Showing posts with label Kurdish culture. Show all posts
Showing posts with label Kurdish culture. Show all posts

Sunday, December 28, 2014

ئەڵمانیا.. بزووتنەوەیەكی رەگەزپەرستی دژی پەنابەران سەرهەڵدەدات



ماوەی چەند هەفتەیەكە، هەموو رۆژانی دووشەممە بە هەزاران كەس دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دروشم دژی پەنابەرانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە. بەرپرسانی ئەڵمانیاش هۆشداری دەدەنە رێبەرانی ئەو بزووتنەوە رەگەزپەرستە كە كۆتایی بەخۆپێشاندانەكان بهێنن.
تا دێت شەپۆلی ناڕەزایی راسیستەكانی ئەوروپا دژی پەنابەران زیاتر دەبێت. نوێترین كاردانەوەی راسیستەكانیش لە ئەڵمانیاوە سەرچاوەی گرت كە ئێستا بزووتنەوەیەكیان پێكهێناوە بەناوی پێگیدا، واتە (هاوپەیمانیی نیشتمانی دژ بە ئیسلامیكردنی ئەوروپا).
ئەم بزووتنەوەیە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر یەك ملیۆن كوردی پەنابەری ئەم وڵاتە كە زۆربەیان موسڵمانن. ئەوان پێیانوایە پەنابەرە موسڵمانەكان خێر و بێری ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان بردووە و هەڕەشەش لە ئایندەی وڵاتەكەیان دەكەن.
ئەو بزووتنەوەیە چالاكییەكانی زۆرتر لە هەرێمی ساكسنە، بەتایبەتی لە شاری درێسن، هەفتە لە دوای هەفتەش ژمارەیان زۆرتر دەبێت. لە دروشمەكانیشیان نووسراوە كە بە ئیسلامیكردن رابگیرێت، هەروەها دژی سیاسەتی تایبەت بە پەنابەری لە ئەڵمانیا خۆپێشاندان دەكەن. 
تاوەكو دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە شاری درێسدن چالاك بوو، بەڵام ئێستا خۆپێشاندانەكانیان فراوان كردووە و چەندین شاری ئەڵمانیای گرتووەتەوە. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەڵمانیا دروستكردووە، زۆربەی پارتەكان و بەرپرسانی ئەڵمانیا هاتوونەتە قسە لەدژی گرووپەكە.
 ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا هۆشداری دایە بەشداربووان كە نەكەونە داوی راستڕەوە توندڕەوەكانەوە و وریابن لەوەی بەكاریان بهێنن بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان. وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵنیش ئەم گرووپە بە "مەترسیدار" دەزانێت و هاووڵاتیان لە مەبەست و نیەتی ئەم بزووتنەوەیە ئاگادار دەكاتەوە.
رالف جاگەر، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن گوتی "ئەمانە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئێمە، بەترسەوە تەماشایان دەكەین، چونكە نازییە رەگەزپەرستەكان بە جلی مەدەنییەوە چوونەتە نێو خۆپێشاندەران، ترس و دڵەڕاوكێیان خستووەتە دڵی هەمووان".
ناوبراو گوتیشی "مەترسی ئەو بزووتنەوەیە لەوەدایە كە چینی ناوەندی كۆمەڵگەی ئەڵمانی پشتگیری لێدەكەن، ئەمەش وادەكات تەنیا وەكو  بزووتنەوەیەكی بچووك نەمێنێتەوە، بەڵكو سەربكێشێت بۆ تەواوی ئەڵمانیا. بۆیە زۆر گرنگە خەڵك لە مەترسی ئەو گرووپە ئاگادار بكەینەوە و نەهێڵین نازییەكان هەیمەنەیان زۆرتر بێت".
پێگیدا لە شاری درێسن 15 هەزار كەسی هێنایە سەر شەقام، هەروەها لە شاری بۆن نزیكەی 200 كەس هاتنە سەرشەقام. لە نێو خۆپێشاندەراندا گەنج و پیر و كەسی ئاسایی هەن، لە دروشمەكانیاندا دەڵێن "لە هەر كوێیەك ئیسلام هەبێت، لەو شوێنە دیموكراسی نییە". هەروەها دەڵێن "لە ئەڵمانیا شوێن بۆ ئەڵمانی نەژادەكان نەماوە".
كچێكی تەمەن 22 ساڵ كە لەنێو خۆپێشاندەرانی بزووتنەوەی پێگیدا دروشمی دەگوتەوە بە (رووداو)ی گوت "من دەترسم ئەڵمانی نەژادەكان لێرە نەمێنن، ئەو پەنابەرانەی دێن هەموویان تیرۆریستن، كار وا بڕوات نەژادی ئەڵمانەكان لێرە نامێنێ".
ئەو كچە گوتی كە بە پلەی یەكەم دژی هاتنی ئەفریقییەكانە بۆ وڵاتەكەی "ئەوان دەیانەوێت چێژ لەو ژیانە خۆشەی ئێمە وەربگرن، داوای مافی خۆیان دەكەن. ئێمە ئەم ژیانەمان زۆر بە زەحمەتی بەدەستهێناوە". گوتیشی "بەڵێ‌ من نازیم، دەمەوێت منداڵەكانمان لەو كەسانە بپارێزین كە هەر رۆژێك شوێنێك دەتەقێننەوە".
كار و كردەوەی هەندێك لە پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا، دەنگی ناڕەزایی راسیستەكانی ئەوروپای دلێرتر كردووە، ئەمەش وایكرد لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بێت، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپاش ژمارەیان لەزیادبوونە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی پارتی سوێدییە دیموكراتەكان كە پارتێكی راسیستە بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد.
پیاوێكی قژزەردی چاوشینی ئەڵمانی كە بەشداری خۆپیشاندانی بزووتنەوەی پێگیدای كردبوو، گوتی "من ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئێرە لەبەر ئەوەی ئیسلام لێرە زەرەمان لێدەدات، ئەم سەرپۆش بەسەرانە كێشەن بۆ ئێمە. من دژی سیاسەتی پەنابەرانم، دژی هاتنی ئاوارە موسڵمانەكانم، بەڵام هەر مەسیحییەك  یاخود ئێزیدییەك لە سووریا یان لە كوردستان ژیانیان لەبەر داعش لە مەترسیدا بێت، با بێن بۆ ئێرە و بەخێر بێن سەرچاو".
لە ئەڵمانیا نزیكەی 4.5 ملیۆن موسڵمان دەژین، بەڵام زۆربەیان پابەند نین بە یاسا و رێساكانی ئاینی ئیسلام. بۆیە بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن پێگیدا مایەی شەرمەزارییە بۆ ئەڵمانیا و نابێت رێگە بدرێت بە نازییە رەگەزپەرستەكان ئەم مەسەلەیە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربێنن. 
زۆربەی ئەڵمانەكان دژی ئەم بزووتنەوەیەن و پێیانوایە زیان بە پێكەوەژیانی گەلان لە ئەڵمانیا دەگەیەنێت. لە شاری بۆن بەهەزاران خەڵك دژی پێگیدا خۆپێشاندانیان كرد و رێگەیان لێگرتن بچنە ناو شار. لەسەر سلۆگۆنەكانی خۆپێشاندەرانی دژ بە پێگیدا نووسرابوو بەڵێ بۆ هەمەڕەنگی و نا بۆ نازیزم.
كوردێك كە بەشداری لە خۆپێشاندانی دژ بە پێگیدا كردبوو بە (رووداو)ی گوت "ئەمانە نایانەوێت كەس لەو وڵاتەدا بژیت".
ئێستا پێگیدا بەرپرسانی ئەڵمانیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ژمارەیان رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات، پسپۆڕان دەڵێن هەموو بەشداربووان راستڕەوە توندڕەوەكان نین، داوا دەكرێت پارتی دەسەڵاتدار چاو لە جموجوڵی پێگیدا نەپۆشێت. بەڵام پێگیدا بۆ ئەم دووشەممەیەش ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ خۆپێشاندان.
لەلایەن ئاڵا شاڵی رووداو - ئەڵمانیا

Monday, January 20, 2014

لە ئەڵمانیا كچێكی كورد لە ترسی بەزۆر بەشوودان لە ماڵەوە هەڵدێت


كچێكی كوردی دانیشتووی ئەڵمانیا دوای ئەوەی دەزانێت كەسوكارەكەی بە نیازن بەزۆر بەشووی بدەن، لە ماڵ رادەكات و دەچێتە ماڵی پووری، ئێستا ئەو كچە وێڵی دۆزینەوەی كارێك و خانوویەكە بۆ ئەوەی دوور لە كەسوكارەكەی بژی. 

32947image1
هەمیشە بابەتە كۆمەڵایەتییەكانی كوردی ئەوروپا وەكو مەسەلەی نامووس لە هەموو شتێكی دیكە زیاتر لەنێو میدیای ئەو وڵاتانەدا دەنگدەدەنەوە. ئەمجارەش چیرۆكی گوشاری خێزانێكی كورد لەسەر كچەكەیان دەبێتە بابەتی رۆژنامەكانی ویلایەتی با
دێن ڤورتێنبێرگی ئەڵمانیا. ئەو كچە كوردە كە ناوی (ئایلین. ن)ە و تەمەنی 30 ساڵە، بەهۆی گومانەكانی دایكی و هەوڵی بەزۆر بەشوودانی، لە ماڵ هەڵدێت و ئێستا لە ماڵی پووری دەژیت. ئایلین ئێستا لە كار و خانوویەك دەگەڕێت بۆئەوەی تێیدا بژیت و بۆ خۆی بژێوی ژیانی پەیدابكات.

بەپێی میدیا لۆكاڵییەكانی هەرێمی بادێن ڤورتێنبێرگ، ئایلین تاوەكو ماوەیەكی كورت لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەكەی لە ویلایەتی نۆردراین ڤێستفالن دەژیا، ئێستا لە نزیك شارۆچكەی لۆراچە. 

خێزانی ئایلین ساڵی 1970 بۆ مەبەستی كاركردن لە باكووری كوردستانەوە روودەكەنە ئەڵمانیا. بەپێی قسەكانی (ئایلین. ن) خێزانەكەیان وەكو كۆمەڵگای ئەوروپا رەفتاریان دەكرد و هیچ كەسیان سەرپۆش نەبوو منیش وەكو هەموو هەڤاڵانی قوتابخانەكەمان گەورەبووم.  

خێزانەكەم هیچ گوشارێكی لەسەر من نەبوو لەسەر مەسەلەی ئاین وەكو رۆژووگرتن و نوێژكردن، بە هەمانشێوە لەگەڵ هەردوو براكانم. 
تەنیا نەمدەتوانی وەكو كچانی هاوتەمەنم بەشێوەیەكی ئازاد پەیوەندیم لەگەڵ كوڕان هەبێت.‌‌

دایكی گومانی لێدەكات

بە تێپەڕبوونی كات، هەردوو برای ئایلین پەیوەندی خۆشەویستی دروستدەكەن و ژن دێنن. ئەویش دەیەوێ كەسێك بدۆزێتەوە و وەكو ئەوان هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام پەلە ناكات لەو مەسەلەیە.

ئایلین دەڵێت، دوای ئەوەی تەمەنی بووەتە 25 ساڵ، گوشاری دایك و باوكی لەسەری زیادبوون. ئەویش ئەم گوشارە وەكو ‘‘تیرۆری دەروونی‌‌ ناودەبات. ئەو تا ئەوكاتە چاودێری دایك و باوكی دەكرد كە هەردووكیان خانەنشین بوونە.  هەرگیز بیری لە هاوسەرگیری نەدەكردەوە. هەر كەسێكیش پرسیاری بكردایە كە بۆچی شوو ناكات، وەڵامی دەدایەوە كە ‘‘هێشتا قسمەت نەبووە.‌‌ 

بەڵام دایكی گومانی لا دروست دەبێت كە بۆچی كچەكەیان مێرد ناكات و پێیوایە كچەكەیان كچێنی خۆی لە دەستداوە بۆیە نایەوێ شووبكات. ئەوە وادەكات كە دایكی چاودێری تەلەفۆن و شوێنی كاری بكات، هەروەها چاودێری عەدادی ئۆتۆمبێلەكەی بكات بۆ ئەوەی بزانێت رۆژانە چەند كیلۆمەتر رۆیشتووە و بۆ كوێ رۆیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێدەكات بەشداری شایی كوردان بكات بۆ ئەوەی خەڵك بناسێت. 

دایكی لەو باوەڕەدابوو كە بەهۆی شاییەكانەوە دەكرێ كوڕێكی كورد بناسێت و مێردی پێبكات. بەڵام بەهۆی وەڵامە ‘‘نا‌‌یەكەی ئایلین گومانەكانی زیاتر دەبن. بەمشێوەیەش گوشارەكان لەسەر كچەكە زیاددەبن. بەڵام ئایلین هەمیشە ئەو وەڵامە دەداتەوە ‘‘من هەرگیز بۆ دروستكردنی منداڵ شووناكەم.‌‌

فەرمانگەی كار و رۆژنامەكان پشتیوانی دەكەن

دوای ئەوەی ئایلین بڕیاردەدات ماڵەكەیان بەجێبێڵیت، بەبێ ئەوەی هیچ گومانێك دروست بكات پەیوەندی بە ماڵی پووریەوە دەكات و لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنەوە روودەكاتە هەرێمی لۆراچ كە دەكەوێتە سێگۆشەی ئەڵمانیا، سویسرا و فەرەنسا. 

ئایلین ئێستا لە هەرێمی لۆراچە و لە كار و خانوویەك دەگەڕێت. رۆژنامەكانی ئەو ناوچەیەش بەهۆی بڵاوكردنەوەی ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی بەرپرسی فەرمانگەی كار، هاوكاری ئایلین دەكەن.
رووداو - ئەڵمانیا

Sunday, May 26, 2013

ئه‌ڵمانیا.. بۆ فێربوونی زمانی كوردی دوو خوێندنگای نوێ ده‌كرێنه‌وه‌


له‌ڕوانگه‌ی سوربوون و فراوانكردنی بازنه‌ی كارو چالاكیه‌كانی لقی ئه‌ڵمانیای یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستاندا دوو خوێندنگای تر له‌ هانۆڤه‌ر ده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌ كه‌ لقی ئه‌ڵمانیا وه‌ك خوێندنگای پێنجه‌م و شه‌شه‌م  ڕایگه‌یاند.

ئاشكرایه‌ لقی ئه‌ڵمانیای یه‌كێتی مامۆستایان سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌رده‌ستی ژماره‌یه‌ك مامۆستای كوردی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا دروستبووه‌و وێرای كاركردن بۆ هێنانه‌دی به‌رنامه‌ی گشتی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایان، له‌هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌و مامۆستایانه‌شدایه‌ كه‌ له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژین به‌ئامانجی دروستكردنی چه‌ترێكی رێكخراوه‌یی بۆ توانا زانستیه‌كانیان و به‌گه‌ڕخستنیان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی وتنه‌وه‌ی زمانی دایك دا، ئه‌م رێكخراوه‌ كه‌ئێستا بۆته‌ رێكخراوێكی چالاك سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگ و كێشه‌كانی به‌رده‌می له‌هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی بواری خوێندن و كۆكردنه‌وه‌ی خوێندكاران و مامۆستایاندایه‌و به‌كارو ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێت خزمه‌ت به‌نه‌وه‌ی نوێ و ره‌وه‌ندی كوردی بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌م ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكاته‌ پێشه‌نگی كاره‌كانیان و به‌هاوكاری ئه‌و خێزانانه‌ هه‌فتانه‌ چه‌ند سه‌عاتێك وانه‌ی فێركردنی زمان و رێنووسی كوردی به‌خۆڕایی و بێ هیج به‌رامبه‌رێك به‌مناڵان بڵێنه‌وه‌.

بێگومان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا یه‌كێتی مامۆستایان هاوكاروپشت وپه‌نایانه‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌ستخۆشی له‌ مامۆستا خۆبه‌خشه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌و هه‌ر مامۆستایه‌كی به‌ڕێزی دیكه‌ ده‌كات كه‌هه‌مان ئه‌ركی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، هه‌مولایه‌كیش ئاگادار ده‌كات كه‌چالاكی نوێی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بریتیه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی پێنجه‌م وه‌ شه‌شه‌م خوێندنگای كوردی له‌شاری هانۆڤه‌رو ده‌وروپشتی هانۆڤه‌ر خوازیاریشن له‌دڵه‌وه‌ كه‌به‌هه‌مان شێوه‌ی منداڵانی ده‌رچوی خوله‌كانی دیكه‌ سه‌ركه‌وتوبن و سوپاسی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی ته‌واوی دایكان و باوكانیش ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی ئه‌م كاره‌پیرۆزه‌ كه‌به‌زیندو راگرتنی زمانی كوردی و به‌رز راگرتن و پاراستن و فێربونیه‌تی له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا.
 
  Heiß    Haus
30455 Hannover
تكایه‌ بۆ هه‌ردوو خوێندنگای په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ خاتو نه‌سرینه‌وه‌.

PUKmedia  ئه‌ڵمانیا

Sunday, March 17, 2013

ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە


بەپێی ئەو زنیارییانەی دەست لڤین پرێس كەوتووە ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە.

هەنزەڵا مالیك ئەندام پەرلەمانی سكۆتلاندا، بۆنەیەكی رێكخست لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەڕۆژی (١٤/٣/٢٠١٣) بۆ یادكردنەوەی تاوانەكانی هەڵەبجەو ئەنفال. 

ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كوردی لەسكۆتلاندا ئامادەی بۆنەكەبوون، هەروەها ژمارەیەك لەئەندامانی تری پەرلەمانی سكۆتلانداو پارێزەرو پزیشك ئامادەی بۆنەكە بوون.

هەنزەڵا مالیك، كە جلی كوردی پۆشیبوو، بۆنەیەكەی بەچەند وتەیەك دستپێكرد، دوای ئەوە فیلمێكی دۆكومینتاری بەناوی 'ئەنفال'ەوە پێشكەشكرا كە لەدەرهێنانی هونەرمەندی ناسراو (گوین رۆبرتز)، فیلمە دۆكۆمینتارییەكە ئەو تاوانانەی پیشاندا كە دژی كوردەكانی عێراق ئەنجامدرابوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە. 

لەبەشێكی تری بۆنەكەدا، د. گۆران عەبدوڵڵا، خوێندكاری دكتۆرا لەزانكۆی ئەدەنبرە وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو لەوتارەكەدا وێرای سوپاسی ڕەوەندی كوردی بۆ هەوڵ‌و ماندبوونەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی كە بۆنەكەی رێكخستبوو ئەندام پەرلەمانەكانی تر كە لەهەوڵی ناساندنی تاوانی جینوسایدی كوردن لەسكۆتلاندا، تیشكی خستە سەر ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە پێش باشتركردنی بارودۆخی قوربانییەكانی ئەنفال‌و كیمیابارن لەئێستاداو چۆن سكۆتلاندا دەتوانێت هاوڕێ‌و هاوپەیمانێكی گرنگ بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو كێشانەدا. 

لەكۆتایشدا، هەنزەڵا مالیك جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووەو لەنزیكەوە ئاگای لەتواناو تینوییەتی كوردە بۆ پێشكەوتن‌و سەركەوتن بەسەر ئازارەكانی رابووردوودا، هەروەها ئومێدی خۆی دەڕبڕی بۆ هەبوونی چانسێكی گەورە لەبەردەم هەردوو گەلی كوردو سكۆتلاندا بۆ هاوكاری‌و پاڵپشتیكردنی یەكتری، ئامادەبووانیش خۆشاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی لەلایەن پەرلەمانی سكۆتلانداوە پێشكەشیان دەكرێت‌و ئامادەباشی خۆیان پیشاندا بۆ پێكەوە كاركردن لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی كورد لەسكۆتلاندا. 
 لڤین پرێس 

Tuesday, May 1, 2012

كوشتنی‌ كچه‌ كوردێك له‌سوید ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ دروستده‌كات

به‌شێك له‌هاوڵاتیان مه‌رگی‌ ماریایان به‌قوربانی‌ شه‌ره‌فی‌ كوردایه‌تی‌ لێكدایه‌وه‌
هه‌واڵی‌ “کوژران” ی  ماریا بارۆی‌ تەمەن ١٩ساڵە لە 25 نیسانی‌ 2012  لەنێو میدیای سویدی دەنگی دایەوە و میدیاكان خێزانه‌كه‌یان به‌كوشتنی‌ ئه‌و كچه‌ تۆمه‌تباركرد .
له‌وڵاتی‌ سوید باسله‌وه‌ده‌كرێت كه‌كورده‌كان به‌بیانووی‌  پاراستنی‌ شه‌ره‌ف وئابڕویان كچه‌كانیان خه‌ڵتانی‌ خوێن ده‌كه‌ن.
بە پێ سەرچاوەکان ماریا لە ماڵی خۆیدا لە شارۆچکەی (لاندس کرونا) ی سوید دەدرێتە بەر چەقۆ، هەر بە ماوەیەکی کورتیش دوای کەتنەکە برا بچووکی ژنە کە هێشتا تەمەنی ١٦ ساڵە لە دەورورو بەری ماڵی ژنەی لە خوێن گەوزیو، بە گومانی تاوانی کوشتن دەستگیرکرا.
مێرمنداڵە ١٦ساڵییەکە هێشتا گومانی لەسەرە و ئازاد نەکراوە.
ڕۆژی دواتر ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵە بە گومانی کوشتن یا هاوکاری لەم کەتنە دەستگیر کرا.
باسله‌وه‌دكرێت كه‌ ئه‌و ژنه‌ “كوژراوه‌” بەر لە چەند ساڵێک کە تەمەنی هێشتا ١٣ تا١٤ساڵی دەبوو لە لایەن بنەماڵەکەی بردرابۆوە بۆ باشووری کوردستان و بە زۆر  درابوو بە شوو.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌
ئەم ژنە ماوەیەکه‌ له‌ماڵه‌وه‌ رایكردووه‌ و لەژێر ناو و ئەدرەسی نهێنی لە ژێر چاودێری پۆلیس و شارەوانی دەژیا، بەڵام بەم دوای یانە وەڕەس دەبێ و ماڵی‌ سەبەخۆی خۆی پێکەوە دەنێ.
به‌ڵام له‌دوای‌ پێكهێنانی‌ ماڵی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌  روبه‌ڕوی‌ كوشتن ده‌بێته‌وه‌. به‌شێك له‌هاوڵاتیانی‌ ئه‌و وڵاته‌ مه‌رگی‌ ماریا بارۆییان به‌قوربانیه‌كی‌ شه‌ره‌فی‌ كوردایه‌تی‌ لێكدایه‌وه‌.
سەرچاوەکان: ڕادیۆی سوید/ تەلفزیۆنی سوید/ ڕۆژنامەی ئێکس پرێس، ئەفتۆن بلادێت
هاوڵاتی‌، سەرکەش/ ئوپسالای سوید