Showing posts with label deporting Iraqi. Show all posts
Showing posts with label deporting Iraqi. Show all posts

Sunday, July 7, 2013

عێراق‌ و ئوسترالیا رێكه‌وتن كه‌ ئوسترالیا به‌زۆر په‌نابه‌رانی‌ عێراقی‌ نه‌نێرێته‌وه‌


panabarr (2)وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ به‌زۆر په‌نابه‌رانی عێراقی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئوسترالیاوه‌ بنێردرێنه‌وه‌‌و، باڵیۆزخانه‌ی ئوسترالیا له‌ عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا رێكه‌وتووه‌ كه‌به‌زۆر په‌نابه‌رانی عێراقی نه‌نێرنه‌وه‌.
له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، له‌میانه‌ی دیدارێكی نێوان سه‌لام خه‌فاجی بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌ران‌و لیندل ساكس باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق، لایه‌نی عێراقی باڵیۆزی ئوسترالیای ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی به‌زۆری ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی عێراق له‌ وڵاته‌.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ خه‌فاجی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌گوێره‌ی ستراتیژیه‌تێك كارده‌كات كه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ رێزگرتنی مافی مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌نابه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی مرۆیی‌و له‌ رێگه‌ی رێزگرتن له‌ بڕیاری خودی په‌نابه‌ر كه‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش پشتیوانی ده‌كات.
وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌ران جه‌ختیكرده‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری باشتر بۆ رازیكردنی ئه‌و عێراقیانه‌ی كه‌ داخوازی په‌نابه‌رێتیان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی تا به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق.
بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ده‌وڵه‌تی عێراق ئاماده‌ی هه‌موو هاریكاریه‌كه‌ بۆ یارمه‌تیدانی سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی دۆست به‌ ئوسترالیاشه‌وه‌ كه‌به‌هاوكاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار بكه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانی په‌نابه‌ره‌ عێراقیه‌كان كه‌ ویستی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌.
باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق رایگه‌یاند، پشتیوانی له‌ سه‌رنج‌و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن‌و دژی گێڕانه‌وه‌ی به‌زۆری په‌نابه‌ره‌ عێراقیه‌كانن.
NRT

Sunday, May 26, 2013

دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد ڕوو له‌زیادبوونه‌


به‌رپرسی‌ فیدراسیۆنی‌ سه‌راسه‌ری‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق لقی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد، ڕۆژبه‌ڕۆژ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كوردستان ڕووله‌زیادبوونه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئێستادا ژماره‌ی‌ په‌نابه‌ره‌ دیپۆرتكراوه‌كانی‌ هه‌رێم گه‌یشووه‌ته‌ نزیكه‌ی‌ (7000) په‌نابه‌ر.

(ئامانج عه‌بدوڵڵا سه‌عید)  به‌رپرسی‌ فیدراسیۆنی‌ سه‌راسه‌ری‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق لقی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ NNA ڕونكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ناڕه‌زایه‌تی‌‌و خۆپیشاندان بۆ ڕێگریكردن له‌ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران به‌زۆره‌ملێ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام  له‌ئێستاشدا ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران بۆ ناو هه‌رێم به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌‌و ڕێژه‌كه‌ ڕوو له‌زیادبوونه‌.

وتیشی‌:"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵوێستی‌ جدیی‌ به‌رامبه‌ر به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران نه‌بێت، ئه‌وا په‌نابه‌رانی‌ كورد له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتان له‌ژێر فشاری‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و به‌زۆر ناردنه‌وه‌دان".

(ئامانج عه‌بدوڵاسه‌عید)  ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، زیاتر له‌ (30-35) هه‌زار په‌نابه‌ر له‌سوید له‌ژێر فشاری‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و به‌زۆرناردنه‌وه‌دان.
-----------------------------------------------
شادان حه‌سه‌ن-NNA/(/)

Thursday, May 16, 2013

ژمارەیەک پەنابەرى كورد لەگرتووخانەکانی بەریتانیاوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن بۆ بەزۆر ناردنەوەیان


ژمارەیەک پەنابەری دەستبەسەرلەگرتووخانەکانی بەریتانیاوە کە ئامادەکراون بۆ بەزۆرەملی ناردنەوەیان بۆ کوردستان لەرێگای نامەیەکەوە کە ئاراستەی حکومەتی هەرێم ودەزگاکانی راگەیاندنکراوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەکەیاندا هاتووە"ئێمە پەنابەرانی کورد لە وڵاتی بەریتانیا کەبۆ ماوەیەکی زۆرە لەوێ نیشتەجین ، ئێستا لەگرتووخانەکانی بەریتانیا دەستبەسەرکراوین بەبی ئەوەی هیچ هەڵەیەکمان کردبێ"
هەر لەو نامەیەدا روو دەکەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن"حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبی هیچ ئاگابوونیک ناڕاستەوخۆ تیکت دەفرۆشیت بۆ گەرانەوەمان بەڕاستی ئەمە دورە لەهەموو کارێکی مرۆڤانە"
هەرلە نامەکەیاندا دەنگی خۆیان دەخەنە پال دەنگی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێڕاقی دەڵین"ئێمە شان بەشانی فیدراسیۆنی پەنابەران نارەزایەتی خۆمان دەردەبرێن بۆ بەزۆر ناردنەوەمان بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێرو سلێمانی"
شایەنی باسە ماوەیەک حکومەتی بەریتانیا دەستی کردۆتەوە بەزەخت و زۆر هێنان بۆ پەنابەرانی کورد لە کاتی ئیمزای هەفتانەو مانگانەی پۆلیسدا دەیانگرنو راپیچی گرتووخانەدەستبەسەرەکانیان دەکەن بەمەبەستی ناردنەوەیان بەزۆر بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولیر لەکاتیکدا ئەم پەنابەرانە ماوەی زیاتر لە١٠سالە لەو وڵاتە ژیانیان دامەزراندوە ومافی خۆیان بوو لەکاتی خۆیدا وەڵامیان پێبدریتەوە بەلام بەداخەوە دوای ساڵانیکی زۆر ژیانبەسەربردنیان لە ولاتی بەریتانیا ئیستا داوای کەیسەکانیان رەتدەکەنەوە.
لە پەیوەندی تەلەفونی لەگەل دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەرسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەو هەڵمەتەی حکومەتی بەریتانیا  ووتی"گرتن و زەختو زۆر هێنان لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بۆ پەنابەرانی کورد  وەپاشان  بەزۆر ناردنەوەیان  بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر دەلیلیکی رۆشنە بۆ هاوکاری حکومەتی هەڕیمی کوردستان بۆ سیاسەتی بەزۆرناردنەوەی پەنابەران . ئەوە نیشان ئەدات ئەم حکومەتە هیچ ئالۆگۆرێک لەسیاسەتیدا نەکردوە بەرامبەر بەهاوڵاتیانی خۆی، لەکاتێکدا بەم رۆژگارە سیاسەتی چەواسەکارانە بڵاو دەکەنەوە گوایە لەگەڵ بەزۆرناردنەوەی پەنابەران نین و بەرگری لەهاولاتیانی خۆیان دەکەن لەدیدارلەگەل کۆنسڵگەری وڵاتە ئەوروپیەکان، کەچی بەخاتری بەرژەوەندی بازرگانی وکۆمپانیاکان رێکەوتنی ژێر بەژێر دەکەن وچارەنووسی پەنابەران وێران دەکەن"
 
سەبارەت بەهەولەکانی فیدراسیۆن دەشتی جەمال ووتی"لەماوەی ڕابردوادا هەڵمەتێکی بەرفراوانمان دەستپێکردوە بۆ نارەزایەتی دەربرین بەرامبەر بەم سیاسەتی حکومەتی بەریتانیاو هەرێم بەدەیان نامەی نارەزایەتیمان بڵاوکردوتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەریتانیامان ئاگادارکردوتەوە هاوکاریمان بکەن بۆ راگرتنی ئەو سیاسەتە، جگە لەوەی نامەی نارەزایەتیان ئاراستەی مەلیکی ئەردەن وهێلی ئاسمانی مەلەکی ئەرەن کردوە بۆ راگرتنی فرۆشتنی تیکت بۆ ناردنەوەی پەنابەران. خۆشبەختانە تەنها لەماوەی ١٠ رۆژدا دیپۆرتی ٢ هاولاتی هەریمی کوردستانمان راگرتوە لەهەوڵەکانمان بەشیوازی جۆراجۆری نارەزایەتی بەردەوام دەبین"
دەشتی جەمال داواشیکرد"ئازادی خوازان وئینسان دۆستان رۆژنامەنوسان هەموو ئەوانەی مەسەلەی ژیانی ئینسانیان بۆ گرنگە لەپاڵماندا بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی بەزۆرناردنەوە ودەڵالیکردن بەژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕابوەستن و بەشێوەی گونجاوی خۆتان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دیپۆرتی پەنابەران دەنگی نارەزایەتی بەرز بکەنەوە"

Thursday, March 7, 2013

زێباری‌: له‌گه‌ڵ به‌ زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ عیراق و هه‌رێم نین


یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێن، له‌گه‌ڵ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران نین بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ پێویستی ده‌زانێت گه‌ڕاوه‌كان خۆیان بڕیاربده‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (خه‌ندان) ناردوه‌، د. دیندار زێباری، یاریده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو (لێنی‌ ڤان گۆر) به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ MBT هۆڵه‌ندی‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌وشی‌ په‌نابه‌ر و ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كه‌ چالاكیان له‌ 42 وڵاتدا هه‌یه‌ كۆبوویه‌وه‌. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، خاتوو (لێنی‌ ڤان گۆر) به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ MBT  هۆڵه‌ندی خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌، سه‌باره‌ت به‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دی‌ ده‌كرێت و هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌جیا له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عیراق به‌ هه‌رێمی‌ سه‌قامگیری‌ وه‌سف كردوه‌، كه‌ ئاواره‌كانی‌ ناوخۆی‌ عیراق و په‌نابه‌ری‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ بۆ سه‌لامه‌تی‌ ژیانیان رووی‌ تێ‌ ده‌كه‌ن، هه‌روها باس له‌ چۆنیه‌تی‌ یارمه‌تی‌ دانی‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كرا و له‌ هه‌مان كاتدا باس له‌ كێشه‌كانی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد كرا له‌ ده‌ره‌وی‌ وه‌ڵات. 

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌: "یاریده‌ده‌ری‌ به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌نابه‌ری‌ كورده‌كان له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا یان له‌ هه‌ر وڵاتێكی‌ تر بن، ئه‌وا ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی‌ باشیان هه‌یه‌ له‌ بواری‌ جۆرا و جۆردا، ئێمه‌ باوه‌شمان كراوه‌ته‌وه‌ بۆیان هه‌روه‌ها باوه‌شمان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ تریش چونكه‌ كوردستان وڵاتی‌ خۆیانه‌".

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ به‌ زۆری‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ عیراق و كوردستان، پێویسته‌ گه‌ڕاوه‌كان خۆیان بڕیاربده‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌یان خۆبه‌خشانه‌ بێت بۆ كوردستان، هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌ كوردستان په‌نابه‌ری‌ زۆر هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌ دراوسێكانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌".   

خه‌ندان ـ

Monday, February 18, 2013

هۆڵه‌ندا (15) هه‌زار په‌نابه‌ری‌ عیراقی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌

ژمارەیەک پەنابەری مانگرتووی عیراقی لە هۆڵەندا

حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا به‌نیازه‌ (15) هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ زۆر بنێرێته‌وه‌ بۆ عیراق، وه‌كیلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، حكومه‌تی‌ وڵاته‌كه‌یان هه‌لی‌ كار و بڕێك پاره‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دابین ده‌كات.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ك، كه‌ ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 18ی‌ شوبات) فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رینیه‌ جۆنس، وه‌كیلی وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هۆڵه‌ندا، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار لیقا وه‌ردی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كۆچ ‌و كۆچبه‌ران له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، له‌ باره‌گای‌ لیژنه‌كه‌، رایگه‌یاندووه‌: "حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا به‌نیازه‌ (15) هه‌زار په‌نابه‌ری‌ عیراقی كه‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتییان له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كردووه‌، بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ عیراق، چونكه‌ مه‌رجی‌ پێویست بۆ مانه‌وه‌یان، نییه‌".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ژماره‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ عیراقی له‌ هۆڵه‌ندا، گه‌یشتووه‌ته‌ (50) هه‌زار كه‌س، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیشیداوه‌، كه‌ حكومه‌ته‌كه‌یان هه‌لی‌ كار و بڕێك پاره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابین بكات كه‌ دیپۆرتیان ده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، هه‌ردوولایه‌ن گفتوگۆیان له‌سه‌ر به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌: "سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كۆچ ‌و كۆچبه‌ران، داوایكردووه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ نێوان لیژنه‌كه‌ ‌و حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندی‌ دروست بكرێت سه‌باره‌ت به‌ میكانیزم ‌و شێوه‌ی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عیراقییانه‌".

به‌پێویستیش زانراوه‌، وه‌فدێك له‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی‌ هۆڵه‌ندا بكات، به‌ مه‌به‌ستی‌ زانینی دۆخی‌ په‌نابه‌رانی‌ عیراقی، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كێشه‌كانیان بكۆڵنه‌وه‌ ‌و چاره‌سه‌ری‌ پێویستیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

خه‌ندان- سۆران كه‌ریم


Wednesday, November 28, 2012

رۆژی پێنجشەممە په‌نابه‌رانی‌ دیپۆرتكراو له‌سلێمانی‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق رایدەگەیەنێت دابین كردنی ژیانی 6 هەزار پەنابەری دیپۆرتكراوە، لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە‌و داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەشداری لەو خۆپیشاندانەدا بكەن كە رۆژی پێنجشەممە لەسلێمانی بۆ پشتیوانیكردن لەپەنابەرە دیپۆرتكراوەكان سازدەكرێت.
لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، لەبەیاننامەیەكدا رونیدەكاتەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە زیاتر لە ٦ هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان بەدور لە خواست و بڕیاری خۆیان بەزۆرە ملێ دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە‌و ‌ژمارەیەكی بەرچاویشیان خاوەنی مناڵ‌و هاوسەرین‌و ئەوەی لەژیاندا هەمانبووە‌ لەدەستیانداوە.
بەیاننامەكە كە بەناوی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكانەوە بڵاوكراوەتەوە تێیدا هاتووە “ئێمە نامانەوێت چیتر ببینەوە خۆراكی دەریا‌و دەمانەوێت لەم خەمۆكی‌و دەردو مەینەتیە، لەبێكاری‌و دەستكورتی‌و نەبوونی ڕزگارمان بێت”.
ئاماژەبەوەشدەكەن ناچارین دەنگی نارەزایەتی دەربرین‌و ئەویش لەكاتێكدا كەدەسەڵاتداران وەڵام بە كێشەكانمان‌ نادەنەوەو بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەكێشەكانی ئێمە نیشان نادات‌.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەشداری لەخۆپیشاندانەكەدا بكەن كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٩-١١ لەبەردەم بەردەم پارێزگاری سلێمانی، كاتژمێر٣٠:٨ بەیانی بەرێوەبچێت.
دەقی بەیاننامەكە:
دابین كردنی ژیانی 6 هەزار پەنابەری دیپۆرتكراوە، لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە
ئێمە هاوڵاتی ئەم كۆمەڵگایەین
لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی  لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بۆ وەڵامدانەوە بەكێشەوگیروگرفتی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان پشتیوانی بكەن
رۆژی:پێنج شەمە بەرواری: ٢٩-١١
شۆین: بەردەم پاریزگاری سلێمانی، كاتژمێر٣٠:٨ بەیانی
ئێمە پەنابەرانی دیپۆرت كراوە، قوربانی هەڵومەرجی نەخوازراوی كۆمەڵگای كوردستانین. سەرباری  لەدەستدانی ماڵو حاڵو پیداویستیەكانی ژیانمان، ئێمە ئەو ئینسانانەین ‌كە بۆ بەهرەمەند بوون لەژیانێكی ئاسودە، بەناچاری ڕێگای هەندەرانمان گرتەبەر ودوای سالانێكی زۆر ژیانكردن لە ولاتانی ئەوروپا، بەزۆرەملێ وەك ئەنجامێك لەسیاسەتی هاوبەشی نێوان دەوڵەتانی ئەوروپا وحكومەتی عێراقی و هەرێم، دیپۆرت كراوینەتەوە وسفرەی خاڵیمان بۆ ڕاخرا. ئێمە جگەلە نەبوونی سەرچاوەیەكی دەرامەت بێكاریش یەخەی پێگرتووین، سەرپەنایەكمان نیە بۆئەوەی تێیدا بژین‌و بوینەتەبار بەسەر كەسوكارمانەوه. بێئومیدی‌و نەخۆشی دەرونی‌و خۆشنەویستی ژیان هەرساتەو هەر ڕۆژه ژیانی داگیركردوین. بەڵام ئەوە دەسەڵاتو لایەنە بەرپرسەكانە كەتائێستا نەك هیچ مەسئولەیەتێك بەرامبەر بەژیانی خۆمان‌و ژیانی خێزان و مناڵانی بەجێماومان نیشان نادات، بگرە لەسەر سیاسەتی دیپۆرتكردنەوەی هاوچارەنوسەكانمان بەردەوامە.

ئێمە بەم ژیانی بێدەرەتانیو سەرگەردانیەمانەوە، چەندین جار لەرێگای فیدراسیۆنی پەنابەرانەوە، داوامان لەدەسەلاتدارن كردووە كەلەكێشەو گرفتەكانی ئێمەی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان تێبگات وبۆ گێرانەوەی ژیانی ئاسایمان وەك هاولاتیانی ئەم ولاتە هەنگاو هەڵگرێ. بەڵام  بە داخەوە جگەلە وەعدەو بەڵێن تائێستا ولەماوەی ٢سالی ڕابردوودا، كەمترین داخوازی بۆ باشكردنی ژیانمان وەڵامی وەرنەرگرتۆتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ وە زیاتر لە ٦ هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان بەدور لە خواست و بڕیاری خۆمان بەزۆرە ملی دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كراوینەتەوە. ‌ژمارەیەكی بەرچاویشمان خاوەنی مناڵ‌و هاوسەرین‌و ئەوەی لەژیاندا هەمانبووە‌ لەدەستمانداوە. ئێستاش هیچ سەرچاوەیەكمان نیە بۆ دامەزراندنەوەی ژیان وچونەوە نێوكۆمەڵگا وەك هەر هاولاتیەكی ئاسایی ئەم ولاتە.
ئێمە نامانەوێت چیتر ببینەوە خوراكی دەریا ودەمانەوێت لەم خەمۆكی ودەردو مەینەتیە، لەبێكاریو دەستكورتی ونەبوونی ڕزگارمان بێت. مافی ژیان وبەهرەمەندبوون لەپێداویستیەكانی هاولاتی ئاسایی مافی ئێمەشه.‌ هەربۆیە ناچارین دەنگی نارەزایەتی دەربرین. ئەویش لەكاتێكدا كەدەسەلاتداران وەڵام بە كێشەكانمان‌ نادەنەوەو بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەكێشەكانی ئێمە نیشان نادات‌.
ئێمە لەم ڕێگایەدا ئێوە بەهاولاتیو كەسوكاری خۆمان دەزانین. هانای ئێوە ئازادیخوازانو ئینسان دۆستان وڕیكخراوەكان وهەموو ئەولایەنە سیاسی وپیشەییانەی كەژیانی هاولاتیان بۆ مەبەستە وئەركی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی ئاسودەو مسۆگەر داناوە، گەورەترین پشتیوانییە. بەتایبەتی باشبونی ژیانی ئێمە 6هەزار ئینسان باش بوونی 6هەزار خێزانە.. بۆیە گرنگە‌ لەگەڵمان بن.. پشتیوانمان بن. دەنگی ناڕەزایەتیو داخوازیەكانمان بەدەنگو داوای خۆتان بزانن.. ئەمە تەنها ڕیگایەكی شارستانیە بۆ ناچاركردنی دەسەڵاتداران تا وەلام بەژیانو داخوازیەكانمان بدەنەوە. داوادەكەین بەهەر شیوەیەكی گونجاوی خۆتان پشتگیری ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەكانمان بكەن بەشداری بكەن. 
بەهرەمەند بوون لەژیانی شایستەی ئینسانی، مافی هەر هاولاتیەكی كوردستانە!

لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٦-١١-٢٠١٢
بۆ زانیاری زیاتر بەریزەوە پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونەكانی(٠٧٧٠٢٢٠٤٨٤٤ یان ٠٧٥٠١٧٣٠٧٠٧)


Thursday, November 15, 2012

هۆڵه‌ندا، ئاکسیۆنی ناڕه‌زایه‌تی په‌نابه‌ران بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نیشته‌جێبوون


ڕزگار ساڵح بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە هۆڵەندە له‌ شاری ئه‌مستردامەوە به‌ ناوه‌ندی هه‌واڵگری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی ڕاگه‌یاند: "که‌ڕۆژی شه‌ممه‌ 10 ی نۆڤه‌مبه‌ر سه‌دان په‌نابه‌ر ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی شاری ئه‌مستردام بۆ ناڕازایه‌تی ده‌ربڕین له‌ نه‌بوونی جێگای حه‌وانه‌ و سیاسه‌تی ده‌رکردن و بێمافکردنیان له‌شوێنی نیشته‌جیبوون له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌". هه‌روه‌ها ووتی :" ئه‌و ڕێپێوانه‌ی چادرگه‌کانی لاهای و ئه‌مستردام وه‌ک ده‌سپێکی هه‌شت ڕۆژه‌ دێت، که‌ په‌نابه‌ران خۆیان بۆ ئاماده‌کردووه‌. شایانی باسه‌ مه‌به‌ستیش له‌م ڕێپێوانانه ڕاکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵک و هاوپشتی زیاتری ڕێکخراو و حیزبه‌کانی ئه‌و ووڵاته‌یه‌.
ڕزگار ساڵح ده‌ڵێت:" ئه‌م ڕێپێوان و خۆپیشاندانه‌ چه‌ند مانگێکه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئێستا چالاکی و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان زیاتر فراوانتر بووه‌. سه‌ره‌ڕای ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی وه‌زیری کۆچوکۆچبه‌رانی پێشوو، هێشتا نه‌توانراوه‌ ئه‌م کێشه‌و گرفته‌ی په‌نابه‌ران چاره‌سه‌ر بکرێت".
وه‌ له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ڕایگه‌یاند:" په‌نابه‌ران درێژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان ده‌ده‌ن و تا به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌کانیان، پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ چادرگه‌کاندا ده‌که‌ن". سه‌باره‌ت به‌م کێشانه‌ و داواکاریه‌کانی په‌نابه‌ران داوا له‌ فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران کراوه‌ پاڵپشتیان بین، ئێمه‌ش به‌ هه‌موو تواناوه‌ پشتگیری له‌و په‌نابه‌رانه‌ و داوا ڕه‌واکانیان ده‌که‌ین.

Monday, November 12, 2012

له دوو مانگدا سوید زیاتر لە 20 هەزار هاوڵاتی عێراقی دیپۆرت دەكاتەوە


بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ حكومەتی سویدی نیازی وایە زیاتر لە بیست هەزار هاوڵاتی عێراقی دیپۆرتی ووڵاتەكەیان بكاتەوە.

سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی عێراقی رایگەیاندووە، حكومەتی سویدی پلانی داناوە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا زیاتر لە 20 هەزار هاوڵاتی دیپۆرتی ووڵاتەكەیان بكاتەوە.

ئەمەو بۆ چەندین جار حكومەتی عێراقی داوای لەووڵاتی سوید كردووە پەنابەرەكانی بەزۆری دیپۆرت نەكاتەوە، بەڵام حكومەتی ئەو ووڵاتە پێشنیارو داواكانی رەتكردۆتەوە.

كورديو

Sunday, November 4, 2012

4 عێراقى له‌ كامپه‌كانى ئوسترالیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

به‌ ئاره‌زووى خۆیان بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌یان داوه‌

چوار عێراقى و دوو ئێرانى بڕیاریان دا له‌ كامپى نارۆ بگه‌ڕێنه‌وه‌‌و چاوه‌ڕێى ئیقامه‌ نه‌كه‌ن له‌ ئوسترالیا.

پرۆو تیگ، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كۆچى ئوسترالى رایگه‌یاند "ئه‌و كه‌سانه‌ى بڕیاریانداوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان له‌ ره‌گه‌زى نێرن‌و به‌ ئاره‌زووى خۆیان بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌یان داوه‌".

تاوه‌كو ئێستا 82 په‌ناخواز له‌ ئوسترالیا به‌ویستى خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان‌و چیدیكه‌ به‌رگه‌ى ره‌وشى ناله‌بارى ناو كامپه‌كانیان نه‌گرتووه‌، به‌پێى بڕیارێكى په‌رله‌مانى ئوسترالیا كه‌ مانگى رابردوو ده‌رچوو، هه‌ر په‌ناخوازێكى نایاسایى بگاته‌ خاكى ئوسترالیا یه‌كسه‌ر دیپۆرت ده‌كرێته‌وه‌ بۆ كامپى نارو و پاپاگینوا، دواتر ده‌بێت له‌وێ چاوه‌ڕێ بكه‌ن بۆ كاتێكى نادیار.

هه‌فته‌ى رابردوو په‌ناخوازان له‌ كامپى نارو مانگرتنیان راگه‌یاند له‌ دژى خراپى ژیانى ناو كه‌مپه‌كه‌، یه‌كێك له‌ په‌ناخوازان به‌ (سكای نیوز)ى راگه‌یاندبوو "رۆژانه‌ په‌ناخواز نه‌خۆش ده‌كه‌ون له‌به‌ر گه‌رما‌و ئاوى پیس‌و خۆراكى ناته‌ندروست و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى سه‌ره‌تایى وه‌ك ئاو و كاره‌با".

وه‌ڵامى ئوسترالیا بۆ ئه‌م دۆخه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ده‌مێكه‌ خه‌ڵكیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى ئه‌وه‌ى به‌ قاچاخ بگاته‌ ئه‌و وڵاته‌ ره‌وانه‌ى ئه‌و كامپه‌ ده‌كرێ و ده‌بێ له‌وێ چاوه‌ڕێ بكات، رێكخراوگه‌لى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤیش ناڕه‌زاییان له‌ دژى ئه‌م دۆخه‌ ده‌ربڕى و ره‌خنه‌ى تووندیان ئاڕاسته‌ى حكومه‌تى ئوسترالى كرد، به‌ڵام ئوسترالیا سووره‌ له‌سه‌ر ناردنى په‌ناخوازانى نایاسایى بۆ ئه‌و كامپانه‌.

گیلان تریگس، سه‌رۆكى كۆمیسیۆنى باڵاى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ ئوسترالیا له‌ وتارێكدا پێشنیارى كرد بۆ ئوسترالیا یاساى كۆچ به‌ زووترین كات بگۆڕردرێت.

تۆڕى كه‌ناڵى ئه‌ى بى سى ئوسترالى رایگه‌یاند "له‌و 20 هه‌زار كه‌سه‌دا، ئوسترالیا زیاتر له‌ 3 هه‌زار‌و 800 عێراقى وه‌رده‌گرێ كه‌ ئاواره‌ى سووریا، توركیا، لبنان و ئوردن بوون، هه‌روه‌ها 600 ئه‌فغانى و عێراقى و ئێرانیش وه‌رده‌گرێ له‌وانه‌ى ئێستا له‌ ئه‌نده‌نوسیا ده‌ژین.

له‌ ماوه‌ى 2 مانگى رابردوودا ئوسترالیا بڕیارێكى ده‌ركرد بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ قاچاخ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وێ بۆ دوورگه‌ى نارۆ، هه‌ر له‌و ماوه‌دا ئوسترالیا به‌ ده‌یان كه‌سى دیپۆرتكرده‌وه‌، ئێستا ئه‌م وڵاته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێ به‌وانه‌ نادات كه‌ به‌ قاچاخ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌.

به‌پێى دواین ئامارى وه‌زاره‌تى كۆچى ئوسترالى، ئێستا 304 كه‌س له‌ كامپى نارۆدا ده‌ژین (154 سریلانكى، 23 عێراقى، 26 ئێرانى، 58 ئه‌فغانى و 43 پاكستانى).

گۆران سه‌باح
رووداو- ئوسترالیا

Wednesday, October 24, 2012

ژمارەکان چى دەربارەى پەناخوازانى عێراقى و کورد لەوڵاتە بیانییەکان ئاشکرا دەکەن؟


بەشى یەکەم
کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
هاوڕێیانم لە چەند بەشێکدا هەوڵ دەدەین ژمارەیەک داتا و زانیارى جۆراوجۆر بخەینەڕوو لەبارەى بارودۆخى پەناخوازانى کورد و عێراقى. ئەو ژمارانە زۆر گرنگن کە هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە بیزانن کە زۆرجار قاچاخچییەکان ئەوان هەڵدەخەڵەتێنن بە زانیارى نا دروست، وەکو ئەوەى بەرپرسانى ئوسترالى ئەوە ئاشکرا دەکەن.
بەپێى ئەو زانیارییانەى لەبەردەستدان، پەنابەرە عێراقییەکانى دەرەوەى وڵات 12% یان دامەزراون لە کەرتێکى تایبەت یان کارێک دەکەن لە وڵاتە بیانییەکان و 93%یان لەو ماڵانەدا دەمێننەوە کە حکومەت بۆى بەکرێ گرتوون و هیچ کارێکى جێگیرو باشیان نییە. لەم لینکەدا تەواوى زانیارییەکان دەبینن: http://www.theaustralian.com.au/opinion/columnists/end-the-boatpeople-centrelink-cycle/story-fnbkvnk7-1226476061727
لەماوەى ساڵانى 2007 بۆ 2009دا زیاتر لە 38 هەزار عێراقى 17%ى داخوازى پەنابەرییان لە وڵاتە ئەوروپییەکان پێکهێناوە، کە ئەمەش زۆرترین ڕێژەیە لە هەر وڵاتێکدا. 
لە وڵاتێکى وەکو بەڕیتانیادا ڕێژەى داخوازى پەنابەرى بۆ هەرساڵێک 2000هەزار عێراقى بوون لەنێوان 2003 بۆ 2009، کە تەنها 10%یان توانیان مافى پەناخوازى بەدەست بهێنن.
لە هۆڵەندا بەلایەنى کەمەوە 1300 پەناخوازى عێراقى هەن لە هۆڵەندا کە هەڕەشەى ڕەوانەکردنەوەیان لەسەرە بۆ وڵاتەکانى خۆیان. بەهەمان شێوە سوید ڕایگەیاندووە کە لە 2003ـەوە 20هەزار داخوازى پەنابەرى وەرگرتووە. لەم لینکەدا تەواوى زانیارییەکانى ئەم ژمارانە دەبینن:  http://www.dailymail.co.uk/news/article-2167985/Iraq-refuses-thousands-asylum-seekers-lost-right-stay-Britain.html#ixzz29LchnLr0
هاوڕێیان ئەم زانیارییانەى سەرەوە ئەو ڕاستییە تەواو ڕوون دەکەنەوە کە زۆرێک لە هەوڵەکانى کۆچ کردن بۆ دەرەوەى وڵات تەنها هەوڵێکن ئەگینا زۆرێک لەوان سەرکەوتوو نەبوون. گرفتەکە لەوەدایە کە کوردانى ئێمە وابزانن بەتەنها کۆچ کردنیان بۆ وڵاتێکى بیانى ئیتر هەموو ڕێگاکانیان بەڕوودا دەکرێتەوە.
زۆرجار دەڵێن سوید یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆر پەناخوازى کورد و عێراقى وەردەگرێت، ئەمە دەکرێت تا ڕاددەیەک لە ڕابردوودا دروست بووبێت. بەڵام لەئێستادا بەو ژمارە زۆرەى داخوازى پەنابەرییەوە، زۆر ئەستەمە ئەو وڵاتە هەموو پەناخوازەکان وەربگرێت. چونکە وڵاتانى ئەوروپاش لەئێستادا لە قەیرانى دارایى خۆیاندان، لەشوێنى ئەوەى پەناخوازانى کورد بخەنەسەر کار ئەوا هەوڵدەدەن کارو ئیش بۆ هاوڵاتیانى خۆیان بدۆزنەوە.
ئەوەى زۆر زیاتر جێگەى مەترسییە وەکو ئەوەى لە ژمارەکاندا دەرکەوتووە ئەوەیە کە لەئێستادا مەترسى ڕەوانەکردنەوەو ڕەوانە کردنەوەى بەزۆرى پەناخوازانى کورد و عێراقیش هەیە. چونکە تاوەکو دێت عێراق و کوردستان بەرەو سەقامگیرى دەچێت، و یەکێک لە مەرجەکانى وەرگرتنى پەناخوازانیش لە وڵاتانى بیانیدا ئەوەیە کە هاوڵاتیەکە لەژێر مەترسى ئاسایش، نەژادى، ئاینى، نەتەوەیى یان هەرجۆرێکى تردا بێت. 
هیوادارم گەنجانى ئێمە بەجیددییەوە ئەو داتایانە بخوێننەوەو ئێمەش هەوڵدەدەین لە چەند بەشێکدا بیان خەینەڕوو...

Wednesday, October 10, 2012

کوردان لەبەردەم دیپۆرت کردنەوەدا


بلۆگى کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

یەکێک لە نەهامەتییەکانى کۆچى کوردان بۆ دەرەوەى وڵات ئەوەیە کە وەڵامى کەیسەکانیان بەشێوەیەکى نێگەتیڤ ببێت و لەدواتردا ڕووبەڕووى ڕەت کردنەوەى داواکانیان ببنەوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لەسەر زارى وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقى ئەوەمان خستەڕوو کە وتویەتى 200هەزار پەنابەرى عێراقى لە سوید لەژێر هەڕەشەى ناردنەوەدان.
ئەم هەواڵە ڕاستە ژمارەیەکى زۆر مەترسیدارە بەڵام ئەوەى زیاتر جێگەى قسە لەسەر کردنە هەواڵى لەم شێوەیە بەشێوەیەکى بەردەوام دەبیسترێن لە دەزگا و میدیا جیاوازەکانەوە.. لەڕاسیدا ئەمە جێگەى نیگەرانییە بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت ئەو هاوڵاتى و گەنجانەى لەئێستادا لەناوخۆى کوردستانن و کۆچیان نەکردووە بە هەند ئەم بابەتە وەربگرن.
ئەم هەوڵانە کۆمەڵێک ماناو مەدلول لەخۆیان دەگرن. بەر لەهەموویان ئەوەیە کە وڵاتانى ئەوروپا کە (سوید) یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین ڕێژەى کوردانى لەخۆگرتووە و وڵاتێکە زۆر ئاسان کوردان و عێراقییەکان وەردەگرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا کە ئەو وڵاتەو وڵاتە ئەوروپییەکانى تر مافى پەنابەرى بە کوردان نادەن ماناى ئەوەیە کە بارودۆخى وەرگرتنى پەناخوازانى عێراقى و کوردى گۆڕاوە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت چونکە بارودۆخى عێراق و کوردستان بەتایبەت گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە. ئەم هەرێمە بەرەو سەقامگیرى دەچێت و لەحاڵەتێکى ئاسایشى ئابوورى و کۆمەڵایەتى باشدایە، بۆیە وڵاتانى بیانى چیتر خوازیارى وەرگرتنى کوردان نین وەکو پەنابەر.
گەنجانى ئێمە گرنگە بیر لەوە بکەنەوە کە لەناخۆدا ئەوەندەى دەتوانن پڕۆسەى وەبەرهێنان و ئابوورى و کارکردنى خۆیان پەرە پێبدەن. لەهەمانکاتدا ڕێگا یاسایى و ئاساییەکانى کۆچ کردن بگرنە بەر کە ئەمە یەکێکە لە چارەسەرە باشەکان. بەتایبەت مەسەلەى خوێندن و لێکۆڵینەوە. تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانى بیانى دەرفەتى کارکردن و ڤیزاى کارکردن دەبەخشن و هەوڵدەدەین لەداهاتوودا بابەتى لەوشێوەیەتان زیاتر بۆ بڵاو بکەینەوە.

Sunday, October 7, 2012

له‌سوید زیاتر له‌ 200 هه‌زار عێراقی هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆركردنه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌


وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی  عێراقی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، زیاتر له‌ دووسه‌د هه‌زار هاوڵاتی له‌ووڵاتی سوید هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌.



(ئه‌سغه‌ر موسه‌وی) بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی بۆ تۆڕی راگه‌یاندنی هه‌واڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ماوه‌كانی رابردوودا (دیندار نه‌جمان دۆسكی) وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك ووڵاتی ئه‌وروپی كرد بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی له‌و ووڵاتانه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و ووڵاتانه‌ سووربوون له‌سه‌ر دیپۆركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی عێراقی بۆ ووڵاته‌كه‌یان به‌تایبه‌تی ووڵاتی سوید.



ئه‌سغه‌ری ووتیشی، ئێستا له‌ووڵاتی سوید زیاتر له‌ 200 هه‌زار هاوڵاتی عێراقی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی ئه‌و ووڵاته‌ نیازی وایه‌ دیپۆرتیان بكاته‌وه‌، به‌مه‌ش ژیان و گوزه‌رانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زیری كۆچیش داوای له‌و ووڵاته‌ كردووه‌ پابه‌ندبێت به‌ڕێككه‌وتننامه‌ی پێشوو، هاوڵاتیان به‌زۆر دیپۆرت نه‌كاته‌وه‌.


Monday, October 1, 2012

ڕێ لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران گیرا

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی

دوابەدوای بانگەوازی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی ل فنلاند بۆ نارەزایەتی دەربرین دژ بەدیپۆرت کردنەوەی پەنابەرانی ئیرانی وئەفعانی ژمارەیەکی بەرچاو لەحزب وڕێکخراوە سیاسی وپیشەیەکان دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕی و ڕۆژی هەینی21 مانگ بە ڕێپوان لە ناوەراستی شاری هێلسنکیەوە بۆ پەرلەمان بەرێکەتن.
رۆژی هەینی کاتژمیر 2ی پاش نیوەرۆ خۆپیشاندەران لەبەردەم ستۆکمان لە ناوەراستی شاری هیلسنکیدا کۆبوونەوەو پاش قسەوباسیکی کورت سەبارەت بەڕێپوانەکە دواتر گروپی موسیقای لە پیشەوەی خۆپیشاندانەکەدا لەگەل بەرێکەوتنی بەشدرابووان مارشێکی کاریگەرو سەرنج رَاکیشیان لێداو بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کەژمارەیان نزیک  150 دەبوو بە شیعاری نا بۆ دپۆرتکردنەوەی پەنابەران ، ئەفغان ولاتیکی نا ئەمنە ، عیراق ولاتیکی نا ئەمنە ، ئیران ولاتیکی نائەمنە، خۆقیشاندانەکەیان بەرەو پەرلەمان بەرێکرد. 
دواتر پاشان لەبەردەم پەرلەمانی فنلاند کۆبوونەوەو لەلایەن مارکوس بەخیراهاتنی بەشدرابووانکراو ئامانجی  ریپوانەکەی راگەیاندن ..پاشان ئەندام پەرلەمانی سەر بەلیستی حزبی سەوز  Silvia Modigقسەوباسیکی سەبارەت بەسیاسەتی حکومەتی فنلاند کردو ووتی: بۆ من جیگەی شەرمە لەم ولاتەدا ئینسان ناچار دەکریت بەوەی کە بۆماوەی دوو هەفتە مان لە خواردن بگریت بۆ داکوکیکردن لەمافیک کە دەبیت پێی رەوا ببینریت، هاوکات جیگەی دلخوشیمە کە لەم ولاتەدا خارجیانیک لەسەر ماف و حورمەتی ئینسان بەجۆریک بەدەنگ دین کە ئیمەش وادار دەکەن بینەدەنک و داکۆکی لە مافەکانیان بکریت. هەروەها بەلینیدا کە بەوپەری تواناوە داکوکی لەمافەکانی پەنابەران بکەن ....خالیکی هەر سەرنج راکیشی ئەم خۆپیشاندانە ئەوە بوو کە ئەندام پەرلەمانیکی حزبی راسیستی فنلاندی  بەشداریکرد و داکۆکی لە مانەوەی پەنابەرانی مانگرتووکردو هاوکات ووتی هیوادارین ئەوەش قبول بکەین کە فنلاند نەبیتە بازاری ساخ بوونەوەی کەیسی هەموو پەنابەران.. دواتر پەنابەرانی مانگرتووە قسەوباسیکی کورتیان کرد سەبارەت بە بارودۆخی خۆیان کردو باسیان لە هۆکاری ئاوارەی و نائەمن بوونی ولاتەکانی خۆیان کردو یەکیک لە پەنابەران ئاماژەی بەوەدا کەماوەی دە سالە چەندین ولاتی ئەوروپا گەراوە بۆ دابینکردنی مافی پەنابەری وسەرئەنجام حکومەتی فنلاند بریاری دیپۆرتکردنەوەی ئەوانی داوە .... 
دواتر ریبوار عارف وەک ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە پاش بەخیرهاتن و ریزلینان لە بەتەنگەوە هاتنی ئازادیخوازانی ئەم کۆمەلگایە هاوکات قسەوباسێکی سەبارەت بە سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە فنلاندو ولاتانی ئەوروپاکردو بەتوووندی رەخنەی لەو ئاراستیە گرت کە لەم ولاتانەدا لەپال ویرانکاری وشەرو کوشتاری ولاتانی ئەفغان وعیراقدا ئەم ولاتانە بە ئەمن وئاسایش رادەگەیەنین وهاوکات داوا لە هاەولاتیانی خۆیان دەکەن کە بەهۆی نائەمن بوونی ئەو ولاتانەوە خۆیان لە سەفەرو سەردانی ولاتانی ئەفغان وعیراق بپاریزن و هاوکات بەخەلکی ئەو ولاتانە دەلین ئیوە ولاتەکەتان ئامنەو دەبیت بگەرینەوە.... 
پاشان کاتیا نوینەری ریکخراوی ئازادی جموجۆل پاش بەخیرهاتنی خۆپیشاندەران باسی بارودۆخی ەپنابەرانی کرد لە فنلانداو ئاماژەی بە سیاسەتی دژی ئینسانی حکومەت و بریارە ناشایستەکانیدا سەبارەت بە ژیان و چارەنووسی پەنابەران و بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ ولاتانیک کەهیچ جۆرە ئەمنیەت وئاسایشیکیان نیە..هەروەها بەشداربوونی دلنیاکردەوە لەوەی کەداکۆکی لەمافەکانی پەرنابەران وفیدراسیۆن دەکەن و تا هەڵوەشاندنەوەی بریاری دیپۆرتکردنەوەو مسۆگەر کردنی مافی پەنابەری بۆیان...دواتر نووینەری ریکخراویکی ئینساندۆست سەربە کلیسا پشتگیری خۆیانی بۆ داواکارەکانی خۆپیشاندانەکە راگەیاندو بە تووندی سیاسەتی حکومەتی فنلاندی دایە بەر رەخنەو خوازیاری هەلوەشانەوەی بریاری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بوو...  
پاشان نوینەری حزبی کۆمۆنیست و هاوکات نوینەیکی ئەنجومەنی پەنابەرانی ئەفعانی و چەندکەسایەتیەک پشگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکە دەربری. شایەنی باسە لەم خۆپیشاندانەدا ژمارەیەک لەڕدایو رۆژنامەو کەنالەکانی تەلەفزیون چاوپیکەوتنیان لەگەل ریبیوار عارف سازدا وپیشتریش زیاتر لە 10 رۆژنامەو مالپەر هەوال و چالاکیەکانی ئەم خۆپیشاندانەیان بلاوکردەوە.. . 
جیگەی ئاماژە پیکردنە بەهۆی رەنگدانەوەی ئەم کەمپەینەوە نوینەری وزیری داخلی فنلاند رۆژیک بەر لە خۆپیشاندانەکە سەردانی مانگرتووانیکردو پاش قسەوباسیک لەگەل پەنابەران و ریبوار عارفدا رایگەیاند کە وەزیری ناوخۆ نیگەرانی بارودخی ئەم پەنابەرایەو لەگەل سلاوڕێزی ئەودا بەگرنگیزانی کە نووینەری خۆی بنیریت بۆ قسەوباس کردن لەگەل پەنابەران و بەلینیدا کە داخوازیەکانی پەنابەران بگەیەنیت بە وەزیرو هەولی خۆیان بدەن بۆ ریگەچارەیەک. 
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە فنلاند
1.10.2012


چه‌ند زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ژنه‌ده‌ستگیرکراوه‌ کورده‌که‌ی به‌ریتانیا

جیمەن تۆفیق عەبدولرەحمانە ئه‌و ژنه‌ تەمەن ٢٤ ساله‌یه‌ که‌ خەلکی گوندی کانی کرمانجەو خانەوادەکەی لەشارۆجکەی کەلار نیشتەجین وا سال ونیوکە لەبەریتانیا ئەژین و میردەکەی بەناوی ئیبراهیم حەمیدە ،

ئەو ژنەی کەلەوینەکەدایە ،کەتەنیا ( ٦ ) رۆژە منالی بووە ،

بە تۆمەتیکی تەمومژاوی و نارون گوایە منالە ٦ رۆژەکەی فڕێ داوەتە تەنەکەی خۆلەوە لەلایەن پۆلیسی شاری وەلفیر هامتۆنەوە لەو
لاتی بەریتانیا دەست گیرکرا ، بەپێی زانیاری یە سەرەتایی یەکان گوایە ژنەکەبەپۆلیسی وتووە کە دووکەسی رەش پێست چونەتە سەری بۆ مالەکەی و و دەستیان خستۆتە سەردەمی تا بێهۆشیان کردووەو و دواتر منالەکەیان رفاندووە ، بەلام پۆلیس بۆ لیکۆلینەوە لەرووداوەکە خۆی یان دەست گیر کردووە 

منالەکە لەئیستادا هەردووجاوی لەدەست داوە و بەپی ی زانیارییە سەرەتایی یەکانی پزیشکیش میشکی تیک جووەو باری تەندروستی منالەکە زۆر خراپە بەقسەی دکتۆرەکانی بێت هەروادەمێنێتەوەو گەورەش نابێت و ووتویانە هێندە گەشە ناکات قژیشی ناروێت

له‌ئێستا دا ئه‌م ئافره‌ته‌ له‌ زیندان دایه‌ به‌ڵام چه‌ند شتێک له‌دۆسیه‌که‌یدا هه‌یه‌ جێگای گوومانه‌ :_
تائێستا ئه‌م خانه‌واده‌یه‌ هیچ جوابێکیان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌و وڵاته‌دا
وه‌ لەو بینایەی ئەمانی تیا دەژین کامیرەی جاودیری تیدانیە،! تا به‌وردی به‌دوا داچوونی بۆ بکرێت
خانه‌واده‌که‌ش ده‌ڵێن ڕه‌ش پێست وایان له‌ مناڵه‌که‌یان کردووه‌ !
ئەوەی تا ئێستا تاوانباری سەرەکیە بەداخەوە هەر ئافرەتەکەیه‌ ،، ئەوەی کەمن بیستومە رەنەگ دایکەکە شڵەژابیت کاتیک ووستویەتی عەلاگە خۆڵەکە بخاتە ناو ئەوە بۆریەوە کە خۆڵ وخاشاکی تێدەکەن دەرواتە خوارە بۆ ناو حاووێیەکی گەورە،، رەنگە منداڵەکەی خستبێتە خوارەوە ئەم سیناریۆیەش دوای رووداوەکە دانرابێت!هیوادارم واش نه‌بێت،،،، بۆیە ئەم ئەگەرەش زۆرە گوایە دکتۆر ووتویەتی هەندێ ژن لە جەند حەفتەی یەکەمی دوای من داڵبوون تووشی شڵەژان وباری نائاسای دەبیت.. ئەم ئافرەتەش ئەمە یەکەم منداڵیتیو خۆشی تەمەنی زۆر نییه‌،

له‌کۆتایی دا هیوادارم هه‌موو لایه‌کمان و ئه‌وانه‌ی شتێکیان بۆ ده‌کرێت هه‌وڵێکی بۆ بده‌ن چونکه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ڕه‌وشی کورد ده‌بێت له‌م ووڵاته‌

Thursday, September 27, 2012

داوای‌ ڕاگرتنی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران ده‌كرێت

ئامانج عه‌بدوڵڵا

فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراق له‌هه‌رێم ڕایگه‌یاند، پرۆسه‌ی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌‌و ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا، په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی به‌زۆر ڕه‌وانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ وه‌رنه‌گیرێنه‌وه‌، به‌ڵام مه‌ترسیه‌كان هێشتا هه‌رماون، له‌ئێستاشدا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌دان.

(ئامانج عه‌بدوڵڵا) لێپرسراوی‌ فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری‌ په‌نابه‌رانی عێراق له‌هه‌رێم به‌NNA ڕاگه‌یاند، دوای‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن فیدراسیۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ دراون، به‌مه‌به‌ستی‌ پێشكه‌شكردنی‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك به‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌به‌غدا، سه‌باره‌ت به‌ڕێگریكردن له‌به‌زۆرناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران، به‌ڵام تائێستا هه‌وڵه‌كانیان هیچ ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بووه‌.

ئامانج عه‌بدوڵڵا هێمای‌ به‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا (1000) په‌نابه‌ر له‌كه‌مپه‌كانی وڵاتی سویدا ئاماده‌كرابوون بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌یان، كه‌ به‌شێكی زۆریان كوردن، حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ش سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌ خۆیی‌و پێده‌چێت به‌مزووانه‌ دیپۆرتبكرێنه‌وه‌.

وتیشی‌:"زیاتر له‌(30) هه‌زار په‌نابه‌ری‌ عێراق‌و هه‌رێم له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌دان، كه‌(90)یان كوردن، له‌به‌رامبه‌ریشدا فیدراسیۆنه‌كه‌یان داواكاره‌، حكومه‌تی‌ عێراق به‌و پرۆتۆكۆلانه‌دا بچێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن‌و  پێویسته‌ به‌زووترین كات پرۆسه‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بوه‌ستێنرێت".
-----------------------------------------------------------------
به‌ڵێن هه‌ڵه‌بجه‌یی‌-NNA/(/)

Tuesday, September 25, 2012

هه‌وڵی‌ ڕاگرتنی‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران ده‌درێت

دۆسكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی كوردو عێراقی

دیندار نه‌جمان دۆسكی‌) وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق له‌شاری‌ (ستۆكهۆڵم) دیدار‌و چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌ سازكرد، به‌مه‌به‌ستی‌ گوێگرتن له‌كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سوید.

له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سوید، دۆسكی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌‌و هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری‌ سویدی‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی‌ ئه‌نجامدا، هه‌تا له‌نزیكه‌وه‌ كێشه‌كانیان‌و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ ببیستێت، كه‌ به‌هۆی‌ بڕیاری‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی‌ به‌شێك له‌ڕه‌وه‌ندی‌ كورد‌و عێراقی‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا. 

دیندار دۆسكی‌ به‌نیازه‌ له‌ڕۆژانی‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ سوید‌و وه‌زیری‌ كۆچی‌ سویدیدا دیدارێكی‌ فه‌رمی‌ ئه‌نجامبدات، به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتنه‌ بڕیارێكی‌ تایبه‌ت به‌به‌رگرتن له‌بڕیاری‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد‌و عێراق له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ سویده‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، یه‌كێكه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی‌ وه‌زاراه‌ته‌كه‌ی‌، بۆ به‌رگرتن له‌بڕیاری‌ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد‌و عێراق له‌سوید، پێشتریش په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕایگه‌یاندبوو، پێویسته‌ هیچ په‌نابه‌رێكی‌ دیپۆرتكراو له‌هیچ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ عێراق وه‌رنه‌گیرێته‌وه‌.
-----------------------------------------------------------------
و: ئاسۆ ئه‌كره‌م  (/)
NNA

ناڕەزایەتی له‌ هۆڵه‌نده‌ دژ به‌ به‌زۆرناردنه‌وه‌ی 1300 په‌نابه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌


راپۆرتێک له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیو چالاکیه‌کانی په‌نابه‌رانی عێراقی
لە دوای پێچانەوەی چادرگەی سێڵینگن لەلایەن شارەوانی هەمان گوندەوە و ئاوارە کردنەوەی چەند بارەی پەنابەرانی بێجێگەو ڕێگە، کە دەکاتە 14ی سێپتێمبەر، پەنابەران ناچار بوون بە کۆمەڵ پەنا بۆ شاری لاهای/ دێنهاخ ببەن و لە نزیك ویستگەی شەمەندەفەری ئەو شارە کۆببنه‌وه‌. سەرەتا ناره‌زایه‌تیه‌کان به‌وه‌ دەستیان پێکرد کە داوای مۆڵەتی مانەوە پێشکەشی شارەوانی شاری لاهای بکەن بۆ مانەوە لە پارکی کومارك و دواتریش درێژەدان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دژی سیاسەتی بە زۆرناردنەوەی 1300 پەنابەر کە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی خێرت لێرس خەریك بوو لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزیری کۆچو کۆچبەرانەکەی بناغەی بۆ داده‌ڕشت.
سەرباری ئەوەی پەنابەران لە هه‌ڵومەرجێکی زۆر نالەباری ژیان و گوزەراندان کە وەکو پێویست خواردن، سەردانی پزیشك، شوێنی خۆشتن، خەوتن و تەوالێتیان نیە و بەدەست سەرماو تەڕوتوشیەوە دەناڵێنن. هەروەها پەنابەران تا ئاستێکی زۆر بێزارو نیگەرانی ئەوەن کە سیاسەتی هەڵاواردنیان لەگەڵدا کراوە کاتێك چەند مانگ لەمەوبەر دوو گروپ لە پەنابەران لەهەریەك لە گوندی تێرئەپڵ و شاری دێن بوش خۆپیشاندانیان بەڕێخست لە پێناوی بەدەست هێنانەوەی مافی گەڕانەوە بۆ کەمپەکانیان، کە ئەو کات خێرت لێرس بە بڕیارێك داواکاری خۆپیشاندەرانی جێبەجێ کردوو ئەو پەنابەرانی گەڕاندەوە کەمپەکانیان. بەڵام ئەوەتا ئەم بەشە لە پەنابەران زیاتر لە 22 ڕۆژە بە جۆرەها شێوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەڕیدەخەن بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی گەڕانەوە بۆ کەمپەکانیان، بەڵام تا ئێستا خێرت لێرس سیاسه‌تی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه‌و خۆی لێ دورەپەرێز گرتووەو هیچ بایەخێك بۆ داواکاری ئەو پەنابەرانە و ڕێکخراوەکانی به‌رگریکار لە مافی پەنابەران دانانێ.
لەو ڕاستایەدا پەنابەران و ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە به‌رگری لە مافەکانیان دەکەن، لە ڕۆژانی هەینی و شەممەی ڕابردودا هەڵسان بە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنیانە بۆ بەر باڵەخانەی وەزارەتی داد و پەرلەمان لە شاری لاهای بە مەبەستی ڕاکێشانی هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵکی مرۆڤ دۆستو ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی ئەو شارەو وڵاتی هۆڵەنده‌.
ڕێپێوانی یەکەم ڕۆژی پێنج شەممە بەڕێخراو پەنابەران بەدەم ڕێڕۆشتنەکەوە جۆرەها دروشمی دژی دیپۆرتکردنەوە و بە نایاسایی دانانی پەنابەرانیان دەوتەوەو کوچەوکۆڵانەکانی ئەو شارەیان ‌‌هێنابووە جۆشوخرۆش. ڕێڕۆشتنی دووەم ڕۆژی هەینی بەڕێخراو پەنابەران بەوتنەوەی دروشم و ناڕەزایەتی بەرەو باڵەخانەی وەزارەتی داد بەڕێکەوتن.
هەروەها ڕۆژی شەممەی ڕابردوش پەنابەران ڕێڕۆشتنێکی تریان بەڕێخست بەناو کوچەو شەقام و شوێنە گشتیەکانی شاردا کە مەبەست لێی بەدەستهێنانی پشتگیری مادی و مەعنەوی و بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە بوو لە سیاسەتە ڕاستڕەوی و دژە پەنابەرانی خێرت لێرس کە دەرهەق بە پەنابەرانی بێ دەرەتان گرتوێتیەبەر.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی له‌ هۆڵەنده‌ هەروەکو چۆن پەنابەرانی لە چادرگەی سێڵینگن یارمەتی مادی و مەعنەوی کردووە، بەو جۆرەش لە ڕووهێنانی پەنابەران بۆ شاری لاهای لەیەکەم ڕۆژەوە هیچ درێغیەکی نەکردووەو بەردەوام بووە لە بەدەستهێنانی یارمەتی و پشتگیری پەیداکردن بۆ سەرخستنی داوای بەرهەقی پەنابەران و پێدانی مافی نیشتەجێبونیان. هەروەها جگە لە ئامۆژگاری، بەرچاوو ڕۆشنکردنەو و بەسەرکردنەوەی بەردەوامی په‌نابەران لە پارکی کومارك، فیدراسیۆن ڕۆژی شەممە بەشداری بەرچاوی لە ڕێپێوانی ناره‌زایه‌تی پەنابەراندا کردو گڕوتین و مەعنەویەتی زیاتری پێبەخشین.
شایه‌نی باسه‌ هەردوابەدوای کۆتایهێنان به‌ رێپێوانه‌که‌، فیدراسیۆن لەگەڵ پەنابەرانی کۆبووه‌و دەستیکرد بە گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی بەردەوامی پێدانی ناڕەزایەتیەکەو و کاروچالاکیه‌کانی ئایندەو دواکاری پەنابەران و پێشهاتەکانو گرێوگۆڵەکانی سەر ڕێگای چونەپێشەوەی خەبات و ناڕەزایەتی پەنابەران. لە درێژەو بەرەنجامی گفتوگۆی کراوەو دۆستانه‌ی نێوان فیدراسیۆن و پەنابەران هەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە پەنابەران پێویستە داواکاریەکانی خۆیان لە نوسراوێکدا گەڵاڵە بکەن و ئاڕاستەی وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی بکرێ و دواتریش لە زۆربەی ناوەندو میدیاکاندا بڵاوبکرێتەوە لە پێناوی سەرخستنی یەکجاری دۆزی پەنابەران، ئەمە سەرەرای ئەوەی کە پێش چەند ڕۆژێك داواکاری نامەیەکی گشتی لەلایەن گروپێکی هۆلەندی کە ئێستا بەرگریکەرە لە مافەکانی پەنابەران لە کومارك گەڵاڵەکراوە بڵاوکراوەتەو بەڵام پەنابەران و فیدراسیۆن گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەو داواکارینامەیەی پێشتر کەموکوڕی تێدایەوە پێویستە پەنابەران بە یارمەتی فیدراسیۆن خۆیان داواکارینامەیەك گەڵاڵە بکەن کە ڕاستەوخۆ کێشەوگرفت و داواکاریەکانی پەنابەران پێچەوانە بکاتەوە.
لەکاتی تەواوکردن و گەڵاڵەکردنی داواکارینامەکەو دەنگدانی هەموو پەنابەران لەسەری، فیدراسیۆن وێنەیەکی بڵاودەکاتەوە بۆ زیاتر ناساندنی کێشەو داواکاریەکانی پەنابەران.

سەرچاوە: پەیجى فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی- هۆڵەندە

Monday, September 10, 2012

دیندار دۆسکی: دانیمارکیه‌کان گوتویانه‌ چی دی کوردی عێراق وه‌ک په‌نابه‌ر وه‌رناگرن


وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق
به‌پێی ڕاپۆرتێکی فێدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی ، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ڕێی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌ڕێندرابوونه‌وه‌ بۆ عێراق، زۆربه‌یان کورد بوون و له‌ فڕۆکه‌خانه‌ش پێشێلکاری و سوکایه‌تیان به‌رامبه‌ر کراوه‌ چونکه‌ زمانی عه‌ره‌بییان نه‌زانیوه‌.
دیندار نه‌جمان دۆسکی ، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ داوای یاسایی خۆیان له‌ڕێی دادگاکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراقه‌وه‌ تۆمار بکه‌ن یان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بکه‌ن تا بتوانرێت به‌دواداچوون له‌سه‌ر کێشه‌کانیان بکرێت.
وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌شڵێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ بۆ عێراق گفت و گۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ و ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا کراون و به‌رده‌وامیش قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی هاوکارمان به‌ڵێن ساڵح ، سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌کاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌رانی عێراقی که‌ له‌ سوریان و به‌هۆی ئاڵۆزی سیاسی و ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌وه‌ باری گوزه‌ران و ژیانیان هێنده‌ی تر خراپ بووه‌، دیندار نه‌جمان دۆسکی ، وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌ری عێراق ده‌ڵێت ده‌ستکراوه‌ به‌ ئاماده‌کاریه‌کان و واش چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن پاش ته‌واو بوونی خوێندنی ئه‌مساڵ زۆرێک له‌و عێراقیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.
Balen Salih


Sunday, September 2, 2012

به‌ریتانیا 90 په‌نابه‌ری عێراقی ده‌نێرێته‌وه‌و به‌غداش وه‌ریانناگرێته‌وه‌


حكومه‌تی به‌ریتانیا 90په‌نابه‌ری عێراقی بێوه‌ڵامی یاسایی ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌وحكومه‌تی عێراقیش ئاماده‌نییه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

سه‌ره‌رای خراپبوونی باری ئه‌منی عێراق حكومه‌تی به‌ریتانیا دووباره‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌و وڵاته‌و به‌ڵام به‌غدا ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌و به‌ناچاری حكومه‌تی به‌ریتانیا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی گه‌راندۆته‌وه‌.

 لایخۆشیه‌وه‌ ده‌شتی جه‌مال به‌رپرسی فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراق خۆشحاڵی خۆی به‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی به‌غدا ده‌ربری و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌ئێستادا زیاتر له‌ 1300كه‌س له‌وڵاتی نه‌رویج بێوه‌ڵامن و چاوه‌رێی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆرن.

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration


Thursday, August 30, 2012

سوید هه‌فتانه‌ هه‌زار په‌نابه‌رى عێراقى ده‌نێرێته‌وه‌

ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ له‌ شوباتی 2008 دا له‌گه‌ڵ سوید مۆرکراوه‌

حكومه‌تی‌ عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سویدا ڕێککه‌وتوون تا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌ ڕه‌وانه‌ی عێراقیان بکه‌نه‌وه.‌

ماڵپه‌ڕی ئیلاف بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حکومه‌تی عێراقی و سویدی پیلانی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازانیان داڕشتوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراقیه‌ که‌ نابێت په‌نابه‌ران به‌زۆر دیپۆرتبکرێته‌وه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی‌ سایتی‌ ئیلافدا هاتووه‌ ” ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی حکومه‌تی عێراقی ئاکامی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌یه‌ که‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی 2008 دا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سویدیدا مۆری کردووه‌، به‌و پێیه‌ سوید ده‌توانێ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌‌ی که‌یسه‌کانیان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بکرێنه‌وه‌، وه‌ک ئه‌و چه‌ند هه‌زار په‌نابه‌ره‌ی له‌ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوودا دیپۆرتکرانه‌وه‌”.

به‌پێی ئه‌و زانیارانه‌ی ده‌ست ده‌زگا هه‌واڵیه‌کان گه‌یشتووه‌ وه‌ک ئیلاف باسی ده‌کات له‌ شه‌وی 29  ئه‌م مانگه‌وه‌، ده‌یان په‌نابه‌ری عێراقی که‌یس ڕه‌تکراوه‌ خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ که‌ به‌زۆر به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی ستۆکهۆڵم ده‌بردرێن و ده‌خرێنه‌ فڕۆکه‌وه‌ به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا دیپۆرتده‌کرێنه‌وه‌، به‌پێی وه‌زاره‌تی کۆچوکۆچبه‌رانی عێراقی‌ هه‌فته‌ی 1000 په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

ئه‌م دیپۆرتکردنه‌وه‌یه‌ پاش ڕه‌تکردنه‌وه‌ی که‌یسه‌کانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دێت، به‌پێی یاسایه‌ک که‌ گوایه‌ ووڵاته‌کانیان ئارام و بێ گرفت و بێ کوشت وبڕ و ئه‌شکه‌نجه‌ و یاسایی له‌ سێداره‌دان بێت.

ده‌شتی‌ جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراق ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نوێیه‌ی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران به‌ سایتی‌ هاوڵاتی‌ وت “ئەمه‌ نیشانی ئەدات هەموو ئەو ئیدعایانەی حکومەتەکەی مالکی سەبارەت بە پەنابەران دەیکات، نەک هەر پوچو چەواشەکارانەیە، بەڵکو ملدانی حکومەتی عیراقیە بە هەموو ئەو ئیمتیازانەی کە حکومەتی مودراتی سوید خستۆتی ئیختیاریانەوە بە مەبەستی رازیبون بە وەرگرتنەوەی پەنابەران.”

وتیشی‌ “هاوکات ئەمە سات و سەوداو بازرگانیکردنە بە ژیان و داهاتوی پەنابەرانەوە وەک ئەوەی  پەنابەران کاڵای هەرزان بەهای دەستی مالکی بن، کە ئەمە ئیتر هیچ شکو گومانێک ناهێڵێتەوە بەوەی حکومەتەکەی مالکی دژ بە هەموو ماف و ئازادیەکانی خەڵکی عیراقە و مایەی نەفرەت و ئیدانەکردنە”.

دەشتی جەمال داوا له‌  هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکات کە لەپەرلەمانی عێراق دەنگیاندا دژ بە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران، هەوڵەکانی خۆیان بەرامبەر حکومەتەکەی مالکی توند بکەنەوە، تا ئەو رێکەوتنەی مالکی لەسەر حسابی پەنابەران کردویه‌تی هەڵپەسێرێت و پابەندبێت بەو بریارەی پەرلەمان  کە لە ٢٣-٦ سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەران بڕیاری له‌سه‌ر درا.

هاوڵاتی‌

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration