Showing posts with label KRG opportunity. Show all posts
Showing posts with label KRG opportunity. Show all posts

Sunday, October 5, 2014

بەریتانییەكان بۆ بلیتی گەشتی كوردستان نۆرە دەگرن

كاتێك كە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی سەبارەت بە گەشتكردن بۆ ناوچەیەكی ناسەقامگیر، رۆژنامەنووسان تەنیا توێژێكن كە بەم هۆشدارییەوە پابەند نابن، بەڵام ئەمجارە گرووپێكی 30 كەسی ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان پشتگوێ دەخەن و مانگی داهاتوو سەردانی كوردستان دەكەن. 
دیلان هاریس، خاوەنی كۆمپانیای لوپینی گەشتیاری لە شاری مانچستەر، دەڵێ بلیتی گەشتێكی مانگی داهاتوویان و دوو گەشتی دیكەی ساڵی داهاتوویان بۆ كوردستان فرۆشراون. ئێستاش چەند كەسێك لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ گەشتەكانی دیكە.
"لە چەند مانگی رابردوودا نزیكەی 30 كەس ناویان بۆ گەشتكردن لەلای ئێمە تۆماركردووە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا داواكاری زۆر هەبوون، بۆیە گەشتێكی دیكەم زیادكردووە بۆ خشتەی گەشتەكانمان". هاریس هەروەها گوتیشی "داواكاری هەبوو بۆ زیادكردنی گەشتێكی دیكە لەمساڵدا، بۆیە رەنگە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ گەشتێكی دیكە رێكبخەین".
ژمارەیەك كۆمپانیای گەشتیاری لە بەریتانیا بۆ ماوەیەكی نادیار گەشتەكانیان بۆ كوردستان و عێراق وەستاندووە.‌ ئەوان چاوەڕێن ئەو توندوتیژییەی ئێستا كۆتایی بێت و بارودۆخەكە هەندێ جێگیر ببێتەوە.  هاریس دەڵێ بە وردی چاودێری بارودۆخی كوردستان دەكات و گەشتەكان كانسڵ دەكات ئەگەر بارودۆخەكە خراپتر بێت.
"نزیكەی چوار هەفتە لەمەوبەر خەریكبوو گەشتەكە كانسڵ بكەین، چونكە باردودۆخەكە مەترسیدار دیار بوو. بەڵام لەپاش هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا خەڵك دڵنیایان كردمە‌وە كە دۆخەكە گۆڕاوە و ئاسایی بووەتەوە. هیچ كەیسێك نییە كە تێیدا بیانییەك رفێندرابێت و هیچ كارەساتێكی نەخوازراو رووبەڕووی خەڵكی بیانی نەبووەتەوە لە كوردستان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا".
هاریس رێڕەوی گەشتەكانی لە‌ كوردستان گۆڕیوە. ئەو شوێنانەی دەكەونە نزیك سنووری سووریا لە خشتەی گەشتەكەدا لابراون، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە هاریس و گەشتیارەكانی نیگەران نەكردووە وەك سكیپی مێسیرۆی تەمەن 27 ساڵ. مێسێرۆ حەزی بە سەركێشییە. ئەو بە تەنیا بەسواری ماتۆڕ گەشتی كردووە بەناو مەكسیك و كوبادا.
"وە‌رزشكارێكی بەتوانام، زیاتر گەشتكردن وەك پێشبڕكێ و مەشقكردن تەماشا دەكەم، ئەوەش مانای ئەوەیە كە دەبێت مەترسییەكان بزانی و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە خۆتیان بۆ ئامادە بكەیت. هەروەها پێویستی بە پلانی پێشوەخت هەیە". ئەو گوتیشی "ئەگەر شتێك روویدا دەبێت پلانی دەربازبوونت هەبێت. من دڵنیایی گەشتكردنم هەیە، بۆیە ئەگەر شتەكان بگۆڕێن ئەوا گەشتەكەم دوادەخەم یان كانسڵی دەكەم."
ئەو شوێنانەی لە لیستی گەشتەكانی هاریسدان، لەو ناوچانە نین كە زۆر سەلامەت بن بۆ گەشتكردن وەك كۆریای باكوور و ئۆكراینا و شوێنی دیكە. هاریس راهاتووە بە گۆڕینی پلانەكانی گەشت لە دواساتەكاندا، بەڵام ئەو داواكارییە زۆرەی گەشت بۆ باشووری كوردستان بە دڵنیاییەوە سەرسامی كردووە.
هاریس دەڵێت "كاتێك گەشتێك بۆ ئۆكراینا رێكدەخەین، نزیكەی 10%ی گەشتیارەكان پەشیمان دەبنەوە، بەڵام بۆ كوردستان و عێراق ئەوە نابینم". رەنگە ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك بێت، وەك هاریس گوتی "هەندێك كەس پێشتر نەیانزانیوە كە گەشتكردن بۆ عێراق مەحاڵە. چەندین كەس هەبوون كە ماوەیەكی زۆر بووە ویستوویانە بچنە عێراق، بەڵام چاوەڕێ بوون بارودۆخەكە ئاسایی بێتەوە".
گەشتیارانی ئەو گەشتە تەنیا بەدوای خۆشیدا ناگەڕێن. مێسیرۆ خاوەن بزنسێكە كە ماڵپەڕێكی هەواڵی نێودەوڵەتی نوێی كردووەتەوە. هەروەها هیوایەتی كۆكردنەوەی زانیارییە. 
"قوتابیم لە بەشی سیاسەتە گشتیەكان. دمەوێت ئەوەندەی بتوانم خۆم ببەمە دەرەوەی شتە ئاساییەكان. لەم گەشتەمدا دەڕۆمە عێراق و لەوێشەوە بۆ ئێران و پاشان ئیستانبوڵ و لەوێوەش دەگەڕێمەوە ئەمریكا. رەنگە بتوانم چەند كتێبێك بخوێنمەوە لە هەفتەیەكدا بەڵام كتێب هەموو شتێكت فێرناكات، بەبڕوای من پێویستە لەگەڵ خەڵكانی دیكە مامەڵە بكەی بۆ شكاندنی ئەوە."
مات بەیرۆنی تەمەن 29 ساڵ كە خەڵكی لەندەنە، لاپەڕەی گەشتی هەیە لە تۆڕی ئینتەرنێت. چەند مانگێك لەمەوبەر بلیتی گەشتەكەی بۆ كوردستان كڕیوە.
"كاتێك بلیتی گەشتەكەم كڕی لە مانگی نیسانی رابردوو، كوردستان و عێراق سەقامگیر بوون، هەروەها گەشتكردن لە برەودا بوو. چونكە ئەوێ هەلێكی زۆرباشە بۆ من، بۆ نیشاندانی تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنە لە یەكێك لە چیرۆكەكانمدا".
بێرن هەروەها بلیتی گەشتەكەی بۆ ئۆكراینا كاتێك كڕی كە بارودۆخی ئەو وڵاتەش سەقامگیر بوو، بەڵام لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی لەو وڵاتەدا گەشتی كرد.
هاریس چەند داوایەكی لە گەشتیارەكانەوە پێگەیشتووە بۆ سەردانیكردنی كامپی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی یارمەتی، ئەو گوتی ئەوە كارێكی پیرۆزە، "بەڵام تەنانەت ئەگەر نیازیشت باش بێت، بڕواناكەم سەردانی كامپی ئاوارەكان كارێكی دروست بێت، بۆیە قسەم لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازەكان كردووە و داوام لێكردوون ئەگەر هەندێك لە گەشتیارەكان بەشداربن لەگەڵیان. ئەوان پرسیاریان كرد، دەتوانین چی لەگەڵ خۆمان بەرین، چی ببەخشین؟ هەوڵدەدەم بزانم چ رێكخراوێك پێشنیازی بردنی چ شتێك دەكات بۆ كوردستان، ئەگەر گوتیان باشە ئەوا ئەوە دەكەین".
لە گەشتەكەدا، دەچنە قەڵای هەولێر و مۆزەخانە و لەگەڵ هەندێك لە شوێنە مێژوویی و جوانەكانی كوردستان. بەڵام بۆ مێسیرۆ، هەلی چاوپێكەوتن و قسەكردن لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە كە لەژێر كاریگەری ناسەقامگیریدان، زۆر گرنگترە لە بینینی شوێنان.
ئەیمی گەتمان
رووداو- لەندەن

Thursday, September 11, 2014

هه‌رێم..18 هه‌زار و 395 كۆمپانیای خۆمالی و دوو هه‌زار و 900 كۆمپانیای بیانی تێدایه‌

images (5)
18 هه‌زار و 395 كۆمپانیای خۆمالی و دوو هه‌زار و 900 كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، به‌رێوه‌به‌ری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانیش ده‌ڵێت، به‌هۆی ئه‌و باردودۆخه‌ی كه‌ هه‌رێمی گرتۆته‌وه‌ تا ئێستا هیچ كۆمپانیایه‌كی بیانی نه‌كشاوه‌ته‌وه‌.
دلزار ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان رایگه‌یاند، به‌ هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانی گرتۆته‌وه‌ تا ئێستا هیچ كۆمپانیایه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی ئیفلاس یا زه‌ره‌ری زۆر، بۆیه‌ به‌ به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ هه‌رێم زۆر باشتر بووه‌.

وتیشی" به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی تائێستا هیچ كۆمپانیایه‌كی بیانی له‌هه‌رێم نه‌كشاوه‌ته‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی به‌رچاوه‌ هه‌ندێك كۆمپانیا كارمه‌ندانی خۆیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد،  ٨٠٠ كۆمپانیا له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن و زیاتر له‌سێ هه‌زار كۆمپانیاش هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم، ئه‌و رێژه‌ییه‌ی هه‌رێمی كوردستان سێ هێنده‌ی عێراقه‌.
ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ ڕوو، له‌ ئێستادا  له‌ هه‌رێمی كوردستان ١٨ هه‌زار و ٣٩٥ كۆمپانیای خۆمالی و دوو هه‌زار و ٩٠٠ كۆمپانیای بیانی تۆمار كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆی٤٠٠ كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ له‌ هه‌رێم تۆمار كراون نزیكه‌ ٨٠ كۆمپانیا بیانین.
NRT

Tuesday, November 26, 2013

تامی نوێ


IMAGE634652607503771250يودیت نیورینك
سۆپەرماكێتەكە توترك و كەلەرم و كاهوویەكی جوانی هەیە!، هەواڵەكە بەخێرایی بڵاوبۆوە لەفەیسبووك لەكۆمەڵگەی گەشەسەندوو لەكوردستان كەژمارەیەكی زۆر پەنابەرو خەڵكانی بیانی تێدایە كە بەشێوەیەكی كاتی یان بەهەمیشەیی لێرە نیشتەجێبوون.
 
خەڵكی بیانی زیاترو زیاتر روو لەكوردستان دەكەن و كاردەكەن و خواست و داخوازی تایبەت بەخۆیان هەیە. گرنگترینیان دابینكردنی جۆرایەتی خۆراكە بەشێوەكی باشتر. سەرەنجام سۆپەرماكێتەكان بەرهەمی نوێ هاوردە دەكەن و دەخەنەڕوو, لەبەرئەوەی دەزانن كە كڕیاریان بۆ پەیدابكەن و بدۆزنەوە. هەروەك چێشتخانەكانیش خۆراكی هەمەجۆرو زیاتر پێشكەش دەكەن, لەپرسگەكاندا لەهەولێر تەنانەت خۆراكی رۆژئاوایی هەمەجۆر پێشكەش بەئێمە دەكرێن.
 
كاتێك كەشەش ساڵ لەمەوبەر گەیشتمە كوردستان, پێویست بوو خۆم بگونجێنم لەگەڵ ئەو خۆراكانەی كە لەبازاڕدا پێشكەش دەكران, هیچ كەس خۆراكی بۆ من هاوردە نەدەكرد, وەكو حەزوو ئارەزووی من وەك كەسێكی بیانی. دركیشم بەوەكرد, كاتێك كەهەوڵمدا خواردنی رۆژئاوایی ئامادەبكەم, میوانەكانم دڵخۆش نەبوون, لەبەرئەوەی زۆر خوویان گرتووەو راهاتوون لەسەر خواردنی خۆماڵی كوردی.
 
كاتێك كە گەڕامەوە ماڵەوە جانتەكەم پڕ دەكرد لەو خواردنانەی كە تامەزرۆبووم بۆیان, پەنیرو كەرەی باش و نانی جوان. خەریك بوو دەستبەرداری چێشتلێنانیش بم.
 
لەگەڵ هاتنی خەڵكانی بیانی زیاتردا, پێشكەوتن و پەرەسەندنێك دەبینم كەمن لەهۆڵەندا چەندین ساڵ بەرلەئێستا بینیومەو ئاشنای بووم. چێشتلێنانی دایكم سادەو ساكاربوو, لیستی خۆراكەكانی هۆڵەندا بریتیبوون لەپەتاتەی كوڵاو, سەوزە, پلێك گۆشت و شلەیەك كە لەگەڵ پەتاتەكەدا پێشكەش بكرێت. كاتێكیش كە بیبەری سەوزو سوور كەوتە بازاڕەوە, دایكم نەیدەزانی كە چییان لێبكات لەڕووی لێنانەوە بەشێك بێت لەژەمە خۆراكەكانی رۆژانە, بەهەمانشێوە هۆڵەندا دەستیكرد بە بەرهەمهێنانی باینجان و قارچك و كولەكەو سیر, دایكم نەیدەزانی چی لەمانیش بكات؟.
 
كاتێكیش كەڕەچەتەی ئامادەكرنی خۆراكەكانی لەگۆڤارەكان بەكاردەهێنا زۆریدەخایاند تاوەكو سەوزە نوێكانی ئامادە دەكردو ژەمێكی پێدروست دەكرد, هەر ئەوەندەبەس نەبوو كەزاڵ بێت بەسەر نەزانینەكەی خۆیدا, بەڵكو دەبوایە بزانێت كەچۆن منداڵ و هاوسەرەكەی رابهێنێت لەسەر تامی ئەو خۆراكە جۆرە بەجۆرە تازانەی ئامادەیان دەكات.
 
من دەتوانم هەمان شت جارێكی دیكە لەدەوروبەرم ببینم. كورد راهاتوون لەسەر برنج و شلە لەكاتی نیوەڕۆدا. زۆر ئەستەمیشە كە ژەمی خۆراكەكەیان بگۆڕێت، بەڵام دەزانم كە بەتێپەڕبوونی كات جۆرایەتی خۆراكەكە دەگۆڕن.
 
بەنیستبەت هەركەسێك, لەبەرئەوەی كەپێكهێنەری سەرەكی خۆراكەكەیان چەورییە، ناتوانین كەزۆر تەندروست بین لەكاتێكدا كەخەڵك زۆر كەمترو كەمتر دەجوڵێن. ئەوەش هۆكارێك بوو بۆئەوەی كە هۆڵەندییەكان خووی خۆراكی خۆیان بگۆڕن. لێرەش لەكوردستان گۆڕانكاریی بەسەر ژەمی خۆراكدا هاتووە لەبەرئەوەی بەشێكی زۆر لەو كوردانەی لەتاراوگە بوون گەڕاونەتەوە.
 
كوردێك كە لەهۆڵەندا دەژی لەسەر فەیسبووك نووسیبووی زۆر زۆر تامەزرۆی «فریكەندیل»-م وەكو ئاماژەكردن بۆ فاست فودێكی هۆڵەندی, ئەوانی دیكەش وێنەی ئەو خواردنە هۆڵەندیەیان بڵاوكردەوە كە لێیان ناوە. ئێمەش هەموومان ئەو خواردنانەمان كەهی وڵاتی خۆمانە پۆست و بڵاودەكەینەوە كە لەدەرەوەی بازاڕەكانی هۆڵەندا, لەهەولێرو سلێمانی دەیبینین.
 
نەوەی پێشووتر پێدەچێت گۆڕانكاریی ئەنجامبدەن, تەنانەت باوكم هەرگیز فێرنەبوو سیر بخوات، بەڵام سەبارەت بەنەوەی نوێ, تامە نێودەوڵەتییەكە ئێستا لێرە ئاشنایە بەهەمەجۆرایەتی خۆراك ئەوەش دوای چەندین ساڵ لەدابڕان و پەراوێزخستن, كوردستان لەم بوارو لایەنەشەوە بەڕووی جیهاندا كرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
و: له‌ئینگلیزییه‌وه‌، هه‌ژار عوسمان
كوردستانى نوىَ
 

Wednesday, March 6, 2013

ئه‌مریكا‌و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی مه‌رجیان هه‌یه‌ بۆ پێدانی‌ ڤیزا به‌ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێم

فه‌لاح مسته‌فا- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ینێت "ئه‌مریكا و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا داوایان لێكرد‌ووین په‌نابه‌ره‌ نایاساییه‌كان به‌رینه‌وه‌ ئه‌وجا ده‌توانن ڤیزامان پێبده‌ن"، به‌ وته‌ی‌ فه‌لاح مسته‌فا-ش ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌رجانه‌ی‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێدانی‌ ڤیزا به‌ ها‌وڵاتییانی‌ هه‌رێم.  

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) له‌ ژماره‌ (132)ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 5ی ئازار) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی پێدانی ڤیزا به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوه‌ی نایاسایی چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، بونه‌ بارگرانی، بۆیه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ له‌ پێنه‌دانی ڤیزا به‌ هاوڵاتیان".

ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: "هه‌ر وڵاتێك كه‌ داوایان لێده‌كه‌ین ئاسانكاریی ڤیزامان بۆ بكه‌ن، ده‌ڵێن خه‌ڵكانێكی زۆر به‌ نایاسایی له‌ وڵاتانی ئێمه‌ن، با ئه‌وانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وجا ڤیزاتان ده‌ده‌ینێ، بۆیه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ بڕوایان به‌و كه‌سانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڕۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ وه‌فده‌كانی حكومه‌ت و قوتابیان و هه‌ندێك نه‌خۆشی، ڤیزا دراوه‌و به‌رده‌وامیشه‌".

فه‌لاح مسته‌فا رایده‌گه‌یه‌نێت "هه‌ر كه‌سێك له‌وانه‌ی ڤیزای پێده‌درێت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، كاریگه‌ری له‌سه‌ر متمانه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، روسیا، توركیاو ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان ڤیزا ده‌ده‌ن، ئه‌وانی تر له‌ به‌غدا ده‌یده‌ن".

پۆڵ ستیفن، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر پێشتر  رایگه‌یاندبو له‌مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ڤیزا ده‌ده‌ن به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌لاح مسته‌فا ده‌ڵێت: "بڕیاربوو مانگی 11ی ساڵی رابردو ئه‌مریكا ڤیزا بدات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانكرد‌ووه‌، ده‌ڵێن تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ به‌ هه‌ندێك مه‌رجه‌وه‌ ڤیزا ده‌ده‌ین، ڤیزای ئه‌وان گرنگه‌، به‌ڵام ناشكرێت مه‌رجی زۆریان هه‌بێت كه‌س نه‌توانێت وه‌ریبگرێت، هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ش پێیان وتووین ڤیزا ده‌ده‌ین، به‌ڵام تا ئێستا هیچیان نه‌كرد‌ووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ سیاسه‌تدا هیواو ئومێد ناخوات، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و لایه‌نه‌ی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردوین بێته‌سه‌ر مێز و رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێ بكات و ده‌ستوور په‌یڕه‌و بكات".

خه‌ندان 

Tuesday, January 8, 2013

کرێکار وه‌ک هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک خانه‌نشین ده‌کرێت


تاوەکو دێت دەرفەتەکان لە هەرێمى کوردستاندا زیاتر دەبن. بۆیەشە گەنجانى ئێمە باشتر وایە زیاتر ڕوویان لە هەرێمى کوردستان بێت و تواناکانى خۆیان لەناوخۆدا گەشە پێبدەن. یەکێک لەوانە مافى هاوڵاتیانە لەم هەرێمە و کرێکارانە. 
حکومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان هه‌وڵی‌ ده‌رکردنی‌ یاسایه‌کی‌ تازه‌ی‌ کار تایبه‌ت به‌ هه‌رێم ده‌دات، به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ به‌و یاسایه‌ ماف و ئیمتیازی‌ کرێکار دیاریده‌کرێت و سنووریش بۆ هێنانی‌ کرێکاری‌ بیانی‌ داده‌ندرێت. هاوکات هه‌ر به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ کرێکار وه‌ک هه‌ر فه‌رمانبه‌رێکی دیکه‌ خانه‌نشین ده‌کرێت.
یاسین عه‌زیز، سه‌رۆکی‌ سه‌ندیکا کرێکارییه‌کانی‌ کوردستان به‌ (خه‌ندان)ی‌ راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی‌ خزمه‌تکردنی‌ زیاتری‌ کرێکاران و ده‌سته‌به‌رکردنی‌ مافه‌کانیان به‌ یاسایه‌کی‌ سه‌رده‌میانه‌، حکومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان له‌ رێگای‌ وه‌زاره‌تی‌ کارو کاروباری‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌، به‌ هاوکاریی‌ سه‌ندیکاکانی‌ کرێکاران و ژووره‌کانی‌ پیشه‌سازی‌ و بازرگانی‌ کوردستان پرۆژه‌یاسایه‌ک بۆ یاسای کاری‌ تایبه‌ت به‌ هه‌رێم ئاماده‌ده‌کات.
یاسین عه‌زیز وتیشی‌: ده‌رکردنی‌ یاسایه‌کی‌ تایبه‌ت به‌ کار له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان به‌شێوه‌یه‌ک ده‌بێت له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێم و بارودۆخی‌ ئێستای‌ کرێکار بگونجێت، به‌ر له‌ ئاماده‌کردنی‌ پرۆژه‌که‌ چه‌ندین کۆنفرانس و سیمیناری‌ بۆ سازده‌کرێت ، تاکو له‌ دواجار پرۆژه‌یه‌کی‌ پوختکراوه‌ ئاماده‌ بکرێت‌و له‌ رێگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان بکرێت بۆ په‌سندکردنی‌.
ئه‌وه‌شی‌ روونکرده‌وه‌: تائێستا له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان کار به‌ یاسای‌ ژماره‌ 71ی‌ ساڵی‌ 1987ی‌ عیراق ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش ته‌واو ماف به‌ کارێکار نادات، به‌تایبه‌تی‌ کرێکاری‌ رۆژانه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت گرێبه‌ستیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ به‌گوێره‌ی‌ ستانده‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌بێت و تێیدا ماف و ئیمتیازی‌ کرێکار له‌رووی‌ کرێی‌ ئیشکردن ‌و جۆره‌ی‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیان دابینده‌کرێت.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شکرد: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ یه‌کلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ که‌ ئایا مه‌سه‌له‌ی‌ کرێکاری‌ بیانی‌ له‌ چوارچێوی‌ یاساکه‌ بێت، یان یاسایه‌کی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بێت، به‌ڵام به‌گشتی‌ له‌و گۆڕانکاریانه‌ مافه‌کانی‌ کرێکار به‌بیانی‌ و ناوخۆوه‌ دابین ده‌کرێت.
وتیشی:له‌کاتی‌ ده‌رچو‌ونی‌ ئه‌و یاسایه‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی‌ تری‌ حکومه‌ت پابه‌ند ده‌کرێن به‌ جێبه‌جێکردنی‌.
"هه‌وڵیشده‌درێ هێنانی‌ کرێکاری‌ بیانی‌ رێکبخرێت و به‌گوێره‌ی‌ پێویستی‌ ناوخۆ بێت، بۆ ئه‌مه‌ش رێگا به‌و کرێکارانه‌ ده‌درێت که‌ له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌ست ناکه‌ون، له‌رووی‌ هونه‌ری‌ یان ئه‌و کارانه‌ی‌ لێره‌ کرێکاری‌ خۆمان ئاماده‌نین ئه‌نجامی‌ بده‌ن"، یاسین عه‌زیز وای‌ وت.
ئاماده‌کردنی‌ پرۆژه‌یه‌ک بۆ یاسای‌ کار له‌کاتێکدایه‌ ، له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ رابردوو په‌رله‌مان یاسای‌ خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌ری‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌موارکرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و هه‌موارکردنه‌ کرێکار وه‌ک هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک ده‌توانێت خانه‌نشین بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌و هه‌موارکردنه‌ یه‌کلایی نه‌کرایه‌وه‌ و بووه‌ جێگای‌ ره‌خنه‌، چاره‌سه‌رنه‌کردنی‌ کێشه‌ی‌ کرێکاری‌ رۆژانه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌نکاریان دیار نییه‌..
ئەم هەنگاوە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە مایەى دڵخۆشى کرێکارو فەرمانبەرانى چین و توێژە جیاوازەکان. لەهەمان کاتدا هاندەرێکى گەورەیە بۆئەوەى گەنجانى ئەم هەرێمە تواناکانى خۆیان باشتر پێشبخەن لە کەرتى تایبەتیشدا و تەنها ڕوو لە دامودەزگاکانى حکومەت نەکەن.
لەهەمان کاتدا ئەمە دڵنیاییەک دەبەخشێت بە هاوڵاتیان ئەگەر لەدەرەوەى دامودەزگاکانى حکومەتیش کار بکەن هیوا بڕاو نەبن.
بۆ ئەم بابەتە سوود وەرگیراوە لە  ڕاپۆرتێکى (ڕەهێڵ سەمەد)، کە لە (خەندان) بڵاوکراوەتەوە. 

Thursday, December 6, 2012

هێڵی بازرگانی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و هه‌رێمی‌ کوردستان دەکرێتەوە


دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا (FFA) بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کە ١٦ ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی ڕاگرتنی هێڵی بازرگانی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابوی، ڕاشیگەیاند سەرلەنوێ گەشتەکانیان بۆ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.

ماڵپەڕی کۆنکۆرد مۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا (FFA) بڕیاریداوە بە کردنەوەی گەشتی ئاسمانی بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا، ئەمەش بەهۆی بەرەوپێشچونی باری ئەمنی و بەکارهێنای ئەم ڕێگە بازرگانییە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بێ ڕودانی هیچ کێشەیەک.

دەزگای (FFA)  ئەوەشی ڕاگەیاندووە"هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەتوانرێت بەشێوەیەکی سەلامەت لەلایەن فڕۆکە بازرگانییەکانی ئەمریکاوە بەکار بهێنرێت".

ئەم بڕیارەش پاش ئەوە دێت کە گەشتی فڕۆکە ئاساییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرزی ٢٠ هەزار پێەوە ڕێگەی پێدراوە.

لە هەواڵەکەدا ئەوەش هاتووە، دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوە کردووە بۆ ڕێکخستنی کاروباری گواستنەوەی فڕۆکە ئەمریکیەکان بۆ عێراق ، هەروەها ڕاشی گەیاندووە کە هەڵسەنگاند بۆ فڕۆکەخانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لە دۆخی ئەمنی و جێبەجێکردنی بڕیاریرەکە لەو شارانەی دیکەشدا.

لە ساڵی ١٩٩٦دا ئەمریکا سەرجەم گەشتەکانی بۆ عێراق ڕاگرت، بەمەبەستی سەلامەتی هاوڵاتیان بەهۆی ململانێکانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن دوابەدوای ئەوەش ڕوخانی ڕژێمەکە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، لەم ساڵیشدا بەهۆی باشبونی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جاریکی تر بڕیاری کردنەوەی ئەوڕێگا بازرگانیانە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ئینگلیزییەوە هاوڕێ فەریق
خەندان-