Showing posts with label Iraqi Refugees. Show all posts
Showing posts with label Iraqi Refugees. Show all posts

Thursday, November 20, 2014

ئەڵمانیا بەخشینی پەنابەری بە عێراقی و سوورییەکان خێرا دەکات

نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا بڕیاری دا لە ئێستا بەدواوە ماوەی لێکۆڵینەوە لە داخوازیی مافی بەنابەرانی عێراقی و سووریایی کورت بکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی کە لە هەندێك لە میدیاکانی ئەڵمانیادا ئاماژەی بۆ کراوە، نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران بڕیارێکی چەند هەفتەیەك لەمەوبەری وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکات. بڕیارەکەیش کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکانی عێراق و پەنابەرانی سووریایی دەگرێتەوە و دۆسیەکانیان دەخرێتە پێشەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەردا ناکرێت و تەنیا داوای لێ دەکرێت فۆرمێك پڕ بکاتەوە و داوای پاراستنی مافی نێودەوڵەتی بکات. پاش ئەوە پەنابەر دوای ١١ ڕۆژ تا ٣ مانگ وەڵامی بۆ دێتەوە. بەڵام ئەم بڕیارە کەسانێك ناگرێتەوە کە پێش هاتنیان بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتێکی تری ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردبێت.
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ١٨٤١٥ بیانی لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە و پەنابەرانی سووریایی بە ڕێژەی ٢٦،٨%دا گەورەترین گرووپی ناو ئەو پەنابەرانە پێكدەهێنن. پەنابەرانی عێراقییش بە پلەی دەیەم دێن و ٣%ی ئەو ژمارەیە پێكدەهێنن. بەڵام لە ئامارەکەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ڕەگەزی نەتەوەیی و ئاینیی پەنابەرانی عێراقی و سووریایی و وڵاتانی تر نەکراوە، چونکە وەك باوە، لە ئامارەکاندا تەنیا ئاماژە بۆ وڵاتی پەنابەر دەکرێت.

Sunday, August 24, 2014

ئوسترالیا: ئامادەین 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرین‌


هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق و تێكچونی بارودۆخی ئەمنی سوریا بە هەزاران هاوڵاتی ئاوارە كرد و لە ئێستادا لە ژێر مەترسی لەناوچوندان، بەم هۆیە ئوسترالیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە كە توانای هەیە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرێت، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدات.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی ئوسترالیا (سكوت موریسۆن) لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەری International Business Times  رایگەیاندووە: "حكومەتی ئوسترالیا بریاری داوە كە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری لە خۆی بگرێت كە بەهۆی تێكچونی باوردۆخی ئەمنی توشی ئاوارەیی بوونە."

هەروەها موریسۆن وتیشی "بەرنامەی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی ئوسترالیا كاری زۆری لەم پێناوە كردووە بۆئەوەی ژیانێكی دەستەبەر بۆ ئاوارەكانی عێراق و سوریا دابین بكات، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدەین."



چەترپرێس-پەیوەند كوردی

Wednesday, August 20, 2014

ئەم وڵاتانە ئامادەن مافی پەناپەرێتی بەعێراقیەكان بدەن

بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە، چەندین وڵات هەڵویستی خۆیان دەگۆڕن‌و ئامادەن مافی پەنابەرێتی بەهاوڵاتیانی عێراق بدەن‌و كارئاسانیان بۆ بكەن. 
ئاوێنەنیوز، سلێمانی: پاش ئەوەی حكومەتی فەرەنسا لەزاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتەوە ئامادەیی نیشاندا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو هاوڵاتیە مەسیحیانەی عێراق كەبەهۆی توندوتیژیەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەپارێزگای موسڵ ئاوارە بوون، حكومەتی ئوسترالیاش بەفەرمی بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەراندا 2 هەزارو 200پەنابەری عێراقی وەربگرێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری كۆچی ئوستڕالیا ، سكۆت مۆریسۆن ، ِرایگەیاند ئاوارە مەسیحكان‌و ئێزیدیەكان دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بكەن لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەرانی ووڵاتەكەیدا، بەڵام لەدواهەمین لێدوانیدا كەئاژانسی هەواڵی (ئەی بی سی نیوز) بڵاویكردەوە ناوبراو ڕایگەیاند كەهەرچەندە پڕۆگرامی پەنابەرانی وڵاتەكەی لەسەربنەمایەكی ئایینی  تایبت دانەڕێژراوە، بەڵكو  وەرگرتنی پەنابەران لەسەر بنەمای ئاستی ئەو چەوسانەوەیە دێت، كە دووچاریان بۆتەوە.
مۆریسۆن هۆشداریدا كە پڕۆگرامەكە ئەو پەناخوازانە ناگرێتەوە كە بەبەلەم بەشێوەیەكی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە ئەو  وڵاتە. 
هاوكات ، لەئەمریكاش كە یەكێكە وڵاتانەی كە خاوەنی پڕۆگرامێكی ساڵانانەی  فراوانی وەرگرتنی پەنابەرانە، هەوڵەكانی داكۆكیكاران بۆ پێدانی پشكی شێر بەپەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی‌و كەمینەكانی عێراق بەتایبەتی بەردەوامە.
 مارك ئەرەبۆ ، كەسایەتی دیاری ئەمریكیە كەلە بنەچەدا خانەوادەكەی عێراقین و لەئێستادا وەك كەسێكی دیاری داكۆكیكار لەئاوارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی دەردەكەوێت داوا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات كە 40 بۆ 50 هەزار پەنابەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت لەكۆی ئەو 70 هەزار پەنابەرەی كە ئەمریكا لە سەرتاسەری جیهانەوە ساڵانە وەریدەگرێت .
زۆرێك لەو ولاتانەی ئامادەن پەنابەری عێراقی وەرگرن بەهۆی هێرش‌و توندوتیژییەكانی چەكدارانی داعشەوە هەڵوێستەكانیان گۆڕیوە، پێشتر ئامادە نەبوون پەنابەران وەربگرن. 
ئامادەكردنی: hazhar taha 
سەرچاوە :ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز ، سی بی ئێس

Sunday, March 2, 2014

وەزارەتی كۆچبەرانی كوردستان پێشنیازێك بۆ پێكهێنەرانی كابینەی نوێ


38216image1كوردی هەندەران سەرمایەیەكی گەورەی مرۆیین و دەبێ كەڵكیان لێوەربگیرێ. كۆچبەرانی كورد گرووپێكی جیاوازن و هەمەجۆر (هیتەرۆجین)ن، بەڵام یەك خاڵی هاوبەشیان هەیە: چ بە زۆرەملێ بێ یان بە ئارەزووی خۆیان، هەتا رادەیەك توانایان هەیە لە كەڵچەرێكی زۆر جیاواز و دوور لە كەڵچەری كورد‌ بژین. ئەمە دەكر‌ێ كەڵكی لێوەربگیرێ. 

فاكتەكان هەر گرووپ و تەنانەت هەر تاكێك‌، هۆی تایبەتی خۆی هەبووە بۆ بەجێهێشتنی نیشتمان. لە ساڵانی حەفتای سەدەی پێشوو‌ هەتا ئەمڕۆ، كاتی جێهێشتنی وڵات جیاواز بوو. ئەوەی ئاشكرایە، زۆرینەی ئەم كۆچبەرانە ئامادەن بچنەوە نیشتمانی خۆیان. لە مێژووی كۆچبەری (ئیمیگرێشن)دا، هەموو ئەو نەتەوانەی بە ‌زۆرەملێ وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، هەمیشە چاویان لە نیشتمانی خۆیانە و گەڕانەوە خەونی شەو و رۆژیانە، ئەوە‌ش روونە بۆ مێژووناسەكان، دوور یان نزیك ئەم كۆچبەرانە دێنەوە نیشتمانی خۆیان. 

بۆ ئەوەی ئەم گەڕانەوەیە بۆ خزمەتی نیشتمانمان بێ و بە ‌یەكگەیشتنەوەی ماڵباتە‌ لێكدابڕاوەكان بۆ لای یەكدی ئاسان بكات، پێویستی بە سیستیماتیك هەیە، بۆ ئەوەی‌ پێش زۆربوونی لێشاوی گەڕاوەكان كار و ئامادەكاری بۆ بكرێ. پێش ئێمە، ئەڵمان و جووەكان و چەندین نەتەوەی دیكە ئەمەیان بەسەر هاتووە و ماوەی زۆریان ویست هەتا سیستیماتیكیان بۆ گەڕانەوە دۆزییەوە، بەڵام پێشوەخت زانییان، نەوەكانیان لە هەندەران یارمەتیدەریانن.

ئەم سیستیماتیكە و كاركردن لەسەری، لەناو رێكخراوێكی حكومی بە شێوازی وەزارەتی (كۆچبەران و پەناهەندە و گونجاندن) كە یەكڕاست سەر بە دەزگای سەرۆكوەزیران بێ، وەك لە ئەڵمانیا وەزارەتی (كۆچبەران، پەناهەندەیی و گونجاندن) لە دەزگای سەرۆك وەزیران دانراوە Ministerium im Bundeskanzleramt، دەتوانرێ كاری خۆی بكا. ئەمە كاریگەری خۆی دەبێ لەسەر پەرەپێدانی كۆمەڵی مەدەنیی كوردی، دوور لە توندڕەوی ئاینی و رەگەزپەرستی! لەم سەردەمەدا، جیاواز لە سەردەمەكانی پێشوو،‌ ژمارەیەكی زۆری كورد لە هەندەران، لە گشت كەرتەكانی ئابووری، كارگێڕی، پۆلەتیك، زانستی، وەبەرهێنان، ئای تی و هتد، لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا گیرساونەتەوە.

هەرێمی كوردستانیش ئێستا بووەتە جێی بەدیهێنانی خەونی هەموو (كەسێك) كوردێكی بەپەرۆش بۆ پێشكەوتنی نیشتمان و ئامادەكاریی بۆ بوونی كیانێكی سەربەخۆ. بۆ ئەم مەبەستە، كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی كوردی دەرەوەی وڵات و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەیان، هەروەها بۆ لە ئامێزگرتنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، یان رێكخستنیان لە لۆبی دەرەوەدا بایەخی تەواوی هەیە، چونكە ئەمانە لە سیستمی ئەوروپی دیموكراسیدا ژیاون و پارچەیەكی لێنەكراوەن لە نەتەوەی كورد. لە كارامەیی و تواناكانیشیان بۆ خزمەتكردن كەڵك وەربگیرێ. نابێ لە یاد بكرێن.

زۆر لەم كوردانە و هەتا ئەمڕۆ خزمەتێكی زۆریان بە كورد و كوردستان گەیاندووە، لە ناساندنی كورد‌ بە جیهانی دەرەوە، بزووتنەوەی خودموختاری، هەتا دروستبوونی كۆمەڵی‌ مەدەنی لە شارەكانی كوردستاندا. بۆیە ئەو تایبەتمەندییانە ‌و سەركەوتنی تاقیكراوەی وەزارەتی كۆچبەران لە وڵاتانی پێشكەوتوو، رێخۆشكەری ئەو پێشنیازە دەبن كە هەرێمی كوردستانیش وەزارەتی كۆچبەران بكاتە یەكێك لە وەزارەتەكانی كابینەی نوێ.

مەبەست لە دامەزراندنی وەزارەتی كۆچبەرانی كوردستان: 

 - لەخۆ گرتنەوەی رۆڵەكانی ئەم نیشتمانە كە ئاوارەی هەندەران بوون و زۆر لە منداڵەكانیان (ئەم منداڵانە هاندەری كوردبوونێكی پێشكەوتنخوازانە دەبن چونكە لە سیستمێكی دیموكراتدا پەروەدە كراون) بۆ ئەوەی لە نامۆیی و بێ ناسنامەیی "ئایدەنتیتی" رزگاریان بێ و بتوانن بە شانازییەوە وڵاتی خۆیان پێشبخەن.

 - گەڕانەوەی كوردی هەندەران بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئابووری بكرێتەوە. پێویستە كەڵك لە ئەزموونی گەلان لەو بوارەدا‌ وەربگرین، بۆ نموونە ئابووریی داڕماوی توركیا بەوە گەشەی كرد. توركەكانی هەندەران توانییان لە وڵاتی خۆیاندا پڕۆژەی ئابووری هاوشێوەی ئەوانەی ئەوروپا بكەنەوە، هەروەها كەلتووری كاركردنی جددی لە ئەوروپییەكان و بەتایبەت لە ئەڵمانەكان وەرگرن و هاوردەی وڵاتی خۆیانی بكەن. بەوەش رێژەی بێكارییان كەمتر بووە.

 - سوودوەرگرتن لە كەسێتی كوردی هەندەران بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگارییەكی زانستی و بەهێز بخولقێنین، كە رووبەڕووی فشاری كۆمەڵایەتی و سیاسی توندڕەوی ئاینی بێتەوە لە كوردستان. 

 - سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كوردی هەندەران بۆ ئەوەی لێرەدا بە یارمەتیی ئەوان كومەڵگەیەكی مەدەنی و شارستانێتییەكی سەردەم و دوور لە شۆك و پێكدادان پێكبهێنرێ، بۆ بەهێزكردنی كەڵچەری تێكەڵاوی نێر و مێ [1]. - راكێشانی نەوەی نوێ كە خاوەن دوو كەڵچەرن. ئەمە دەبێتە هۆی بەرفراوانبوونی مەودای تێگەیشتن و تۆلەرانس بەرامبەر كەڵچەرە جیاوازەكان، بە مەرجی رێزگرتنی كەڵچەری خۆماڵی كوردی. ئەمانە دەبنە كادری بەهێزی كۆمەڵی كوردی. دەبنە پردێكی مرۆڤانە بەرەو جیهانی دەرەوە لە هەموو بوارەكان.

 - كەڵك وەرگرتن لە توانای زانستی، تەكنۆلۆژی، دارایی و بەڕێوەبەرایەتی ئەو كەسانە كە پێیان ناكرێ بگەڕێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێ خزمەتی وڵاتی خۆیان بكەن. 

هەوڵدان بۆ دروستكردنی لۆبی كوردی بە هەماهەنگی حكومەتی كوردستان لە هەندەران، بێگومان لە بەرژەوەندیی كوردستان دەبێ. 
- بوونی بنكەی تایبەت بۆ راوێژكاری ئەو كوردانەی لە هەندەران سەرگەردان بوون و بوونەتە بارێكی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و دەروونی بەسەر كۆمەڵگە‌ و ماڵباتەكانیانەوە.

- نەهاتنەوەی هەندێ پسپۆڕی كورد بۆ هەرێمی كوردستان، هۆكاری هەمەجۆری هەیە. ئاشكرایە هاندانی گەڕانەوەیان پێویستی بە پلانڕێژی هەیە و دەكرێ چەندین جۆری خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێ، بۆ نموونە: دڵنیایی تەندروستی (بۆ هەموو كوردستانییەك) گەرەنتی خوێندنی منداڵەكانیان بەشێوازێكی گونجاو دەبێتە هۆی ئاسانكاریی زیاتر بۆ گەڕانەوەیان. راستە لە شارەكانی كوردستان مۆڵ و رێستورانتی چەند ئەستێرەیی لێیە بە رووكەش، گوایە ژیانێكی وەك ئەوەی ئەوروپای لێ ببرێتە سەر، بەڵام ئەو جۆرە شوێنانە بێجگە لەوەی وەك ئەوروپا نین‌، تەنیا بۆ ئەوانەیە كە پارەدارن. تەنانەت بۆ خاوەن بڕوانامەی بەرزی وەك دكتۆرا كە لە هەندەرانەوە دێنەوە، هەڵناسووڕێ منداڵ و خێزانیان رۆژانە ببەنە ئەم شوێنانە.

- زۆر لە ژنانی كورد، بەهۆی ئەوە ناگەڕێنەوە كە ئەو ماف و رێزەی لە هەندەران هەیانە، لە كوردستان لە ‌دەستی دەدەن. بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، دەكرێ چەندین كامپینی رۆشنبیریی لە ناوخۆ و دەرەوە بكرێ. كامپین نابێ تەنیا بكرێ كە ژن دەكوژرێ، بەڵكو پێش كوشتنی ژن بە جۆرەها میتۆد. 

- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كەڵچەرێكی سیاسی ئاشتیخوازی دیموكراسیانە لەڕێی‌ جۆرەها كامپین و پڕۆژەوە، بە بەشداریی كوردی هەندەران، بۆ داڕشتن و چەسپاندنی هەستی هاووڵاتیبوون. گۆڕینەوەی پسپۆڕان. دیموكراتیزەكردنی كوردستان سیاسەتێكی ستراتیژییە بۆ گەشەسەندنی زیاتری كوردستان، چونكە وەك دەزانین دەوڵەتە دیموكراسییەكان بۆ لەناونەچوونیان یارمەتی یەكدی دەدەن.
 
- دەستنیشانكردنی ژمارەی كوردی هەندەران خاڵێكی جەوهەرییە، چونكە ئەمانە لە ئامارەكانی وڵاتانی دەرەوەی كوردستان، وەك كورد ناویان تۆمار نەكراوە، بەڵكو وەك عێراقی، تورك، ئێرانی و سووری، ئەرمەنی و هتد تۆمار كراون. پێویستە كاری جددی بكرێ بۆ ئەوەی بە لایەنی كەم لەڕێی وەزارەتی كۆچبەرانی كوردستان و بە پڕوپاگەندەیەكی بەرفراوان و بە كەڵك وەرگرتن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ماڵپەڕی تایبەتی وەزارەت، ژمارەی كوردی دەرەوە و ژمارەی پسپۆڕانی كورد و جۆری پسپۆڕێتیان دەستنیشان بكرێ.

پاشكۆی ئەم مەبەستە: وەزارەتی كۆچبەران لە هەرێمی كوردستان دیسانەوە وەك پێویستییەكی ژیاری خۆی دەسەلمێنێ، چونكە وەزارەتی كۆچبەرانی عێراق گوایە مەبەستی خزمەتكردنی هەموو عێراقییەكە، بەهیچ جۆرێك ئاماژە بۆ كورد ناكات و كوردیش وەك تاكێكی عێراقی رەچاو ناكات. كەواتە لێرەدا كۆچبەری كورد بێبەشە لەو خزمەتگوزارییانەی ئەم وەزارەتە پێشكەشی كۆچبەرانی عەرەبی عێراقی دەكات و كەلێنێكی گەورە بۆ كۆچبەری كورد بەجێد‌ەهێڵێ. 

ئەركێكی نەتەوەیی و سیاسی‌ حكومەتی كوردستانە، ئەو كەڵێنە پڕ بكاتەوە و چاوەڕێی بەغدا نەبێ لەم بوارەدا خزمەتی كورد بكات. ئەم هەنگاوە، یەكەم هەنگاوی‌ نزیكبوونەوە لە یەكدی و گونجاندنیان "ئینتیگرێشن" لە خاكی خۆی و نیشتمانی خۆی و لە دەرەوەی كوردستان. بێگومان ئەم نزیكبوونەوەیە پرۆسەیەكی بەردەڵانییە و ماوەیەك دەخایەنێ، هەتا بەرهەمی دەچنینەوە.
ئاراس نوری ئەحمەد تەها

Tuesday, June 25, 2013

نێچیرڤان بارزانى: نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌بێ هاوكاریى زیاترى په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان بكات



ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 24ى حوزه‌یرانى 2013)، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومةتى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ مارتن كۆپله‌ر – ى نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگتووه‌كان له‌ عیراق كرد، كه‌ به‌ بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى كاره‌كه‌ى له‌ عیراق و بۆ ماڵئاواییكردن، سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كرد بوو.

له‌ دیدارێكدا نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، سوپاس و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به‌  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ UN و ده‌زگاكانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ كاتێك له‌ عیراق ده‌ستبه‌كار بوو، یه‌كه‌مین سه‌ردانى خۆى له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌غدا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام دا و ئه‌مڕۆش به‌ر له‌م دیداره‌ و له‌ كاتێكدا كاره‌كانى له‌ عێراق كۆتایى دێت، دووباره‌ سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ى كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، به‌ ناوى خۆى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سوپاسى ڕۆڵ و ماندووبوونى نوێنه‌رى سكرتێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ عیراق كرد و ڕۆڵى مارتن كۆپله‌ر – ى له‌ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق و مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتارى هاوسه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌ن و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بیه‌كانى عیراق به‌رز نرخاند و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ كار و ئه‌ركى تازه‌یدا بۆ خواست.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون، كه‌ تیایدا كۆپله‌ر ده‌سپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكانى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى فیدرال و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى و سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا كه‌ بووه‌ هۆى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى دانوستانه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه‌ كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر دانوستان و گفتوگۆ به‌رده‌وام ده‌بین و ڕایگه‌یاند ئێستا چاومان له‌ كارى ئه‌و لیژنانه‌یه‌ كه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌ نێوان هه‌ردوولادا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دامه‌زراون.

ده‌رباره‌ى پرسى په‌نابه‌رانى سووریاش له‌ هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌نابه‌ران پێویستیان به‌ هاوكاریى زیاترى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكوومه‌تى فیدرال هه‌یه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ى دا كه‌ پێشبینیى ژماره‌ى زیاترى په‌نابه‌ران ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكوومه‌تى فیدرال ڕۆڵێكى كاراتر بۆ هاوكاریى په‌نابه‌ران و پێشكه‌شكردنى كۆمه‌ك و یارمه‌تیى زیاتر؛ بگێڕن.

خه‌ندان-

Thursday, October 18, 2012

له‌ساڵی 2011 له‌جیهان 72 ملیۆن كه‌س وه‌ك په‌نابه‌ر ژیاون


به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 2011 ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌جیهان وه‌ك په‌ناهه‌نده‌و په‌نابه‌ر ژیانیان به‌سه‌ر بردووه‌ بریتی بووه‌ له‌ 72 ملیۆن كه‌س.


له‌راپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌، له‌ساڵی 2011 ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتیانی به‌هۆی كاره‌سات و جه‌نگه‌كانه‌وه‌ وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ ژیاون ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ 72 ملیۆن كه‌س.


هه‌روه‌ها له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ ساڵی 2011 له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان 336 رووداوی سروشتی ڕوویداوه‌و بڕی 365 ملیار دۆلاریش زیانی هه‌بووه‌..

كورديو


لەنێوان ئاوارەبوون و خۆ ئاوارەکردندا


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

لەدواهەمین ڕاپۆرتى خاچى سورى نێودەوڵەتیدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە لە ساڵى ڕابردوودا زیاتر لە 72 ملیۆن کەس وەکو پەنابەر ژیاون و بەشێکى زۆرى ئەوانەش بەهۆى کارەسات و جەنگەکانەوە تووشى ئەو بارودۆخە بوون.
لەڕاستیدا ئەم داتایە بۆ ئێمەى کورد ژمارەیەکە هەرچەندە زۆر بێت ئاشنایە لەلاى ئێمە. بەداخەوە گەلى کورد لە ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووى ئاوارەیى و پەناهەندەیى بووەتەوە. بەهەمان شێوە لەئێستادا کوردان لە سوریا ڕووبەڕووى هەمان بارودۆخ و کوردانى کەرکوک و موسڵ بەهەمان شێوە لە عێراقدا ڕووبەڕووى هەمان دۆخى مەترسیدارى ئاوارەبوون و شوێن لەق بوون دەبنەوە.
ئەوەى مەبەستمە لێرەدا بۆ ئێوە لەسەرى قسە بکەم دۆخى هەرێمى کوردستانى عێراقە.. هەرێمى کوردستان لەئێستادا بەرەو بەرقەرارى دەچێت. تەنانەت لەئێستادا چەندین کۆمپانیا و کارگوزارو، ئەندازیارو چەندان دەستى کار هاتوونەتە هەرێمى کوردستانەوە. گرنگە گەنجانى ئێمە لەم بارودۆخە تێبگەن و بەجیددى وەریبگرن.
کوردانى ئێمە هەندێ جار بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە. لەم بارودۆخەدا من بەلامەوە وایە کە کوردان خۆیان خۆیان تووشى ئاوارەبوون دەکەن. لەکاتێکدا کوردستان بەرەو بەرقەرارى دەچێت و ئێمە پێویست دەکات خۆمان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و لەشوێنى ئەوەى دەستبەردارى کوردستان ببین و کۆچ بکەین دەبێت بەردەوام لە کوردستاندا بمێنینەوە.. کوردستان بکەینە شوێنى بەدەستهێنانى سەرکەوتنەکانمان و خزمەتى خۆمان و دەوبەرمانى پێبکەین..
هەندێجار ئێمە دەڵێین ئاخر لەکوردستاندا دەرفەتى کار زۆر کەمە. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر تاوەکو ڕاددەیەکى زۆر ئەمە دروست بێت لایەنى تریشى هەیە. گەنجانى ئێمە زۆرجار تەرکیز لەسەر کۆچ کردن دەکەنەوە بۆدەرەوە ئەوەندەى خەمى ئەوەیان بێت بیر لە دەرفەتەکانى ناوخۆ بکەنەوە. لەناوخۆشدا ئەوەندەى بیر لە دەزگا حکومییەکان و کەرتى گشتى دەکەنەوە ئەوەندە بیر لە دەزگا تایبەتى یەکان و کەرتى تایبەت ناکەنەوە کە سوودى زیاتریشى هەیە.
لەڕاستیدا ئەوەندەى ئێمە بەدوایدا چوون ئەو گەنجانەى کە لەدەرەوە کار دەکەن لە دەزگا بیانییەکان و لە دەرەوەى وڵات ئەوەندە لەناوخۆى وڵاتدا کار بکەن ئەوا دەرفەتى زۆر گەورەو سەرکەوتنى زۆر گەورە بەدەست دەهێنن.. بۆیە جێگەى بایەخ و گرنگییە کە کوردانى ئێمە بەشێوەیەکى دى بارودۆخەکە بخوێننەوە.
ئینجا لەشوێنى بەرامبەر تاوانبارکردن ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە توانا تایبەتییەکانى خۆمان گەشە پێبدەین. زۆر جێگەى مەترسییە گەنجێک کۆچ بکات بەڵام زمانى بیانى نەزانێت، یاخود ئەوەى لە ناوخۆدا بێت و زمانى بیانى بەلاوە گرنگ نەبێت. گەلى ئێمە، گەنجانى ئێمە پێویست دەکات تاوەکو ئەو سنوورەى دەرفەت هەیە توانا تایبەتییەکانى خۆیان گەشە پێبدەن و بەمەش دەرفەتەکانى کارکردنیان لەناوخۆ و دەرەوەدا زیاتر دەبێت.
تەنانەت لەدەرەوەى وڵاتدا لەشوێنى کۆچ کردن بەشێوەى نایاسایى دەرفەتى کۆچى یاسایى و لەهەمانکاتدا دەرفەتى خوێندن لەدەرەوەى وڵات هەیە بۆ ئەو گەنجانەى تواناکانى خۆیان تاڕاددیەکى باش بەرەو پێشەوە بردووە.
بۆیە جێگەى بایەخە گەنجانمان برەو بە تواناکانیان بدەن، بیر لە بژاردەى جیاوازو بەرفراوان بکەنەوەو ڕێگا یاسایى و ئاساییەکان هەڵبژێرن.. 

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration

Monday, October 1, 2012

چه‌ند زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ژنه‌ده‌ستگیرکراوه‌ کورده‌که‌ی به‌ریتانیا

جیمەن تۆفیق عەبدولرەحمانە ئه‌و ژنه‌ تەمەن ٢٤ ساله‌یه‌ که‌ خەلکی گوندی کانی کرمانجەو خانەوادەکەی لەشارۆجکەی کەلار نیشتەجین وا سال ونیوکە لەبەریتانیا ئەژین و میردەکەی بەناوی ئیبراهیم حەمیدە ،

ئەو ژنەی کەلەوینەکەدایە ،کەتەنیا ( ٦ ) رۆژە منالی بووە ،

بە تۆمەتیکی تەمومژاوی و نارون گوایە منالە ٦ رۆژەکەی فڕێ داوەتە تەنەکەی خۆلەوە لەلایەن پۆلیسی شاری وەلفیر هامتۆنەوە لەو
لاتی بەریتانیا دەست گیرکرا ، بەپێی زانیاری یە سەرەتایی یەکان گوایە ژنەکەبەپۆلیسی وتووە کە دووکەسی رەش پێست چونەتە سەری بۆ مالەکەی و و دەستیان خستۆتە سەردەمی تا بێهۆشیان کردووەو و دواتر منالەکەیان رفاندووە ، بەلام پۆلیس بۆ لیکۆلینەوە لەرووداوەکە خۆی یان دەست گیر کردووە 

منالەکە لەئیستادا هەردووجاوی لەدەست داوە و بەپی ی زانیارییە سەرەتایی یەکانی پزیشکیش میشکی تیک جووەو باری تەندروستی منالەکە زۆر خراپە بەقسەی دکتۆرەکانی بێت هەروادەمێنێتەوەو گەورەش نابێت و ووتویانە هێندە گەشە ناکات قژیشی ناروێت

له‌ئێستا دا ئه‌م ئافره‌ته‌ له‌ زیندان دایه‌ به‌ڵام چه‌ند شتێک له‌دۆسیه‌که‌یدا هه‌یه‌ جێگای گوومانه‌ :_
تائێستا ئه‌م خانه‌واده‌یه‌ هیچ جوابێکیان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌و وڵاته‌دا
وه‌ لەو بینایەی ئەمانی تیا دەژین کامیرەی جاودیری تیدانیە،! تا به‌وردی به‌دوا داچوونی بۆ بکرێت
خانه‌واده‌که‌ش ده‌ڵێن ڕه‌ش پێست وایان له‌ مناڵه‌که‌یان کردووه‌ !
ئەوەی تا ئێستا تاوانباری سەرەکیە بەداخەوە هەر ئافرەتەکەیه‌ ،، ئەوەی کەمن بیستومە رەنەگ دایکەکە شڵەژابیت کاتیک ووستویەتی عەلاگە خۆڵەکە بخاتە ناو ئەوە بۆریەوە کە خۆڵ وخاشاکی تێدەکەن دەرواتە خوارە بۆ ناو حاووێیەکی گەورە،، رەنگە منداڵەکەی خستبێتە خوارەوە ئەم سیناریۆیەش دوای رووداوەکە دانرابێت!هیوادارم واش نه‌بێت،،،، بۆیە ئەم ئەگەرەش زۆرە گوایە دکتۆر ووتویەتی هەندێ ژن لە جەند حەفتەی یەکەمی دوای من داڵبوون تووشی شڵەژان وباری نائاسای دەبیت.. ئەم ئافرەتەش ئەمە یەکەم منداڵیتیو خۆشی تەمەنی زۆر نییه‌،

له‌کۆتایی دا هیوادارم هه‌موو لایه‌کمان و ئه‌وانه‌ی شتێکیان بۆ ده‌کرێت هه‌وڵێکی بۆ بده‌ن چونکه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ڕه‌وشی کورد ده‌بێت له‌م ووڵاته‌

Friday, September 21, 2012

ئوستڕالیا قاچاخچیێکى عێراقى 11 ساڵ حوکم دەدات

دادوەر بە حەیدەرى گوت: تۆ قاچاخچیێکى سادە نەبووى

عەلى حەیدەرى، 37 ساڵ، پارساڵ لەلایەن پۆلیسى ئوستڕالیا گیرا دواى ئەوەى بە بەلەم شەش پەنابەرى گەیاندبووە کەنارەکانى ئەو وڵاتە. دواى ساڵێک، ئەمڕۆ دادگەى ڤیکتۆریا حوکمى 11 ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند.
ئەم حوکمە تا ئێستە بە قورسترین حوکم دادەنرێت لەسەر قاچاخچیێک درا بێ لە ئوستڕالیا. قاچاخچییەکە هاتە گرتن دواى ئەوەى پۆلیس بە جلى مەدەنى داواى لێ دەکا هەندێ کەس لە ئەندەنووسیاوە بهێنێت بۆ ئوستڕالیا. ئەویش بە کارەکە هەڵدەستێ و دواتر دەکەوێتە داوى پۆلیس.  
حەیدەرى زیاتر قاچاخچیى کوردەکان بوو بۆ ئوستڕالیا. رۆڵێکى سەرەکى هەبووە لە بردنى کوردەکان بۆ ئوستڕالیا بە بەلەم. دادوەر، مایکل رۆزنس، لە ناو دادگە لە حەیدەرى گوت: "تۆ هەر تەنیا قاچاخچیێکى سادە نەبووى، زۆر لەوە زیاتر بووى و لە هەموو قۆناخێکى رێى قاچاخ تێوەگڵاوى و دەستت هەبووە."
حەیدەرى هەشت هەزار دۆلار (80 وەرەقە)ى لە کوردێکى ئێرانى وەرگرتووە لە 2009 تا بە بەلەم بیگەیەنێتە ئوستڕالیا. بەلەمەکە هیچ کەلوپەلێکى سەلامەتى تێدا نەبووە و زۆریش ترسناک بووە.
هەروەها لە 2010 حەیدەرى پارەى لە دوو خێزانى ترى کورد وەرگرتووە و هێناویانى بۆ ئوستڕالیا. دواى گەیشتنیشیان پارەى زیاترى لێ وەرگرتوون.
دادگەى ڤیکتۆریا حەیدەرى بەکار دێنێ بۆ وەرگرتنى زانیارى زیاتر لەسەر قاچاخچییەکانى تر و گرتنیان.  

گۆران سەباح

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration


Thursday, September 13, 2012

وه‌زیرى كۆچى ئوسترِالى: هه‌زار په‌نابه‌رى ترى عێراقى و سورى وه‌رده‌گرین


وه‌ك به‌شێك له‌ برِیارى وه‌رگرتن و به‌خێوكردنى 20000 كه‌یسى مرۆیى ، ئوسترِالیا 1000 په‌نابه‌رى ترى سورى وه‌رده‌گرێ ،

وه‌زیرى كۆچى ئوسترِالى كریس بۆوین له‌ په‌رله‌مانى ئوسترِالیا له‌ وته‌یه‌كیدا ووتی : له‌ سوریا به‌ هه‌زاران كه‌س رۆژانه‌ هه‌ڵدێن ، چاوه‌رێ ده‌كرێ 650 هه‌زار په‌نابه‌ریترى سورى بگه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا ، وه‌ به‌ هه‌زاران سوریتر كه‌ پێشتر چووبوونه‌ عێراق ، ئێسته‌ له‌ عێراقیش رایان كردووه‌ و به‌ره‌و ئوسترالیا دێن .

بۆوین گوتى "ئێمه‌ به‌ رێزه‌وه‌ سه‌یرى قه‌یرانى مرۆیى ده‌كه‌ین له‌ سوریا .

وه‌زیرى كۆچ ئه‌وه‌شى راشیگه‌یاند : كه‌ له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا هه‌زار په‌نابه‌رى ترى عێراقى و سورى وه‌رده‌گرین، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه‌ خزم و كه‌سیان له‌ ئوسترِالیا هه‌یه‌.

كوردیو - گۆران سه‌باح

تێبینى: وەرگرتنى پەناخوازانى نوێى عێراقى و سوورى لە ئوسترالیا لە ڕاستیدا لەڕێگەى کۆمسیارى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (UNHCR) ئەنجام دەدرێت، نەک لەڕێگەى کۆچ کردن بۆ ئوسترالیا و لەڕیگەى کۆچ بە بەلەمەوە..


 سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration