Showing posts with label Australian policy. Show all posts
Showing posts with label Australian policy. Show all posts

Friday, December 19, 2014

لە جیهاندا 232 ملیۆن کەس ئاوارەن

18ی دیسەمبەر رۆژی جیهانی ئاوارەکانە، ئەمساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمی "من ئاوارەم"ی بەرزکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە دوایین ئامار دراوە، لە ئامارەکەدا ژمارەی ئاوارە نێودەوڵەتییەکان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەك لە ساڵی 2000 ژمارەکە 175 ملیۆن کەس بووە و ساڵی 2013 بەرزبووەتەوە بۆ 232 ملیۆن کەس، کە بەتێکڕایی دەکاتە 3.2 % لە دانیشتووانی جیهان لەدەرەوەی نیشتمانی خۆیان دەژین.

ئامارەکە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات رەگەزی مێ نیوەی کۆی ژمارەی ئاوەرەکان لەسەر ئاستی جیهان پێکدەهێنێ، زۆرترین ژمارەی ئاوارەکانیش لە رەگەزی نێر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانن. نزیکەی 6 لەسەر 10ی ئاوارە نێودەوڵەتییەکانیش، لەو وڵاتانەن کە داهاتیان بەرزە.

لە بەیاننامەیەک کە کۆمسیۆنی باڵا بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردووەتە، ئاشکرای دەکات لە سەرەتای ساڵی 2014وە زیاتر لە 207 هەزار پەنابەری نایاسایی هەوڵیان داوە لە دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە.

ئەم ژمارەیەش سێ بەرامبەر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە لە ساڵی 2011 ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، لەو ژمارەیش 70 هەزاریان لەو وڵاتانەوە هەڵاتوون کە بەهاری عەرەبی تێدا روویانداوە.
 گۆڤەند مستەفا
رووداو- سکای نیوز

Thursday, December 18, 2014

ساڵی ٢٠١٤ مەترسیدارترین ساڵى كۆچبه‌ران بوو

رۆژی ١٨ی دیسەمبەری ھەمووساڵێک وەک ڕۆژی جیھانی کۆچبەرانی نێوودەوڵەتی دیاریکراوە.
لەمساڵێشدا ڕێکخراوی کۆچی جیھانی لە ڕاگەیەنراوێکیدا ساڵی ٢٠١٤ ی بەمەترسیدارترین ساڵ بۆ کۆچبەران تۆمارکردووە چونکە لەم ساڵدا نزیکەی ٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لەنێوان وڵاتاندا گیانیان لەدەستداوە، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانیش لەم ڕۆژەدا داوایکردووە کەژیانێکی پڕشکۆ بۆ کۆچبەران فەراھەمبکرێت.
لەوبارەیەوە ئەم راپۆرتە ببینە…


له‌2014 نزیكه‌ی‌ 5 هه‌زار كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتی‌ ڕێكخراوی‌ كۆچی‌ جیهانی‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت ژماره‌ی‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی‌ كه‌ له‌پێناو ژیانێكی‌ باشتر ڕێگا مه‌ترسیداره‌كانی‌ كۆچیان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ساڵی‌ 2014 دا ڕووی له‌زیاردبوون كردووه‌و ژماریه‌كی زۆریش به‌و هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 
 به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتی‌ ڕێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ كۆچ لاسی‌ سوینگ به‌بۆنه‌ی‌ ڕۆژی‌ جیهانی كۆچبه‌رانه‌وه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ری‌ فه‌رمی‌ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا چه‌ندین ئامار ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ ته‌نها له‌ساڵی‌ 2014 (4868) له‌رێگا مه‌ترسیداره‌كانی‌ كۆچی‌ نایاسایدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌وه‌ش ساڵی‌ 2014 به‌رزترین ئاستی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ كۆچبه‌ران تۆمار كردووه‌ كه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی‌ ساڵی‌ ڕابردوو 2013 بووه‌.
به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌ی‌ رێكخراوی ناوبراو زیاتر له‌ 3 هه‌زار له‌و حاڵه‌تی‌ گیانله‌ده‌ستدانانه‌ی‌ كۆچبه‌ران له‌ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاستدا تۆماركراون‌و كۆچبه‌ران به‌هۆی‌ تێكشكانی‌ به‌له‌مه‌كانیاوه‌ له‌و ده‌ریایه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زیاتر له‌500 كۆچبه‌ریش له‌كه‌نداوی‌ به‌نغالی‌ زه‌ریای‌ هیندیدا له‌نزیك ولاَتانی‌ باشوری‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ئاسیادا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ بێت رۆژانه‌ 13 كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ له‌وڵاتانی جیهانی سێیه‌مه‌وه‌ به‌ره‌و رۆژئاوا كۆچیان كردووه‌.
هاوكات به‌رپرسی‌ ڕێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پاراستن‌و ڕزگاركردنی‌ گیانی‌ كۆچبه‌ران ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ سه‌رجه‌م ولاَتانه‌و ده‌بێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ڕزگاركردنی‌ كۆچبه‌ران زیاتر بكرێن‌و داوا له‌ولاَتانی‌ جیهان ده‌كات كه‌ ڕێوشوێنی‌ توند بگرنه‌به‌ر له‌دژی‌ ئه‌و قاچاخچییانه‌ی‌ كه‌ بازرگانی‌ به‌كۆچبه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له‌ولاَـانی‌ جیهان ده‌كات كه‌ ده‌رفه‌ته‌كانی‌ كۆچی‌ یاسایی‌و سه‌لامه‌ت بۆ ولاَته‌كانیان زیاد بكه‌ن.   
تائێستاش ولاَتانی‌ وه‌رگر پۆلێنی‌ كۆچبه‌ران به‌سه‌ر چه‌ندین ناوو ناونیشاندا ده‌كه‌ن وه‌ك كۆچبه‌ری‌ ئابووری‌، په‌ناخوازو په‌نابه‌ر كه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یاسای‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌و ژیان‌و سه‌لامه‌تیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، كاتێك ناتوانن ئه‌و پێودانگانه‌ی‌ ئه‌وان له‌خۆیاندا به‌دی‌ بكه‌ن وه‌ك كاتێك ناتوانن بیسه‌لمێنن په‌نابه‌رنی‌ ڕاسته‌قینه‌ن‌و ده‌كه‌ونه‌ به‌رمه‌ترسی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌وه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ئاماری‌ كۆچبه‌رانیش له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان، ڕێكخراوه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نزیكه‌ی‌ 232 ملیۆن كه‌س بوون به‌كۆچبه‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، واته‌ سنوری‌ ولاَته‌كه‌ی‌ خۆیان تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ئامانجی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ژیانێكی‌ باشترو سه‌لامه‌تتر.
ڕێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌هه‌بوونی‌ 33 ملیۆن‌و 300 هه‌زار ئاواره‌ی‌ ناوخۆیی‌ له‌ناوخودی‌ ولاَته‌كانی خۆیان له‌جیهانداو له‌گه‌ڵ هه‌بوونی‌ زیاتر له‌16 ملیۆن ئاواره‌ی‌ تر، جیهان ڕێكۆردێكی‌ نوێ‌ تۆمار ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین ڕێژه‌ی‌ ئاواره‌بوونی‌ خه‌ڵكه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕو ململانێیه‌كانه‌وه‌ له‌جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌مه‌وه‌. 
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ ڕێكخراوه‌كه‌ قه‌یرانه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق‌و سوریاو لیبیاو ئه‌فریقای‌ ناوه‌ڕاست و سودان و په‌تای‌ ئیۆلاو گۆڕانكاری‌ له‌كه‌شوهه‌وا له‌وانه‌یه‌ فاكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ ببن له‌پشت ئه‌و ئاماره‌ نوێیانه‌ی‌ كه‌ كۆچبه‌ران‌و ئاواره‌كان تۆماریان كردووه‌. 
سكرتێری‌ گشتی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (بان كی‌ موون) له‌سه‌ر ماڵپه‌ری‌ فه‌رمی‌ ڕێكخراوه‌كه‌ نوسیوێتی‌ "با له‌ڕۆژی‌ جیهانی كۆچبه‌راندا پابه‌ندبوونی‌ خۆمان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگا فره‌یی‌‌و كراوه‌كان‌و ده‌رفه‌ت‌و ژیانێكی‌ پڕ شكۆ بۆ كۆچبه‌رانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فه‌راهه‌م بكه‌ین". 
18ی‌ دیسه‌مبه‌ری‌ هه‌موو ساڵێك ڕۆژی‌ جیهانی كۆچبه‌رانه‌و به‌مه‌به‌ستی‌ ڕێزگرتنه‌ له‌و كۆچبه‌رانه‌ی‌ كه‌ ولاَته‌كانی‌ خۆیان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت به‌جێهێشتووه‌و له‌ساڵی 2000وه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ڕۆژی‌ كۆچبه‌رانی‌ جیهان ده‌ستنیشانكراوه‌.

Saturday, December 6, 2014

ئوسترالیا یاسایه‌كی‌ نوی‌ بۆ په‌نابه‌ران ده‌رده‌كات

ئوسترالیا به‌رده‌وامه‌ له‌سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆی به‌رامبه‌ر به‌ په‌نابه‌رانی‌ نایاسایی‌ له‌و وڵاته‌دا، به‌ پێی‌ یاسایه‌كی نوێش په‌نابه‌ران ده‌توانن فیزای‌ سێ ساڵه‌ وه‌رگرن.
ده‌وڵه‌تی‌ ئوسترالیا به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ (تونی‌ ئابوت)ی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران كه‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ پارێزگارانه‌،له‌ پلانیدایه‌ سیاسه‌تی‌ په‌نابه‌ران زیاتر به‌رته‌سكتر بكاته‌وه‌،په‌رله‌مانی‌ ئوسترالیا له‌ مشتومڕی‌ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ یاسایه‌كی‌ نوێ‌ بۆ په‌نابه‌ران ده‌ربكات، به‌ پێی‌ یاسا نوێیه‌كه‌ په‌نابه‌ران ده‌توان مۆڵه‌تی‌ سێ‌ تاپێنج ساڵ له‌و وڵاته‌دا وه‌ربگرن.
به‌ پێی‌ یاساكه‌ په‌نابه‌ران دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ مۆڵه‌تی‌ په‌نابه‌رێتیان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ڵام تا ئێستا روون نیه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت فیزا به‌ چه‌ند په‌نابه‌ر ده‌دات.
ره‌شنوسی‌ یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت په‌نابه‌ران مۆڵه‌تی‌ سێ‌ ساڵه‌یان پێبدرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ر رازی‌ بوو له‌و ناوچانه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ كاركردن تێیاندا چڕو پڕ تره‌ ئه‌وا مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ پێنج ساڵ بۆ زیاد ده‌كرێت. 
ده‌وڵه‌ته‌ پارێزگاره‌كه‌ی‌ ئوسترالیا باس له‌وه‌ده‌كات: به‌هیچ شێوازێك ئاماده‌ نیه‌ مۆڵه‌تی‌ بێ‌ كۆتا به‌ په‌نابه‌رانی‌ بدات و له‌ كاتی‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌راندا ده‌بێت په‌نابه‌ر به‌هه‌ر شێوازێك بێت وڵات به‌ جێبهێلێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی‌ خۆی‌.
میدیاكانی‌ ئوسترالیا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م یاسا نوێیه‌ ئه‌گه‌ری‌ په‌سه‌ندكردنی‌ له‌ لایه‌ن سیناتۆره‌كانه‌وه‌ زۆر به‌هێزه‌. زۆربه‌ی‌ سیناتۆره‌كانیش پشگیری‌ خۆیان بۆ یاساكه‌ ده‌ربڕیوه‌، تا ئێستا دوو بڕگه‌ی‌ یاساكه‌ رووبه‌ڕوی‌ ره‌خنه‌ بوه‌ته‌وه‌ و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر نه‌دراوه‌.
ده‌وڵه‌تی‌ ئوسترالیا به‌ توندی‌ رێگه‌ له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران ده‌گرێت و كه‌شتیه‌ جه‌نگیه‌ ده‌ریایه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی‌ وه‌ده‌رنانی‌ هه‌ر كه‌شتیه‌كی‌ په‌نابه‌راندایه‌ بۆ ئاوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.زۆرینه‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یش كه‌ ئیستا له‌و وڵاته‌دایه‌ ده‌گوێزێنه‌وه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی‌ باكوروی‌ وڵات.
وه‌رگێڕانی‌ له‌ فارسیه‌وه‌: عه‌لی‌ كریم
سه‌رچاوه‌: DW فارسی

Wednesday, November 26, 2014

نیگه‌رانى زۆر له‌باره‌ى یاساى كۆچى ئوسترالیاوه‌ په‌یدا ده‌بێت

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان
پارتى كرێكاران و سه‌وزه‌كان نیگه‌رانى زۆرى خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن له‌باره‌ى به‌رفراوان كردنى یاساى كۆچه‌وه‌، له‌دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سێناتى ئوسترالى پێشنیارى كرد و ڕۆژى دووشه‌ممه‌ په‌سه‌ند كرا. ته‌واوى یاساكه‌ ئه‌م بڕگه‌ سه‌ره‌كیانه‌ له‌خۆى ده‌گرێت:
-دووباره‌ چالاككردنه‌وه‌ى ڤیزاى پاراستنى كاتى و ده‌ركردنى ڤیزاى كه‌شێكى هێمن بۆ چالاكى و پڕۆژه‌.
-دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كێ داواكردنى مافى په‌نابه‌رى هه‌یه‌.
-ڕێگه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هۆكارى گواستنه‌وه‌و كه‌سه‌كان له‌هه‌رشوێنێك له‌ جیهاندا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى یاسا نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌كان.
-پێداچوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ى په‌نابه‌ران به‌ بنیاتنانى سیستمێكى خێرا.
-ئه‌و منداڵانه‌ى له‌ ئوسترالیا له‌دایك ده‌بن كه‌ باوك و دایكیان داواى مافى په‌نابه‌رى ده‌كه‌ن، هه‌مان پێگه‌یان پێبدرێت.
-هه‌ندێك له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان په‌یوه‌ست نین له‌ هه‌ندێ بارودۆخدا.
هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارته‌كانى كرێكاران و سه‌وزه‌كان شه‌وى دووشه‌ممه‌ ڕاپۆرتێكیان ئاڕاسته‌ى سێنات كرد. پارتى كرێكاران ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵى حكومه‌ت بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌ سیستمى دادوه‌رى له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌كه‌م ته‌ماشاكردنى كه‌یسى دادگاى باڵایه‌ له‌ئێستادا، كه‌ له‌باره‌ى تامیله‌كانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ریادا ده‌ستگیر كراون. سه‌وزه‌كانیش ده‌ڵێن كه‌ ئه‌و یاسایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ختترین ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ په‌رله‌مان به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و یاسایه‌كه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى په‌ناخوازانى ئوسترالى و به‌یاسایى كردنى هه‌وڵ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ ده‌ریادا.

Sunday, November 23, 2014

ئیندۆنیزیا: ڕه‌تكردنه‌وه‌ى په‌ناخوازان له‌لایه‌ن ئوسترالیاوه‌ قه‌یرانى هاوبه‌ش دروست ده‌كات

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان
حكومه‌تى ئیندۆنیزى ڕه‌خنه‌ى له‌ بڕیارى تاكلایه‌نانه‌ى وه‌زیرى كۆچى ئوسترالی سكۆت مۆریسۆن گرت، كه‌ بڕیاریداوه‌ به‌وه‌ى كه‌ په‌ناخوازان له‌ ئیندۆنیزیاوه‌ وه‌رنه‌گرێت، و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان داده‌ڕمێنێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیندۆنیزیا، باڵیۆزى ئوسترالیا گرێگ مۆریاریتى بانگهێشت كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانى خۆى پێ بگه‌یه‌نێت له‌باره‌ى ئه‌و بڕیاره‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاسیاى پاسیفیكى وه‌زاره‌ته‌كه‌، یورى تامرین، به‌ ئه‌ى بى سى ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌و هنگاوه‌ قه‌یرانى له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا دروستكردووه‌و مه‌ترسى بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان دروست ده‌كات. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا سه‌ركرده‌كان و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا و ئیندیۆنیزیا كۆبوونه‌وه‌ى باڵایان ئه‌نجامدا و جه‌ختیان كردووه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان كرده‌وه‌.

Wednesday, November 19, 2014

پەنابەرانی عێراق نائومێد دەكرێن

سكۆت مۆریسۆن ، وەزیری كۆچی ئوسترالیا ڕاگەیاند كە حكومەتی ووڵاتەكەی چیتر مافی پەنابەرێتی نادات بەو پەناخوازانەی كەلەدوای 1ی تەممووزی ئەمساڵەوە ناوی خۆیان تۆماركردووە لە ووڵاتی ئەندەنوسیا.
بەپێی ووتەكانی وەزیری كۆچی ئوسترالیا مەبەستیان لەو گۆڕانكاریە تێكشكاندنی ئەو باندە قاچاخچیانەیە كە لەهەوڵی ناردنی پەنابەرانن بۆ ئەندەنوسیا تا بتوانن لەوێوە سودمەند بن لە پڕۆگرامە مرۆیەكانی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە. ئەم گۆڕانكاریانەش چارەنوسی هەزاران كۆچبەر لە ووڵاتی ئەندەنوسیا دەخاتە مەترسیەوە كەبەمەبەستی وەرگرتنیان لەلایەن ئوسترالیاوە ڕوویان لەو ووڵاتە كردووە.
بەپێی دواهەمین ئاماری كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكایش ، هەتا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ، 283 پەناخوازی بەڕەگەز عێراقی بەمەبەستی وەرگرتنی كەیسەكانیان وەك پەنابەر لەلایەن ئەو كۆمیسیۆنەوە لە ئەندەنوسیا تۆماركراون و لەهەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بوون لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئەو ووڵاتەوە.
بەپێی ئەو سیاسەتە نوێیە كەدوێنێ – سێشەممە بڵاوكرایەوە لەزاری وەزیری كۆچی ئوسترالیاوە ، ئەو پەناخوازانە ئەگەر بیشیسەلمێنن پەنابەرن بەڵام لەدوای 1ی تەمموزی ئەمساڵەوە خۆیان تۆماركردبێت لەلای كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكان لە ئەندەنوسیا ئەوا ناتوانن داوا پێشكەش بكەن بەو كۆمیسیۆنە تا لە ئوسترالیا نیشتەجێیان بكات.
پێشتریش حكومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند كە بۆ ساڵی 2014 بۆ 2015 ، ئوسترالیا 2200 (دووهەزار ودووسەد) پەنابەری عێراقی وەردەگرێت لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەدەرەوەی ووڵاتەكەی و پشكی شێریش لەو ژمارەیە درا بە پەنابەرانی مەسیحی و كوردانی ئێزیدی.
ئەم گۆڕانكاریەش لەسیاسەتی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە كاردانەوەی توندی رێكخراوەكانی تایبەت بەداكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانی بەدوایخۆیدا هێنا و هەردوو ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی هیومان ڕایتزۆچ نیگەرانی خۆیان لەو گۆڕانكاریە نیشاندا و ڕایانگەیاند ئەو سیاسەتە نوێیە زیاتر پەناخوازانی نیشتەجێی ئەندەنوسیا دەكات بە قوربانی بەتایبەت لە ووڵاتێكدا ، كە مەبەستیان ئەندەنوسیایە ، كە توانای دابینكردنی هەلی كاروخۆشگوزەرانی بۆ پەناخوازانی نیشتەجێی ووڵاتەكەی نیە.
سەرچاوە : ماڵپەری كەناڵی ئەی بی سی نیوز 

Monday, November 10, 2014

ناورۆ، به‌هه‌شتێك بۆ گه‌شتیاری‌‌و دۆزه‌خێك بۆ په‌ناخوازانی‌ كورد

دورگه‌ی‌ ناورۆ، یه‌كێكه‌ له‌بچوكترین وڵاتانی‌ جیهان كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌ 11 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕناكات‌و ده‌كه‌وێته‌ ناو دڵی‌ زه‌ریای‌ هێمنه‌وه‌
هه‌میشه‌ به‌یه‌كێك له‌سه‌رنجڕاكێشترین دورگه‌كانی‌ دونیا بۆ گه‌شتوگوزار دانراوه‌ به‌جۆرێك به‌دورگه‌ی‌ كه‌یف‌و خۆشی‌ ناوبانگی‌ ده‌ركردوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا بۆته‌ دورگه‌ی‌ دۆزه‌خ بۆ په‌ناخوازن.
هه‌ژار ته‌ها، ئاوێنه‌نیوز: ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رییانۆڤۆستی‌ روسی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ژنێكی‌ كورد له‌یه‌كێك له‌كه‌مپه‌كانی‌ په‌نابه‌رانی‌ دورگه‌ی‌ ناورۆ پێویستی‌ به‌په‌له‌ی‌ به‌هاوكاری‌ ته‌ندروستیه‌‌و خراپی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ گرفتی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ دروستكردوه‌. 
ئه‌و ئاژانسه‌ له‌زاری‌ هاوسه‌ری‌ ئه‌و ژنه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ دوگیانه‌‌و باری‌ ته‌ندروستی‌ ته‌واونیه‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ كردوه‌ مانه‌وه‌یان له‌كه‌مپه‌كانی‌ ئه‌و دورگه‌یه‌ توشی‌ جۆرێك له‌نیگه‌رانی‌ ده‌رونی‌ كردون. 
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ پزیشكه‌كانی‌ ئه‌و دورگه‌یه‌ شاره‌زاییه‌كی‌ وه‌هایان نیه‌‌و به‌وته‌ی‌ ئه‌و چه‌ندین جار ئه‌و ده‌رمانانه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ نوسراوه‌ كه‌ نابێت له‌كاتی‌ دوگیانیدا به‌كاربهێنرێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نه‌بونی‌ ئامێره‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌دوگیانی‌.

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و خێزانه‌ له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ئێرانن. پێشتریش په‌نابه‌رێكی‌ تر به‌ناوی‌ ( ڕه‌زا به‌راتی‌ ) هه‌ر له‌و دوورگه‌یه‌ بووه‌ یه‌كه‌م قوربانی‌ سیاسه‌تی‌ ڕاگواستنی‌ په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن ئوسترالیاوه‌ بۆ دوورگه‌ی‌ ناورۆ و له‌شه‌وی‌ 17 ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵدا له‌ پێكدادانی‌ نێوان په‌ناخوازانی‌ كه‌مپه‌كه‌یان و پاسه‌وانانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
له‌ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ده‌ ساڵی‌ رابردوداو به‌مه‌به‌ستی‌ راگواستنی‌ په‌ناخوازه‌كانی‌، حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی‌ ئوسترالیا چه‌ندجارێك رێكه‌وتنامه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و دورگه‌یه‌ ئیمزاكردوه‌‌و چه‌ند كه‌مپێكی‌ له‌و دورگه‌یه‌ كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی‌ كه‌ به‌به‌له‌م‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئوسترالیاو بڕیاریدا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ نه‌داته‌ هیچ كه‌سێك كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌ریاوه‌‌و به‌قاچاخ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌‌و دیپۆرتی‌ ئه‌و دورگه‌یه‌ یان دورگه‌ی‌ پاپانیوگینیایان بكات كه‌ به‌پێی‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ی‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ ده‌توانن داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ له‌و دوو دورگه‌یه‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌لماندیان په‌نابه‌ری‌ ڕاسته‌قینه‌ن‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ له‌ئوسترلیا بكه‌ن. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش بۆته‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ ڕێكخراوه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌داكۆكیكردن له‌په‌نابه‌ران‌و به‌پێشێلكاری‌ مافی‌ په‌نابه‌رانی‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. 
ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ ئوسترالیاش له‌كاتی‌ رودانی‌ كاره‌ساته‌كه‌دا ناسنامه‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌ره‌یان ئاشكراكرد كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كوردی‌ ئێرانه‌‌و له‌بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ ئیلام بوه‌. 
هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ی‌ ئێستاش له‌رابردودا چه‌ندین كه‌یسی‌ په‌ناخوازی‌ كورد له‌و دورگه‌یه‌ بونه‌ جێگه‌ی‌ باسی‌ میدیاكانی‌ جیهان. ئومێدی‌ ته‌مه‌ن 35 ساڵ نمونه‌ی‌ په‌نابه‌رێكی‌ تری‌ كورده‌ كه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ 50 ڕۆژ مانگرتنی‌ له‌خواردن راگه‌یاند له‌ساڵی‌ 2012 كه‌ مه‌به‌ست له‌مانگرتنی‌ كۆتایهێنان بو به‌ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ ئه‌وو هاوڕێكانی‌ له‌و دورگه‌یه‌‌و گێرانه‌وه‌یان بو بۆ ئوسترالیا. 
به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان، له‌ئێستادا زیاتر له‌ 1100 په‌ناخواز به‌ته‌نها له‌و دورگه‌یه‌دان كه‌ به‌شێكیان به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی‌‌و هه‌روه‌ها عێراقین.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رییانۆڤۆستی‌ روسی‌، ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ ئوسترالی‌

Wednesday, October 29, 2014

په‌ناخوازێكى ترى ئه‌فغانى دیپۆرتكرایه‌وه‌ له‌ ئوسترالیا

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان

دووه‌م په‌ناخوازى هازارا له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئوسترالیه‌وه‌ ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ دیپۆرتكرایه‌وه‌. كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ په‌ناخوازێكى ترى هازارا دیپۆرتكرایه‌وه‌. زه‌ینوڵا ناسرى له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ فڕێنراوه‌و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌. ئه‌و 20 ساڵه‌یه‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ى پێرس گواسترایه‌وه‌ و دواتر ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ له‌ ئوسترالیا كرایه‌ ده‌ره‌وه‌. دیپۆرتكردنه‌وه‌ى بڕى 25هه‌زار دۆلارى تێده‌چێت، كه‌ 1000 دۆلارى بۆ ئه‌و و 24000 دۆلارى بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومیانه‌ن كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌گه‌ڵیدابن به‌ره‌و كابوڵ.
بۆیه‌كه‌مجار كه‌ ئه‌فغانستانى جێهێشت ته‌مه‌نى ته‌نها 11 ساڵ ده‌بوو. دامه‌زراوه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى دادگایى په‌ناخوازى ئوسترالیا له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى ئه‌و پیاوه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌ی. به‌ڵام له‌وبڕوایه‌دان ئه‌گه‌ر له‌ كابوڵ بێت ئه‌وا ژیانى سه‌لامه‌ت ده‌بێت. ئه‌وانه‌ى كه‌ مپینى په‌ناخوازان ده‌كه‌ن داخوازى پشتیوانى په‌ناخوازان و وه‌ستاندنى دیپۆرتكردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن.


Tuesday, October 28, 2014

منداڵه‌ په‌ناخوازه‌كان ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن

كۆچى كوردان و كۆچ بۆئوسترالیا

چوار منداڵى په‌ناخواز كه‌ ئازادكران بۆناو ناورو له‌ڕووى جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دران و سوكایه‌تیان پێكراوه. هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنیان لێكراوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دوورگه‌ى ناورو بمێننه‌وه‌.
جێگه‌ى باسه‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى كه‌ به‌به‌له‌م و به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى ده‌گه‌نه‌ خاكه‌كانى ئوسترالیا له‌ئێستادا ڕه‌وانه‌ى دوورگه‌ى ناورو و مانوس ده‌كرێن.
ئه‌و منداڵانه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 بۆ 17 ساڵیدا هده‌بێت و له‌لایه‌ن گروپێك له‌ ماتۆڕسوارى ناوروییه‌وه‌ وه‌ستێنراون له‌كاتێكدا به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. یه‌كێێك له‌و كوڕانه‌ به‌هۆى ئه‌شكه‌نجه‌دانیه‌وه‌ له‌هۆش خۆى چووه‌. دوو له‌كوڕه‌كانى تر ڕایان كردووه‌و خۆى ڕزگاركردووه‌و له‌نزیك كه‌ناراوى ده‌ریایه‌كه‌دا خۆیان له‌بن به‌ردێك شاردۆته‌وه‌و له‌دواتردا په‌یوه‌ندیان كردووه‌ به‌ ڕێكخراوى سه‌یڤ چیڵدرن، كه‌ خزمه‌تى ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بێ دایك و باوكن. یه‌كێك له‌و كوڕانه‌ كه‌ له‌ مل و سه‌رى دراوه‌ ئه‌و شه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه‌. جێگه‌ى لێدان و قه‌پ و برین به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. وه‌زیرى كۆچى ئوسترالى سكۆت مۆریسۆن ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان به‌رپرسیارێتى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ هه‌ڵناگرن كه‌ له‌ ناورو ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

Wednesday, October 22, 2014

پارته‌كانى ئوسترالیا له‌سه‌ر ڤیزاى په‌ناخوازان ڕێكناكه‌ون

كۆچ بۆئوسترالیا و كۆچى كوردان

ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوان پارتى پاڵمه‌ر یونایتد و وه‌زیرى كۆچ بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ڤیزاى كاتى پاراستن سه‌قامگیر ده‌رناكه‌وێت. له‌ئێستادا پارتى پاڵمه‌ر نیگه‌رانه‌ له‌ یاساكانى سكۆت مۆریسۆن كه‌ ده‌رفه‌تى زیاتر ده‌دات به‌ په‌ناخوازان. له‌كۆتاییه‌كانى مانگى ئه‌یلولدا مۆریسۆن یاسایه‌كى ده‌ركرد به‌ ئاماژه‌دان به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى پاڵمه‌ر یونایتد بۆ دووباره‌ پێدانه‌وه‌ى سێ ساڵ ڤیزاى پاراستنى كاتى و پێنج ساڵ ڤیزاى بازرگانى بۆ په‌ناخوازان، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ ڕه‌زامه‌ندن به‌ كاركردن بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى. هه‌ریه‌ك له‌و ڤیزایانه‌ نزیكه‌ى 31هه‌زار كه‌س ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌قبه‌ستووییه‌كى یاساییدان، چونكه‌ حكومه‌ت ڕه‌تى ده‌كاته‌وه‌ مافى نیشته‌جێبووى هه‌میشه‌ییان پێ بدات ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بسه‌لمێت ئه‌وانه‌ په‌ناخوازن، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانیش ڕه‌تى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دووباره‌ ڤیزاى پاراستنى كاتى بخاته‌وه‌ كار. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كلیڤ پاڵمه‌ر سه‌رۆكى پارتى پاڵمه‌ر یونایتد داواى له‌ مۆریسۆن كردووه‌ كه‌ پشتیوانى له‌ یاسایه‌كه‌ بكات، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و نیگه‌رانه‌ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و یاسایه‌وه‌.

Wednesday, October 15, 2014

له‌ ئوسترالیا خۆپیشاندان دژ به‌ یاساكانى ئه‌و وڵاته‌ به‌رامبه‌ر په‌ناخوازان به‌ڕێوه‌چوو



هه‌زاران خۆپیشانده‌ر له‌ مێڵبۆرن بۆ دژایه‌تى كردنى یاساكانى ئوسترالیا به‌رامبه‌ر په‌ناخوازان خۆپیشاندانیان كرد. 
ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر پاراستنى سنووره‌كانى ئوسترالیا له‌ كۆچى نایاسایى و خۆپیشانده‌ران داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌یان ده‌كرد. 
ئۆپۆزسیۆنى ئوسترالیا به‌شدارى كاراى له‌و خۆپیشاندانه‌دا هه‌بوو. 
ئاده‌م باندت په‌رله‌مانتارى پارتى سه‌وزى ئوسترالیا ڕایگه‌یاند: خه‌ڵكى ده‌زانێت كه‌ ناتوانرێت به‌له‌مه‌كان بووه‌ستێنرێن له‌وه‌ى بگه‌ن به‌ ئوسترالیا و ته‌نها ده‌شاردرێنه‌وه‌، و حكومه‌تى ئوسترالیاش تاوه‌كو ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌ى كردووه‌و نه‌یتوانیوه‌ به‌له‌مه‌كان بووه‌ستێنێت.
خه‌ڵكى ئوسترالیا هاتۆته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان چونكه‌ حكومه‌ت كێشه‌ى په‌ناخوازانى له‌ كێشه‌یه‌كى مرۆییه‌وه‌ به‌ سه‌ربازى كردووه‌، ئاده‌م باندت په‌رله‌مانتارى پارتى سه‌وزى ئوسترالیا واى وت.

سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئوسترالى یه‌كێتى بازرگانان جێد كێرنێى ڕایگه‌یاند: یاساى ئوسترالیا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌ناخوازان یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى پشتگوێ خستووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه‌ پێشنیار و سه‌رنجى تایبه‌تمه‌ندانى بوارى ته‌ندروستى و یاساى و بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌كانى پشتگوێ خستووه‌.

Thursday, October 2, 2014

قاچاخچیه‌كان په‌ناخوازێك ڕووت ده‌كه‌نه‌وه‌

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان

قاچاخچیه‌كان به‌به‌رده‌وامى فێڵیان له‌ په‌ناخوازان كردووه‌ و چه‌ندین جار پاره‌یان لێ خواردوون. به‌ڵام هانیف حوسێن یه‌كێكه‌ له‌و چه‌ند كه‌سانه‌ى كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ بۆئه‌وه‌ى پاره‌ى خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌.
هه‌وڵه‌كانى بوویه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ تووشى ئه‌شكه‌نجه‌دان بێت له‌لایه‌ن ده‌ستیه‌كى چه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت چه‌ند پۆلیسێكى ئیندۆنیزیشى له‌خۆگرتبوو. ته‌واوى ئه‌و ڕووداوه‌ به‌هۆى كامێرایه‌كى شاراوه‌وه‌ تۆماركراوه‌. حوسێن كه‌ 22 ساڵ ده‌بێت ساڵى ڕابردووو له‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و ئوسترالیا هاتووه‌ له‌كاتێكدا تۆنى ئابۆت بۆته‌ سه‌رۆك وه‌زیران. وه‌كو 10هه‌زارى تر، ئۆپه‌راسیۆنى سه‌روه‌رى سنووره‌كان ڕه‌وانه‌ى ئیندۆنیزیاى كرده‌وه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى په‌نابه‌رانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانى كرد بۆئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى پێ بدات به‌ره‌و وڵاتێكى ڕه‌وانه‌ بكه‌ن.
له‌كاتێكدا كه‌ پاره‌كه‌ى خۆى زیادى كرد به‌هۆى فرۆشتنى زه‌وییه‌وه‌ له‌هه‌رێمى گیلگیت بالتیستانى پاكستان، به‌ڵام ئه‌وپاره‌یه‌ى خه‌رج كرد له‌ خه‌رجیه‌كانى ژیانى و هه‌روه‌ها سێ هه‌وڵى سه‌رنه‌كه‌وتووى بۆ كۆچكردن به‌شێوه‌یه‌كى قاچاخ بۆ ئوسترالیا.


Saturday, September 27, 2014

یەكێك لەهەژارترین وڵاتانی جیهان دەرگای وڵاتەكەی بۆ پەنابەران دەكاتەوە

CambodiaMap
حكومەتی كەمبۆدیا بڕیاریدا كە بەیەكێك لەوڵاتە هەژارەكانی جیهان ناسراوە بڕیاریدا بەوەرگرتنی هەر پەنابەرێك كەلەدورگەی ناورۆ مافی پەنابەرێتی وەردەگرێت‌و بەڵام نایانەوێت لەو دورگەیە بمێنێتەوە.
ئەم بڕیارەی حكومەتی ئەو وڵاتەش پاش ڕێكەوتنی دێت لەگەڵ حكومەتی ئوسترالیا بۆ نیشتەجێكردنی ئەو پەنابەرانەی كەپێشتر ئوسترالیا لەپاش گەشتنیان بە بەلەم‌و بەشێوەیەكی نایاسایی دیپۆرتی ئەو دوورگەیەى كردون. 
لەگەڵ ئیمزاكردنی ڕێكەوتنامەكە كە دوێنێ‌ – هەینی 27 ی سێپتەمبەر – لەنێوان وەزیری كۆچی ئوسترالیا و وەزیری ناوخۆی كەمبۆدیا ئیمزا كرا ، بەشێكی بەرچاو لەڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافی پەنابەران ئیدانەی ڕێكەوتنامەكەیان و كرد و بەپێشلێكردنێكی ئاشكرای مافەكانی پەنابەرانیان وەسفكرد.
لای خۆیەوە بەرپرسی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە ئەوان خوازیارن كە ئوسترالیا بەو ڕێكەوتنامەیەدا بچێتەوە‌و وتیشی " پەنابەران مافی ئەوەیان هەیە كەبەشێوەیەكی باشتر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت نەك ئەم ووڵات و ئەو ووڵاتیان پێبكرێت". 
لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی كە دەیانەوێت بچنە كەمبۆدیا ، كە یەكێكە لە هەژارترین ووڵاتەكانی كیشوەری ئاسیا و خاوەنی ڕیكۆردێكی خراپە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ ، حكومەتی ئوسترالیا بڕی 40 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی دەداتە ئەو ووڵاتە كە بە ووتەی وەزیری كۆچی ئوسترالیا بەمەبەستی گەشەپێدانی ئەو ووڵاتەیە نەك لەبەرامبەر وەرگرتنی پەنابەرەكان بێت و ڕایگەیاند كە ڕێكەوتنامەكە مافەكانی پەنابەران پێشێل ناكات.
بەپێی دواهەمین ئاماریش ، لە ئێستادا زیاتر لە 1200 پەناخواز لە دوورگەی ناورۆن كەبەشَكیان بەڕەگەز عێراقین و لەبەرخراپی بارودۆخیان و ناڕوونی داهاتوویان لەو دوورگەیە ، بەشێكیان گەڕاونەتەوە عێراق.
سەرچاوە : ماڵپەری گاردیان ، ماڵپەری وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا

Saturday, August 30, 2014

2014 ساڵی‌ مه‌رگی‌ په‌نابه‌ران

28820141216602_wene11مێلیسا فلێمینگ، وته‌بێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ په‌نابه‌رانی‌ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ نزیكه‌ی‌ 2000 ( دوو هه‌زار) كۆچبه‌ر كه‌ له‌ وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و باكوری‌ ئه‌فریقاوه‌ هه‌ڵهاتوون له‌ئاوه‌كانی‌ ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاستدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 
وته‌بێژه‌كه‌ له‌ڕاگه‌یاندراوێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی‌ كه‌تا ئێستا له‌ ئه‌مساڵدا  گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ زۆر زیاتره‌ له‌و ژماره‌یه‌ی‌ كه‌ ساڵی‌ پار بۆ ته‌واوی‌ ساڵه‌كه‌ بونه‌ته‌ قوربانی‌ له‌ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاستدا.
 به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، ته‌واوی‌ ساڵی‌ رابردو ده‌وروبه‌ری‌ 600 كۆچبه‌ر له‌و ده‌ریایه‌دا له‌پێشگه‌شتنیان به‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، له‌كاتێكدا ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ ڕابردوودا و له‌سێ‌ ڕووداوی‌ تێكشانی‌ به‌له‌می‌ كۆچبه‌راندا له‌نزیك كه‌نارئاوه‌كانی‌ لیبیا و له‌پێشگه‌شتنیان به‌ ئیتالیا زیاتر له‌ 300 كۆچبه‌ر خنكاون.
ڕاپۆرتێكی‌ تری‌ ڕێكخراوه‌كه‌ كه‌ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی‌ كۆچه‌ له‌نێوان ووڵاتانی‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئاسیادا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ته‌ها له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 200 كۆچبه‌ر له‌ئاوه‌كانی‌ زه‌ریای‌ هندیدا خنكاون و 20 هه‌زاری‌ تریشیان ژیانی‌ خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسی‌ له‌ناوچوونه‌وه‌ له‌زه‌ریای‌ هندیدا كه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاویان له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ "ڕۆهینگیا"ی‌ موسڵمانی‌ ووڵاتی‌ بۆرمان كه‌ به‌هۆی‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ووڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ كۆچیانكردووه‌.
 ڕاپۆته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ زیاتر له‌ 7 هه‌زار كۆچبه‌ری‌ ده‌ریایی‌ له‌ كه‌مپه‌كانی‌ ووڵاتانی‌ وه‌ك مالیزیا و ئه‌نده‌نوسیا و تایله‌ند هه‌ن و پشكی‌ شێریش له‌و ژماره‌یه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی‌ ئوسترالیایه‌ كه‌له‌ئێستادا حكومه‌تی‌ ئه‌و ووڵاته‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ستگیركردنی‌ كۆچبه‌ری‌ نایاسایی‌ له‌پێشگه‌شتنیان به‌ ئاوه‌كانی‌ ئه‌و ووڵاته‌ و ناردنیان بۆ كه‌مپه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ووڵاته‌كه‌ی‌ پیاده‌ ده‌كات. 
له‌پاڵ ئاماژه‌كردن به‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و كۆچبه‌ره‌ ده‌ریایانه‌ی‌ كه‌له‌ كه‌مپه‌كانی‌ ئه‌و ووڵاتانه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ركراون، ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ش بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ كۆچبه‌ران و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان له‌لایه‌ن ئه‌و قاچاخچیانه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌شته‌ ده‌ریاییه‌كانیان بۆ ڕێكخستوون. 
به‌پێی‌ ئامارێكی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ په‌نابه‌رانی‌ سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ، ساڵی‌ پار 60 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌ریاوه‌ خۆیان گه‌یاندۆته‌ ووڵاتانی‌ ئه‌وروپا وپێده‌چێت ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌زیاتر بكات له‌م ساڵدا. 
سه‌رچاوه‌: ڕۆیته‌رز، ماڵپه‌ری‌ به‌شی‌ ئینگلیزی‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا

Sunday, August 24, 2014

ئوسترالیا: ئامادەین 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرین‌


هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق و تێكچونی بارودۆخی ئەمنی سوریا بە هەزاران هاوڵاتی ئاوارە كرد و لە ئێستادا لە ژێر مەترسی لەناوچوندان، بەم هۆیە ئوسترالیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە كە توانای هەیە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرێت، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدات.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی ئوسترالیا (سكوت موریسۆن) لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەری International Business Times  رایگەیاندووە: "حكومەتی ئوسترالیا بریاری داوە كە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری لە خۆی بگرێت كە بەهۆی تێكچونی باوردۆخی ئەمنی توشی ئاوارەیی بوونە."

هەروەها موریسۆن وتیشی "بەرنامەی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی ئوسترالیا كاری زۆری لەم پێناوە كردووە بۆئەوەی ژیانێكی دەستەبەر بۆ ئاوارەكانی عێراق و سوریا دابین بكات، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدەین."



چەترپرێس-پەیوەند كوردی

Wednesday, August 20, 2014

ئەم وڵاتانە ئامادەن مافی پەناپەرێتی بەعێراقیەكان بدەن

بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە، چەندین وڵات هەڵویستی خۆیان دەگۆڕن‌و ئامادەن مافی پەنابەرێتی بەهاوڵاتیانی عێراق بدەن‌و كارئاسانیان بۆ بكەن. 
ئاوێنەنیوز، سلێمانی: پاش ئەوەی حكومەتی فەرەنسا لەزاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتەوە ئامادەیی نیشاندا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو هاوڵاتیە مەسیحیانەی عێراق كەبەهۆی توندوتیژیەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەپارێزگای موسڵ ئاوارە بوون، حكومەتی ئوسترالیاش بەفەرمی بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەراندا 2 هەزارو 200پەنابەری عێراقی وەربگرێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری كۆچی ئوستڕالیا ، سكۆت مۆریسۆن ، ِرایگەیاند ئاوارە مەسیحكان‌و ئێزیدیەكان دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بكەن لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەرانی ووڵاتەكەیدا، بەڵام لەدواهەمین لێدوانیدا كەئاژانسی هەواڵی (ئەی بی سی نیوز) بڵاویكردەوە ناوبراو ڕایگەیاند كەهەرچەندە پڕۆگرامی پەنابەرانی وڵاتەكەی لەسەربنەمایەكی ئایینی  تایبت دانەڕێژراوە، بەڵكو  وەرگرتنی پەنابەران لەسەر بنەمای ئاستی ئەو چەوسانەوەیە دێت، كە دووچاریان بۆتەوە.
مۆریسۆن هۆشداریدا كە پڕۆگرامەكە ئەو پەناخوازانە ناگرێتەوە كە بەبەلەم بەشێوەیەكی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە ئەو  وڵاتە. 
هاوكات ، لەئەمریكاش كە یەكێكە وڵاتانەی كە خاوەنی پڕۆگرامێكی ساڵانانەی  فراوانی وەرگرتنی پەنابەرانە، هەوڵەكانی داكۆكیكاران بۆ پێدانی پشكی شێر بەپەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی‌و كەمینەكانی عێراق بەتایبەتی بەردەوامە.
 مارك ئەرەبۆ ، كەسایەتی دیاری ئەمریكیە كەلە بنەچەدا خانەوادەكەی عێراقین و لەئێستادا وەك كەسێكی دیاری داكۆكیكار لەئاوارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی دەردەكەوێت داوا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات كە 40 بۆ 50 هەزار پەنابەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت لەكۆی ئەو 70 هەزار پەنابەرەی كە ئەمریكا لە سەرتاسەری جیهانەوە ساڵانە وەریدەگرێت .
زۆرێك لەو ولاتانەی ئامادەن پەنابەری عێراقی وەرگرن بەهۆی هێرش‌و توندوتیژییەكانی چەكدارانی داعشەوە هەڵوێستەكانیان گۆڕیوە، پێشتر ئامادە نەبوون پەنابەران وەربگرن. 
ئامادەكردنی: hazhar taha 
سەرچاوە :ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز ، سی بی ئێس

Monday, August 18, 2014

ئوسترالیا ئاواره‌ سوری و عیراقییه‌كان له‌خۆده‌گرێت


ده‌سه‌ڵاتدارانی ئورسترالیا به‌نیازه‌ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ئاواره‌ی سوری و عیراقی له‌خۆبگرێت و په‌ناگه‌یان بۆ دابین بكات.
ئاژانسی هه‌واڵی روسیا توده‌ی، له‌زاری سكۆت مۆریسن، وه‌زیری كۆچ-ی ئورسترالیا بڵاویكرده‌وه‌: له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ مرۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، به‌نیازن په‌ناگه‌ بۆ چوار هه‌زار و 400 هاوڵاتیی عیراقی و سوریا دابین بكه‌ن.
سكۆت مۆریسن روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی ئوسترالیا ئاماده‌یه‌ له‌و ژماره‌یه‌ دوو هه‌زار و 200 عیراقی له‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان و هه‌مان ژماره‌ له‌ هاوڵاتیانی سوریا وه‌ربگرێت.
ساڵانه‌ ئوسترالیا 13 هه‌زار په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرێت و ساڵی رابردووش هه‌زار په‌ناری سوریا و دوو هه‌زار له‌ عیراق و زیاتر له‌ چوار هه‌زاری دیكه‌ش له‌ ئه‌فغانستان و میانمار روویان له‌و وڵاته‌ كردووه‌.

Sunday, August 17, 2014

ئوستورالیا بیر لە بەخشینی مافی پەنابەرێتی بە ئێزدییەکان دەکاتەوە

سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بیر لەوەدەكاتەوە، کە هەندێك لە كوردانی ئێزدی وەک پەبنابەر وەربگرێت.
تۆنی ئابۆت، سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ئەو كەیسەی بە كراوەیی هێشتەوە، كە ئایا ئوستورالیا هاوكاری سەربازی كورد دەكات یاخود نا، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بە بەردەوامی هاوكارییە مرۆییەكان رەوانەی باشووری کوردستان دەكات. 
دوای ئەوەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر باشووری کوردستان ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەی چیای شنگال بوون، ئوستورالیاش وەك كۆمەڵێك لە وڵاتانی دیكە بڕیاری دا هاوكاری مرۆیی بگەیەنێتە عێراق بۆ ئەوەی ژیانی بەشێكی زۆر لەو خەڵكە رزگار بكات، كە ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
تۆنی ئابۆت رایگەیاند، كە وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی بیریان لە كۆمەڵێك پلان كردووەتەوە بۆ رزگاركردنی ئاوارەكانی شنگال و یەكێك لەو پلانانە ئەوەیە، كە وەك "دۆخێكی لە ناكاوی پەنابەرێتی"، ژمارەیەك لە كوردانی ئێزدی لە باشووری كوردستانەوە ببەن بۆ ئوستورالیا.
بە گوتەی ئابۆت، رەوشی ئێزدییەكان باشتر بووە، بەڵام رەوشی عێراق وەك خۆیەتی و ئەوانە هێشتاش ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا رایگەیاند، كە ئوستورالیا هەوڵدەدات وەك هاوپەیمانێكی باش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاربكات.

Wednesday, August 13, 2014

په‌ناخوازێكى عێراقى له‌ ئوسترالیا سزا ده‌درێت

 هاوكات، میدیاكانی‌ نیوزله‌ندا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ نیوزله‌ندا فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ هاوڵاتیه‌كی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ كه‌له‌ئێستادا دانیشتوی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ ده‌ركردووه‌و پێده‌چێت  ڕاپێچی‌ دادگایه‌كی‌ ئوسترالیا بكرێت به‌ تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلان له‌ هاوكاریكردن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی‌ ماددیدا بۆ ئه‌و زیاتر 400 په‌ناخوازه‌ی‌ كردبوو كه‌له‌ساڵی‌ 2001 دا بوونه‌ قوربانی‌ شپۆله‌كانی‌ ده‌ریا و 353 كه‌سیان گیانیان له‌ ده‌ستدا له‌ ئه‌نجامی‌ تێكشكانی‌ به‌له‌مه‌كه‌یان له‌پێشگه‌شتنیان به‌ ئوسترالیا كه‌ به‌ ووته‌ی‌ به‌شێك له‌ ڕزگاربووانی‌ كاره‌ساته‌كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی‌ گیانیان له‌ ده‌ستدابوو به‌ڕه‌گه‌ز كورد بوون. 
ئه‌مه‌ش دووه‌م هاوڵاتی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ ده‌بێت كه‌له‌م ساڵدا له‌ ووڵاتانی‌ تره‌وه‌ گێڕداونه‌ته‌وه‌ بۆ ئوسترالیا چونكه‌ له‌ ئوسترالیا داواكراون به‌مه‌به‌ستی‌ دادگایكردنیان به‌ تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلان  به‌ قاچاخبردنی‌ په‌ناخوازان بۆ ئه‌و ووڵاته‌.
هه‌ژار ته‌ها