگونجێنن یاخود زمانى وڵاتەکە شارەزا ببن و بیزانن، بۆیە ئیتر ئیشوکاریان دەستناکەوێت و وڵاتەکەش ئامادەنییە مافى نیشتەجێ بوون بەکەسێک بدات کە بەلایەنى کەمەوە نەتوانێت لەگەڵ شێوەژیان و زمانیان خۆى بگونجێنێت.
سەرەڕاى ئەوانە، یەکێک لە گرفتەکان کە زۆرجارکێشەى درێژى بەدواى خۆیدا هێناوە ئەوەیە کە هەندێ لە پەناخوازەکان، کە بەتەواوى لەگەڵ کۆمەڵگاکەشدا تێکەڵ بوون، هاوسەرگیرى دەکەن لەگەڵ کەسێکى ئەو وڵاتەدا. ئەمە وادەکات کە ئەو دوو کەسە لەداهاتوودا کە منداڵیان بوو، منداڵەکە هەست بکات کە لەناو قەیراندایە، نەزانێت ئایا ئەو کەسە ئەبێت بیر لەکام کەلتور بکاتەوە؟ هەستى بۆکام وڵات بجوڵێت؟ زمانى کام وڵات فێر ببێت؟
زۆرجار منداڵەکان تووشى گرفتى دەروونى و کۆمەڵایەتى درێژ خایەن دەبن و هەتاوەکو تەمەنێکى زۆر ئەو کەسانە بەدواى خۆیاندا دەگەڕێن.
گرنگە پەناخوازان بەر لە کۆچ کردن بیر لە داهاتووى خۆیان بکەنەوەو ژیان و بەرنامەیەکى تێرو تەسەل و گرنگ بۆخۆیان دابڕێژن.

Tuesday, October 30, 2012

منداڵانی تاراوگەنشین بە دوای ئاڵا و نەخشەی كوردستاندا دەگەڕێن


بە زمانێكی سوێدی زۆرباش قسە دەكەن، رووخسارێكی ئەوروپی، ستایلێكی گەنجانە و فۆنەتیكێكی پێرفێكتی سویدی و خراپی زمانی دایك كە زمانی كوردییە، سیفەتی زۆربەی ئەو گەنجە كوردانەیە كە لە سوێد لەدایكبوونە، بەڵام ئەوان خەون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆوە دەبینن، كە نەخشە و ئاڵایەكی هەبێ و نیشانی هاوڕێ سویدییەكانیانی بدەن.

ئەوان مومارەسەیەكی تەواوی سیستمی ژیانی ئەوروپی و بەتایبەت سویدی دەكەن، سیستمی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و مامەڵە و ژیانی رۆژانەیان تەواو جیایە لە باوانیان، كێشەیەكیان لەگەڵ كوردبوون و سویدی بوون نییە، بەڵام هەموویان لە شتێكدا یەكدەگرنەوە، ئەویش ئەوەیە كە كوردن و بەدوای شوناسێكدا دەگەڕێن.

 ئارای تەمەن 17 ساڵ، كە لە شاری یۆتۆبۆری سوێد لەدایكبووە، دەڵێ “گەورەترین خەونمان ئەوەیە، ئاڵای دانراوی كوردستان لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشانی سویدییەكان بدەین”.

ناسیۆنالیزمی بەرهەمی تاراوگە

زۆر لە دایك و باوكانی كوردی تاراوگەنشین كەوتوونەتە تێڕامان لەوەی كە نەوەكانیان زیاتر لە جاران و وەك شتێكی چاوەڕواننەكراو شەڕی شوناسی نەتەوەیی دەكەن. ئاسۆ عەلی، 48 ساڵ، كە دوو كچ و كوڕێكی هەیە و لە ستۆكهۆڵم دەژی بە (رووداو)ی گوت “ئەم دیاردەیە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو شەڕە رەگەزپەرستانەیەی كە زۆر لە عەرەب و توركەكان لەگەڵیان دەكەن لە قوتابخانەكاندا”. ئەو كاتێك گەیشتووەتە ئەم بۆچوونە كە ساڵێك بەر لە ئێستا، چەند قوتابییەكی تورك لە یەكێك لە منداڵەكانی داوە لە قوتابخانە. 

زمناكۆی تەمەن 15 ساڵ، كە لە سوید لەدایكبووە، بێزاری خۆی لە عەرەب و توركەكان دەربڕی لە شەڕی ئاڵا و نەبوونی نەخشەی كوردستان. زمناكۆ دەڵێ “زۆر حەزدەكەم نەخشەی كوردستان لە ئەتڵەسی سویدی ببینم”. ئەو بێزاری خۆشی دەربڕی لەوەی كە پێیدەڵێن : تۆ خەڵكی كوردستانی كام وڵاتی.

سەردار، كە توێژەری كۆمەڵایەتییە و لە شارەوانی ستۆكهۆڵم كاردەكات، پێیوایە بەهۆی زیاتر تێكەڵبوونی ئەم نەوەیە لەگەڵ سیستمی سویدی، زیاتر شەڕی شوناس دەبینن و هەستی پێدەكەن “سەركەوتنی ئەوان لە سیستم و ژیانی سویدی ئینتیمای نەتەوەیی ئەوانی بەهێز كردووە”. هەروەها دەڵێ “ئەم هاوكێشەیە سیمای ئینتیمایەكی راستەقینەیە، كە لەسەركەوتنی ئەوان لە سویدەوە دەستیپێكردووە”.

 سەردار دوو منداڵی لە ژنە كوردەكەی و منداڵێكیشی هەیە لە هاوسەرەكەی پێشووی كە پۆڵەندی بوو، لە روانگەی ژیانی خێزانیی خۆیەوە دەڵێ “لێرە ژیانێكی رێكخراو هەیە، نەوەی كۆن كە ئێمەین نەمانتوانیوە وەك پێویست سوودی لێوەربگرین”. 

گەڕانەوە بۆ رابردوو

گەنجانی تاراوگەنشین رابردوویان لەبیر نەكردووە و بە پڕۆژەی جۆراو جۆر رابردوو دەگێڕنەوە. ئەركان ئەسەد، كە تائێستا سێ جار بەهۆی نووسینەكانی خەڵاتكراوە، لە دوایین پەرتووكی خۆیدا باسی ژیانی دایك و باوك و ئازارەكانی رابردووی گەلەكەی دەكات .

لە چاوپێكەوتنێكی پێشتریدا لەگەڵ رادیۆیەكی سویدی، گۆرانیبێژی ناسراوی سویدی بەرەچەڵەك كورد، دارین زانیار كە وەرگری خەڵاتی یۆرۆڤیژنی سەرتاسەری وڵاتانی ئەوروپایە، دەڵێ “حەزدەكەم گۆرانی بۆ هەڵەبجە بڵێم”.

 (رووداو) لە گەڕانێكی مەیدانیشدا بەنێو ماڵە كوردەكانی ستۆكهۆڵم، ئاشنای پشتیوانی تەمەن 17 ساڵ بوو، كە ئێستا خەریكی نووسینی كتێبێكە لەسەر رابردووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی خێزانەكەی. 

دڵشاد بۆتانی، نووسەر و رۆژنامەڤان، ئەوە بە دیاردەیەكی نوێ لە ژیانی كوردانی تاراوگەنشین دەزانێت و لەوبارەوە دەڵێ “ئێستا لە تاراوگە و بەتایبەت لە سوید نەوەیەك دروستبووە كە لە چاوەڕوانی دەوڵەتی كوردیدان”. یەكێك لە سیماكانی ئەم دیاردەیە بەبڕوای دڵشاد “گەڕانی نەوەیەكە بەدوای ئاڵا و نەخشەی وڵاتەكەیدا”. چونكە وەك ئەو دەڵێ “ئەوان ئاڵایەكیان دەوێ لە نەتەوە یەكگرتووەكان بشەكێتەوە”.

بەهۆی ئەو پاشخانە كۆمەڵایەتی و زانستییە بەهێزەی ئەم نەوەیە لە ژیانی ئەوروپایان وەرگرتووە، ئەوان باوەڕیان تەنیا بە شتی زانستی و باوەڕپێكراوی نێونەتەوەیی هەیە. دڵشاد و زۆر لە باوكەكان دەڵێن “زۆرجار تووشی ئیحراجی دەبین لەبەردەم پرسیاری ئەوان، كە وەڵاممان پێ نییە”. 

“حكومەتی كوردستان بەرنامەی رۆشنبیری نییە”

شەماڵ حوسێن، سیاسییەكی كوردی تاراوگەنشینە لە سوید و دەڵێ “نەوەی نوێی كوردی لە سوید، چەكێكی گەورەیە كە تائێستا ئیدارە و سەركردایەتی كورد نەیتوانیوە سوودی لێوەربگرێ”.

چالاك محەممەد، زۆر سەرسامە بەوەی منداڵەكانی لە رێگەی كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستانەوە فێری زمانی كوردی بوون، بەڵام رەخنەی لە زمانی ئەو كەناڵانە هەیە و دەڵێ “زۆرجار زمانێكی سەقەت بەكاردێنن كە ئەوەش رۆڵی نەرێنی هەیە”. بۆیە دەڵێ”پێویستە تەلەڤزیۆنە كوردییەكان باشتر و وردتر و زانستیانەتر مامەڵە لەگەڵ زمان بكەن”.

هەرچەندە هەموو قوتابییەكی كورد مافی خوێندنی بە زمانی كوردی هەیە و هەموویان هەفتانە وانەی كوردی دەخوێنن، بەڵام چالاك دەڵێ “ئەمە بەس نییە و دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رۆڵی هەبێت”. 

تەواوی باڵیۆزخانەكان بەشی رۆشنبیری بەهێزیان هەیە و چالاكی فەرهەنگی دەكەن، لەوانەش كردنەوەی قوتابخانەی تایبەت و كۆرسی فێربوونی زمان. چالاك دەڵێ بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا بەرنامەی رۆشنبیری نییە. هەروەها دەڵێ “ئەو نەوەیەی كورد توانایەكی بەهێزن، پێویستە حكومەت و سەركردایەتی سیاسی كورد بەرنامەیەكی هەبێ بۆ ئەوە”. سەرەڕای بوونی بەشی كوردی لە زانكۆی ئۆپسالا كە تائێستا دەیان قوتابی كورد و بیانی فێری زمانی كوردی كردووە، بەڵام چالاك و زۆر كەسی دیكە ئەوە بە كۆتایی بەرنامەكان نازانن.

ئاڵای كوردستان گران دەكەن

كوردانی سوید زۆر خۆشحاڵن كە لە ئاهەنگەكانی خوێندن و دەرچوون و كۆتایی ساڵی خوێندن، گەنجەكانیان زۆر بە بایەخەوە ئاڵای كوردستان بەرزدەكەنەوە. بە بڕوای سەرداری كۆمەڵناس “ئەمە دیاردەیەكە هەر لەخۆیەوە نەهاتووە و دەرەنجامیشی دەبێت”.

 بەڵام كێشەی منداڵ و گەنجانی كوردی تاراوگەنیشن، لەكاتی ئەم جۆرە مەراسیمانە و بەهۆی لۆد لەسەر دووكانە كوردییەكان كە ژمارەیانە كەمە، ئاڵای كوردستان زۆر گران دەبێت و ئەوان ناتوانن بیكڕن.


رووداو -ستۆكهۆڵم