Showing posts with label Kurdish community in Australia. Show all posts
Showing posts with label Kurdish community in Australia. Show all posts

Thursday, February 14, 2013

ئایا کوردستانیانی تاراوگە بۆ وڵات پێویستن؟


ئەگەر چاوێک بە مێژووی کوردانی پەنابەری کوردستانی باشوردا بگێڕین تێدەگەین، کە زۆر بە دەگمەن ئەوانەی لە ژیر سایەی دەسەڵاتی داگیرکەراندا توانیبێتیان بۆ خوێندن و زانست رویان لە وڵاتانی پێشکەوتوو کردبێت بواریان پێدرابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە رێژەی هەرە زۆری کوردانی پەڕاگەندی هەندەران لە ئەنجامی زوڵم و زۆرەی رژێمە دکتاتۆرە خۆسەپێنەکان و نسکۆو سەرنەکەوتنی هەر یەک لە شۆڕشەکانی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، کۆچێان کردووە و کۆمەڵێک لەو تێکۆشەرانەی ئامادە نەبوون بچنەوە ژێر رکێفی داگیرکەران بە ناچاری  ئاوارەییان هەڵبژاردووە و روویان لە هەندەران کردووە، هەروەها لە ماوەی رودانی  جەنگی هەشت ساڵەی عێراق ئێران و دوای پرۆسەکانی ئەنفالی بەدناو و کیمیا باران و راگواستنی هەموو گوندنشینەکان و خاپورکردنی گوندەکان  ژمارەیەکی زۆرتر، ئاوارەی وڵاتانی دوور و نزیک ئەوروپا بوون.

تا راپەرینی ساڵی 1991 ی گەلی کوردستانی باشور و کۆڕەوە مەزنەکەی ژمارەی کوردانی ئاوارەی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیاش لە چەند هەزارێک تێپەریان نەئەکرد، لە دوای کشانەوەی هێزەکانی بەعسی داگیرکاری کوردستان لە بەشێکی دیاری کراوی ئەم هەرێمە بە چاونەترسی و لە خۆبووردنی دانیشتوان وهەوڵ و تیکۆشانی حیزبە تێکۆشەرەکان و پشتیوانی هاوپەیمانان بۆ یەکەم جار پەرلەمان و حکومەتی کوردی نیمچە سەربەخۆی خۆی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم هەرێمە نیمچە ئازاد و دیموکراتە بووە جێگەی سەرنجی وڵاتانی دیموکرات و ئازادی خوازانی جیهان، کە وەک مۆمێک لە تاریکستانی دکتاتۆریەتی ناوچەکەدا ئەدرەوشایەوە، بێگومان ئەم ئەزموونە نوێیە بێبەش نەبوو لە هەڕەشە و چاوسورکردنەوەی ناوەند و وڵاتانی ناوچەکە، کە هەردەم بە هەڕەشەیان ئەبینی لەسەر رژێمە داگیرکەرەکانیان، لە دوای راپەرین ئەم هەرێمە هەرگیز بێ گێچەڵ و ئاژاوەگیری دەرودراوسێ نەبووە و هەر جارەی لەلایەک و بە پاساوێکی لابەلا سنورەکانی پێشێل ئەکراو هەڕەشە لە دانیشتوانی ئەکرا،  تا گەیشتە ئەوەی رووبەروی شەڕی خۆ بەخۆو برا کوژە بکری و توشی برسێتی و بێکاری وکوشتن و بڕین بێتەوە  و تا ڕادەیەک بڕوابوون بە ئایندەیەکی ئازاد و سەربەخۆ لاواز ببێت. 

لە ساڵانی نەوەدەکان و بەتایبەتی لەسەرهەڵدانی شەری ناوخۆدا کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی ئەم هەرێمە لە ڕووی ئابووریەوە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و رزگارکردنی خێزانەکانیان لە دەست هەژاری و نەبوونی روویان کردە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپا و دواتر ئەمریکا و ئوسترالیا. کەم خێزان هەیە لەم هەرێمە ئەندامێکی خێزانەکەی تیکەڵی ئەم کۆچە نەخوازراوە نەبووبێ .

ئەگەر هۆکارەکانی ئەوکاتەی کۆچکردن بریتیی بووبن لە بڕوا نەبوون و خۆپاراستن لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ و خۆکوژی و رزگار بوون لە برسیەتی و نەهامەتی، لە هەمان کاتدا ئەم کۆچبەرانە بوونە دەستی خێرو رزگارکەری هەزاران خێزان و ئەم کۆچبەرانە نەک هەر لەگەڵ و وڵاتەکەیان دانەبڕان، بەڵکو بوونە سەرچاوەی بژێوی سەدان هەزار خێزانی ئەم هەرێمە بە تایبەتی لە ساڵانی پێش روخانی رژێمی بەعس.

لە پاڵ ماندوو بوون و کارکردنی قورسی ئەم ئاوارانەدا، بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆیان و هاوکاری بۆ خێزانەکانیان تا ئاستیکی باش بوونە هۆکاری ناساندنی گەلی کوردستان و دۆزە رەواکەی بە هۆی ئەو ڕێکخراوانەی لە وڵاتی خانەخوێ دروستیان دەکرد و چالاکی جۆربەجۆریان ئەنجام دەدا، بە گەلانی ئەو وڵاتانە و پاشان ئاشنابونیان بە پرنسیپەکانی دیموکراسی و تا رادەیەک گواستنەوەی ئەو پرنسیپانە بۆ کوردستان و پاشان دروستکردنی پردی پەیوەندی و نێتۆرکی هەمەجۆر لە نێوان کوردستان و ئەم وڵاتانەدا تا گەیشتووە بەو ئاستەی کە ئەمڕۆ ئەتوانین بە ئاشکرا هەست بەبوونی بکەین و ئایندەش بەرهەمی زیاترو گەورەتری لێچاوەروان ئەکرێت.

لەگەڵ ئەم گۆڕانکاری و هاوکاریانەدا، هەنگاوێکی گرنگی دیکە ئەوەیە، کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەم کۆچبەرانە توانیویانە سود لە پێشکەوتنی ئەم وڵاتانە وەربگرن و ببنە خاوەنی بڕوانامەی بەرز لە بوارە جیاوازەکاندا بەبێ ئەوەی قورسایی ماددی بخەنە سەر وڵاتەکەی خۆیان و لەوەش زیاتر لە ئایندەیەکی نزیکدا، نەوەکانیشیان بڕوانامە و زانیاری بەرزتر بەدەست ئەهێنن و ئەبنە سەرچاوەی سەرمایەیەکی لەبن نەهاتوو بۆ گەل و وڵاتەکەیان.

ئەگەر لە بواری سیاسیشدا، ئەم نەوە نوێیە لە شێوەی جالیەدا رێکبخرێت ئەبێتە هێزێکی سیاسی کاراو لە بن نەهاتوو، کە ئەتوانێت لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی ئەم وڵاتانەدا دروست بکات و پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوریەکان پەرە پێبدات بە پێکەوە گرێدانی ئەم خەباتە مۆدێرن و سەردەمیانەیە، لەگەڵ خەباتی ناوەوەی وڵات کاروانی خەباتی دیموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان خێراتر و زوتر ئەگاتە مەنزڵ.

نموونەی زیند و نزیکی ئەم شێوە خەباتە بۆ رزگاری گەل و وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلی جولەکەیە  کە دوای زیاتر لە دووهەزار ساڵ لە بێ وڵاتی و ئاوارە بوون و پەرتەوازەیی بە هەموو جیهاندا کۆچبەرەکانیان توانیان لۆبی نێودەوڵەتی دروست بکەن و ببنە هەوێنی بنیاتنان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ گەلی جولەکە و خەونی هەزران ساڵەیان بکەنە راستیەکی هەتایی و بەدیهاتوو، ئێستا پێشکەوتوترین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن و هۆکاری سەرەکی دروستبوون و پێشکەوتنیان ئەو کۆچبەرانە بوون، کە لە هەموو جیهاندا بە ئاوارەیی توانیبویان سود لە پێشکەوتنی وڵاتەکانی خانەخوێ وەربگرن لە هەموو ئاستەکاندا و بەگەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان توانیان بنیات بنێنەوە و بەم پێشکەوتنەی ئێستای بگەیەنین.

به‌ڵام له‌ کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌دا بەداخەوە تا ئه‌مڕۆ که‌ توانایەکی لەبن نەهاتووی ژماره‌یه‌کی زۆری کۆچبه‌ران له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و شوێنه‌کانی دیکە کۆبوونەتەوە، نه‌توانراوه‌ یەکبخرێن،‌ یان با بڵێم خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ هۆکاره‌که‌شی دابه‌شبونی گه‌لی کوردستانه‌، که‌ بە بڕوای من ئه‌م دابه‌شبوونه‌ له‌ فکر و عه‌قڵی گه‌لی کوردا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و نه‌بوونی هێزێکی یه‌کگرتوو بۆ کۆکردنه‌وه‌یان هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م کۆنه‌کردنه‌وه‌یەیە، خاڵێکی تریش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و کۆچبه‌رانه‌ ئه‌ویش نه‌ توانراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ گشتی سودیان لێوه‌ربگیرێت ته‌نها به‌شێوه‌ی تاکه‌که‌سی نه‌بێت، بگرە تا ئەمڕۆش زۆربەی کوردستانیانی تاراوگە بە خەڵکانی نامۆ و نەخوازراو تەماشا ئەکرین.

کوردستانی ئێمە ئەگەرچی خاوەنی چەندین سەرچاوەی سروشتی جۆربەجۆرە ئەگەر بە شێوازی دروست و دڵسۆزانە بەگەڕ بخرێت دەبێتە ژیاری هەزاران ساڵی ئەم گەلە،  بەڵام کوردستان هێشتا بەشێکی زۆری رزگار نەکراوە و خاوەنی سەربەخۆیی و ئازادی نەتەوەیی خۆی نیە و لە سەرەتای رێگایەکی دووردایە و پێویستی بە هەزاران دڵسۆزو شارەزای هەموو بوارەکانی پێشکەوتن هەیە، تا خەونی سەدان هەزار شەهید و خەباتکاری ئەم رێگایە بەدی بێت و ببێتە ئەو وڵاتەی کە لە پێشەوەی کاروانی پێشکەوتنەکاندا بێت. ئەوەی لێرەدا ماوە بیپرسم ئەوەیە ئایا ئێمەی گەلی کورد لە باشور بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەنگاومان بۆی ناوە ؟ بە جۆرێکی دیکە  ئایا کوردستانیانی تاراوگە بۆ وڵات پێویستن....؟!  

عەبدوڵڵا سور / سلێمانی 
Xendan

Wednesday, January 2, 2013

ساڵێکى تریش لە هەندەران


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

گەنجانى ئێمە ساڵانێک بوو بە لێشاو کۆچیان بۆ وڵاتانى دەرەوە دەکرد و ئێستاشى لەگەڵدا بێت تاڕاددەیەکى زۆر ئەو کۆچە هەر بەردەوامە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە کۆتایى بە کۆچ و بەتایبەت کۆچى نایاسایى بێت؟ لەم سەرى ساڵەدا گەنجانى دەرەوەى وڵات و ناوەوەى وڵات چۆن بیر دەکەنەوە؟
کوردستان ئەگەر لە چەند ساڵى ڕابردوودا هەموو دەروازەى وڵاتانى بەسەردا داخرابێت، ئەوا لەئێستادا هەموو دەروازەکانى بەسەردا کراوەتەوەو تەنانەت دواهەمین کرانەوەى دەروازەى وڵاتان گەشتى ڕاستەوخۆى ئەمریکا دەبێت لە هەرێمى کوردستانەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم هەرێمەمان هیچ یەک لە وڵاتان دانیان پێدا نەنابێت، لەئێستادا ئەوە بەتەواوى گۆڕاوەو دەبینین چەندین وڵاتى بیانى و گەورە زلهێزەکان کونسوڵخانەى خۆیان کردۆتەوەو لە بەرامبەریشدا هەرێم لە چەندین وڵات نوێنەرایەتى خۆى هەیە.
ئەم هەرێمە ساتەوەختێک سەرچاوەیەکى نەبوو و کۆمپانیایەکى ئەوتۆى لێنەبوو، لەئێستادا سەدان کۆمپانیاى تێدایەو سەدان ناوچەى پیشەسازى و ئابوورى و خوێندن و فێرکردنى هەیە.
گەنجانى ئێمە لە سەرى ساڵدا بۆ تورکیا و ئێران و وڵاتانى دوورو نزیک گەشت دەکەن. لە بۆنەو کاتە جیاوازەکاندا سەردانى وڵاتانى جیاواز دەکەن.
بۆخوێندن تەنها کوردستان شوێنى خوێندنى نەوەکانمان نییە و تەنها کەرتى گشتى ئەو ئەرکەى لەئەستۆدا نییەو بەڵکو ئەمەش بەتەواوى گۆڕاوە. 
کوردستان لەڕابردوودا هەمیشە مەترسى دەرەکى و وڵاتانى ئیقلیمى لەسەربوو و تەنانەت مەترسى حکومەتى ناوەندى هەبوو، بەڵام لەئێستادا تاوەکو دێت کوردستان بەرەو ئاقارى هێمنى و بەهێز بوون دەچێت.
لە سۆنگەى ئەم گۆڕانکارییانەوەو لە هەموو ئەو جیاوازییە گەورانەى بەدى دەکرێن، حەقە لە گەنجانى خۆمان بپرسین، ئایا دەکرێت گەنجى ئێمە خۆى تووشى مەترسى بکات و بە گەشتێکى پڕ مەترسیدا وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت؟ 
بۆچى ئەوانەى گەشتیان کردووە ناگەڕێنەوە لە هەرێمدا دووبارە ژیانێکى نوێ دروست بکەن کە چەندین دەرفەتى جیاواز بوونى هەیە.
لەوانەیە هەندێ لەگەنجان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نەبن و حەزیان لەگەڕانەوە یاخود دەستبەردارى کۆچ کردن نەبێت. بەڵام دەکرێت گەنجى ئێمە ئەمجارە بەشێوەیەکى تر لە کۆچ بڕوانێت، لەشوێنى ئەوەى کۆچ بکات و وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت بەشێوەیەکى کاتى کۆچ بکات. کۆچ بکات بۆ کارکردن. کۆچ بکات بۆ خوێندن. کۆچ بە شێوەیەکى یاسایى بکات کە زۆرێک لە وڵاتانى بیانى خۆیان داواى ئەم جۆرە لەکۆچ دەکەن و پشتیوانى لێدەکەن.
هیوادارین ئەمساڵ ساڵى ئاسوودەیى گەنجانى ئێمە بێت. ساڵى نوێبوونەوەو بیرکردنەوەى پڕگوڕو تین بێت. کوردانى هەندەران لە سەلامەتیدا و کوردانى ناوخۆش لە ئاسوودەیدا بژین.

Wednesday, October 10, 2012

کوردان لەبەردەم دیپۆرت کردنەوەدا


بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

یەکێک لە نەهامەتییەکانى کۆچى کوردان بۆ دەرەوەى وڵات ئەوەیە کە وەڵامى کەیسەکانیان بەشێوەیەکى نێگەتیڤ ببێت و لەدواتردا ڕووبەڕووى ڕەت کردنەوەى داواکانیان ببنەوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لەسەر زارى وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقى ئەوەمان خستەڕوو کە وتویەتى 200هەزار پەنابەرى عێراقى لە سوید لەژێر هەڕەشەى ناردنەوەدان.
ئەم هەواڵە ڕاستە ژمارەیەکى زۆر مەترسیدارە بەڵام ئەوەى زیاتر جێگەى قسە لەسەر کردنە هەواڵى لەم شێوەیە بەشێوەیەکى بەردەوام دەبیسترێن لە دەزگا و میدیا جیاوازەکانەوە.. لەڕاسیدا ئەمە جێگەى نیگەرانییە بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت ئەو هاوڵاتى و گەنجانەى لەئێستادا لەناوخۆى کوردستانن و کۆچیان نەکردووە بە هەند ئەم بابەتە وەربگرن.
ئەم هەوڵانە کۆمەڵێک ماناو مەدلول لەخۆیان دەگرن. بەر لەهەموویان ئەوەیە کە وڵاتانى ئەوروپا کە (سوید) یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین ڕێژەى کوردانى لەخۆگرتووە و وڵاتێکە زۆر ئاسان کوردان و عێراقییەکان وەردەگرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا کە ئەو وڵاتەو وڵاتە ئەوروپییەکانى تر مافى پەنابەرى بە کوردان نادەن ماناى ئەوەیە کە بارودۆخى وەرگرتنى پەناخوازانى عێراقى و کوردى گۆڕاوە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت چونکە بارودۆخى عێراق و کوردستان بەتایبەت گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە. ئەم هەرێمە بەرەو سەقامگیرى دەچێت و لەحاڵەتێکى ئاسایشى ئابوورى و کۆمەڵایەتى باشدایە، بۆیە وڵاتانى بیانى چیتر خوازیارى وەرگرتنى کوردان نین وەکو پەنابەر.
گەنجانى ئێمە گرنگە بیر لەوە بکەنەوە کە لەناخۆدا ئەوەندەى دەتوانن پڕۆسەى وەبەرهێنان و ئابوورى و کارکردنى خۆیان پەرە پێبدەن. لەهەمانکاتدا ڕێگا یاسایى و ئاساییەکانى کۆچ کردن بگرنە بەر کە ئەمە یەکێکە لە چارەسەرە باشەکان. بەتایبەت مەسەلەى خوێندن و لێکۆڵینەوە. تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانى بیانى دەرفەتى کارکردن و ڤیزاى کارکردن دەبەخشن و هەوڵدەدەین لەداهاتوودا بابەتى لەوشێوەیەتان زیاتر بۆ بڵاو بکەینەوە.

Tuesday, June 19, 2012

پێشانگا لەسەر کۆچی نایاسایی


کۆچى کوردان

ڕۆژی 4 شەممە بەرواری 20 حوزەیرانی 2012 ، کە ڕۆژی پەنابەرانى جیهانه
لەم ڕۆژە تایبەتەدا ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ لە کوردوستان بە هاوکاری ستات هەستاوە بە ڕیکخستنی پێشانگایەکی وێنە لەسەر کۆچی نایاسایی، کاتژمێر 2:00 ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات لە ئەمنە سوورەکە. ئەم پێشانگایە دەرئەنجامی ئەو بەربەرەکانیەیە کە کە لەنێوان فۆتۆگرافەرە لاوەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ لە کوردوستان خولیان بۆ کرایەوە .
ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ لە کوردستان 3 چیرۆکە وێنە لەسەر ئەو بابەتە پێش کەش دەکات کە لە لایەن فۆتۆگرافەرە لاوەکانەوە ئامادەکراوە. ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ لە کوردستان ئەیەوێت سەکۆیەک پێشکەش بەم فۆتۆگرافەرانە بکات هەروەها هۆشداری بدات سەبارەت بە ئاکامەکانی ئەم دیاریدە گرنگە کە کۆچی نایاساییە. براوەی ئەم بەربەرەکانیە 500 دۆلاری پێدەبەخشرێت.
کردنەوەی پێشانگاکە لەلایەن هاوڕێی میدیایی فۆتۆگرافەر (یەحیا بەرزنجی) دەبێت ، نوێنەری ستات لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە دەکرێت سەبارەت بە کۆچی نایاسایی.
زۆربەی گەنجانی کوردوستان ئەیانەوێت ووڵات جێبهێڵن. بەڵام بەدەستهێنانی ڤیزا ئاسان نیە، بۆیە زۆر کەس قاچاخچی بەکاردەهێنن و پاسپۆرت و ڤیزا دەکڕن . ئەم کۆچە نایاساییە دەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەبێتەوە- لە هەردوو لایەنی میوانداری ووڵاتان و لەوانەیە زیاتریش سەبارەت بە کۆچی نایاسایی. لەگەڵ ئەوەشدا ترسی ئەوەی هەیە کە دووربخرێنەوە و بنێرێنەوە ، پیاوان یاخود ئافرەتان لەوانەیە ئیستغیلال بکرێن .
هەموو میدیاکان بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە لەبەرواری 20 ی حوزەیرانی 2012 کاتژمێر 2:00 ی پاشنیوەڕۆ ل ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی.
بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکەن بە مارتن بۆ زمانی ئینگلیزی (07507146005) 
یاخود فریشتە محمد (07708642653)

Wednesday, June 6, 2012

له‌ ئوستراڵیا كوردێك ده‌بێته‌ باڵیۆزى ئاشتى


بڕوانامه‌ى باڵیۆزى ئاشتى به‌خشرایه‌ شاعیرى لاوى كورد فه‌رید مه‌خموورى


فیدراسیۆنى ئاشتى جیهانى، شاعیرێكى كورد ده‌كاته‌ باڵیۆزى خۆى له‌ وڵاتى ئوستراڵیا

ئێواره‌ى رۆژى 4/6/2012 له‌ شارى سیدى له‌ باره‌گای فیدراسیۆنی ئاشتیی جیهانی. (Universal Peace Federation) بڕوانامه‌ى باڵیۆزى ئاشتى له‌لایه‌ن گریگ ستۆن. سه‌رۆکی لقی ئوسترالیای ئه‌م ڕێکخراوه‌ به‌خشرایه‌ شارى لاوى كورد فه‌رید مه‌خموورى.

ئه‌م ڕێکخراوه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ڕێکخراوه‌ گه‌وره‌کانی دونیا و کار له‌سه‌ر بواری ئاشتیی ده‌کات. ساڵانه‌ چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشان ده‌کات بۆ ئه‌م پۆسته‌. بۆ ئه‌مساڵیش فه‌رید مه‌خموورى شاعیر و نووسه‌رى ئوسترالیی به‌ ره‌گه‌ز کوردى ده‌سنیشانكردووه‌.


رووداو-سیدنى