Showing posts with label death. Show all posts
Showing posts with label death. Show all posts

Sunday, July 14, 2013

كه‌نه‌دا: مافیایه‌كی‌ كورد به‌ تۆمه‌تی‌ كوشتنی‌ چه‌ندین كه‌س زیندانی‌ ده‌كرێ



mafya1142013-b
كوردێكی‌ باشوری‌ كوردستان، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ كوشتنی‌ چه‌ندین كه‌س و سه‌ركرده‌ی‌ مافیا، سزای‌ زیندانی‌ به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پێنرێت و دادگایه‌كی‌ كه‌نه‌داش پاش به‌سه‌ربردنی‌ ماوه‌ی‌ زیندانییه‌كه‌ی‌، كورده‌كه‌ ره‌وانه‌"دیپۆرت"ی‌ كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.

 به‌ پێی‌ هه‌واڵێكی‌ پێگه‌ی‌ "cbc.ca" بارزان چۆڵی‌، هاوڵاتیه‌كی‌ كوردی‌ باشوری‌ كوردستانه‌ و سه‌رۆكی‌ باندێكی‌ مافیا به‌ ناوی‌"چه‌ته‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان"، بارزان و چوار ئه‌ندامی‌ دیكه‌ ده‌ستیان له‌ كوشتنی‌ سێ برا هه‌بووه‌ ئه‌وانه‌ش به‌ ناوه‌كانی‌ "جارنی‌ و جۆناسان و جارۆد" و، له‌ نێوان ساڵانی‌ 2008_2009 چه‌ندین تاوانی‌ كوشتنی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌.

بارزان و ئه‌و چوار كه‌سه‌ی‌ دیكه‌ی‌ سزای‌ زیندانی‌ دراون سزاكانیان به‌مجۆره‌ بووه‌:

بارزان چۆلی‌ 14 ساڵ زیندانی‌
جۆن ولیام 13 ساڵ زیندانی‌
كاروان ئه‌حمه‌د 12 ساڵ زیندانی‌
دیلۆن هینگ 12 ساڵ زیندانی‌
یانگ سونگ جۆن لی‌ 11 ساڵ زیندانی‌.

داواكاری‌ گشتی‌  ئه‌و كه‌یسه‌ داواكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌، 14 ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ر بارزاندا بسه‌پێنت، چونكه‌ بارزان و ئه‌و چوار كه‌سه‌ی‌ دیكه‌، چوار ساڵ پێش ئێستا ده‌ستگیركراون، بۆیه‌ ئه‌و چوار ساڵانه‌شیان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌پێی یاسایی كه‌نه‌دی، هه‌ر كاتێك بارزان چۆڵی‌ حوكم بدرێت و حوكمه‌كه‌ی ته‌واو كرد، راسته‌وخۆ  ره‌وانه‌ی‌ "دیپۆرت"ی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی داوای كردووه‌ حوكمی زیندانییه‌كه‌ی بارزان كه‌مبكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوای ته‌واوبوونی حوكمه‌كه‌ی راسته‌وخۆ بنێردرێته‌وه‌ بۆ كوردستان.
خه‌ندان-

Sunday, September 2, 2012

كوردێكی عێراقی له‌ به‌ریتانیا به‌تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆسه‌رچه‌ند ئافره‌تێك چوار ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت

ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا ئه‌نجامداون
ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌  كوردێكی عێراقی  كه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیه‌  له‌لایه‌ن دادگای ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌رچه‌ند ئافره‌تێك بریاری چوارساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت.

ڕۆژنامه‌یه‌كی دایلی ستاری به‌ریتانی  ئه‌وه‌ی بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ كوردێكی عێراقی ته‌مه‌ن 31 ساڵ به‌ناوی( ر. ع) به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوان و دستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر دووئافره‌ت له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌دا و رفاندنی ئافره‌تێكی تر دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی سێكی كردوه‌ته‌ سه‌ری  له‌لایه‌ن دادگای شاری بیرنلی  به‌ریتانیاوه‌  4 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندوه‌:  ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا و له‌نێوان مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2011 تا كانونی دووه‌می 2012 ئه‌نجامیداون.

 رۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئه‌وه‌شی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ : تۆمه‌تباره‌كه‌ پاش سه‌ردانیكردنی بۆلای دادوه‌ر داوای كردوه‌ سزاكه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێنه‌كرێت له‌به‌ریتانیاو له‌جیاتی ئه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی عێراق بكرێته‌وه‌.


كورديو


سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration



سه‌د په‌نابه‌ر له‌ئاوه‌كانی‌ ئوسترالیا بێسه‌روشوێن بوون

سه‌د په‌نابه‌ر له‌ئاوه‌كانی‌ ئوسترالیا بێسه‌روشوێن بوون


به‌رپرسێكی‌ هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی‌ سوپای‌ ئوسترالیا ڕایگه‌یاند، 45 په‌نابه‌ر له‌و به‌له‌مه‌ی‌ كه‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ ڕابروو له‌ئاوه‌كانی‌ نێوان ئیندۆنیزیاو ئوسترالیادا تێكشكا ڕزگار كراون، به‌له‌مه‌كه‌ش نزیكه‌ی‌ 150 په‌نابه‌ری‌ هه‌ڵگرتبوو، كه‌ به‌نیازی‌ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌، له‌دورگه‌یه‌كی‌ ئیندۆنیزیاوه‌ به‌ره‌و ئوسترالیا به‌ڕێكه‌وتبوون.

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ ئاژانسی‌ ئه‌ی‌ بی‌ سی‌ نیوز، به‌رپرسه‌كه‌ دووپاتیكردووه‌وه‌ته‌وه‌، به‌هاوكاریی‌ هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی‌ ئیندۆنیزیا، له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ڕزگاركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ریاوه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هیچ كه‌سێكی‌ دیكه‌ به‌زیندوویی‌ ده‌رنه‌چووبێت.

ڕێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ هێما به‌وه‌ده‌كه‌ن، ته‌نها له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی‌ 300 په‌نابه‌ر له‌ئاوه‌كانی‌ نێوان ئوسترالیاو ئیندۆنیزیادا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ خراپیی‌ هه‌لومه‌رجی‌ به‌له‌مه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن قاچاخچیه‌كانه‌وه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی‌ كانبێرا له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌دا بڕیاریدا، هه‌موو په‌نابه‌رانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بۆ دوورگه‌كانی‌ ناورۆو پاپانیوگینیا بگوێزێته‌وه‌، وه‌زیری‌ كۆچی‌ ئوسترالیاش داوای‌ له‌په‌نابه‌ران كردووه‌، له‌ڕێگه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ له‌ئوسترالیا بكه‌ن‌و خۆیان نه‌ده‌نه‌ ده‌ست چاره‌نوسێكی‌ نادیار، به‌ڵام هێشتا كۆچی‌ په‌نابه‌ران بۆ ئوسترالیا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌.

و: سالح
radionawxo.org


Sunday, August 26, 2012

ته‌رمی ژنێکی په‌نابه‌ر له‌ که‌ناری ده‌ریایی فه‌ره‌نسه‌دا دۆزرایه‌وه‌


به‌پێی هه‌واڵێکی ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی، ته‌رمی ژنێکی په‌نابه‌ر له‌ که‌ناری ده‌ریایی فه‌ره‌نسه‌دا دۆزرایه‌وه‌. ڕۆژنامه‌که‌ ده‌ڵێت: ( له‌ یه‌کێک له‌که‌ناره‌ ئاویه‌کانی فه‌ره‌نسه‌دا لاشه‌ی ژنێک به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌.) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ( ئه‌و ژنه‌ خه‌ڵکی ئاسیایه‌و هه‌وڵیداوه‌ 21 میل به‌مه‌له‌ به‌ره‌و که‌ناڵی ئینگلیزی بپه‌ڕێته‌وه‌.) له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ڕۆژنامه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات:( که‌ 1000 په‌نابه‌ری نایاسایی له‌که‌ناری فرنسه‌دا کۆبونه‌ته‌وه‌ و به‌ته‌مای په‌ڕینه‌وه‌ن بۆ به‌ریتانیا.) پاشان له‌زمانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاتی فره‌نسا فرانسوا هۆلاند که‌ئێستا سه‌رۆک کۆماره‌،‌ ووتی :(ده‌ساڵ له‌مه‌به‌وبه‌ر که‌مپی سه‌نگاتمان داخست، که‌ خاچی سوور سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا په‌نابه‌ره‌ نایاساییه‌کان له‌ژێر داروپه‌ردو ته‌خته‌دا کوخیان بۆ خۆیان دروستکردووه‌ و ناویان لێناوه‌"سه‌نگاتی بچوک"، ئه‌مه‌ش شه‌پۆلێکی تری مه‌ترسیداری په‌نابه‌رانی سه‌ر که‌ناره‌کانه‌ و چاوه‌ڕێی لۆری و که‌شتیه‌کان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ به‌ریتانیا.) ڕۆژنامه‌که‌ نوسیویه‌تی داواکاری گشتی ژان فیلیب ژوبیر ده‌ڵێ: ( له‌گه‌ڵ ته‌رمی ژنه‌ خنکاوه‌که‌، که‌ له‌شی به‌ فازلین چه‌ورکردبوو‌ تا شه‌پۆلی ئاوه‌که‌ بێزاری نه‌کات، له‌لایه‌ن که‌سێک که‌ به‌وێدا ڕۆشتووه‌ بینراوه‌. کیسێکی نایلۆن له‌قه‌راغی ئاوی شارۆچکه‌ی ومیرۆکس‌ دۆزراوه‌ته‌وه، که‌خواردن و جلو به‌رگی تێدابووه‌، واته‌ ئه‌و ژنه‌ خۆی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ئاماده‌ کردووه‌ تا به‌مه‌له‌کردن بیبڕێت.) له‌ڕاسیدا جێگای داخه‌ که‌ ناهه‌مواری باری ژیان وا له‌ مرۆڤێک بکات بۆ گه‌یشتن به‌ تروسکه‌یه‌ک ئارامی و ئۆقره‌یی گیانی خۆی به‌خت بکات.
http://www.dailymail.co.uk/news/article-2188130/Migrant-woman-dies-trying-swim-English-Channel-Britain.html


وەرگیراوە لە پەیجى: فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی

سەردانى گروپ و پەیجەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى کۆچ، مینحەى خوێندن، دەرفەتى کار لە وڵاتانى دەرەوە و کۆچى یاسایى:
https://www.facebook.com/kochikurdan
https://www.facebook.com/groups/102175996536494/
http://kochikurdan.wordpress.com/
http://immigration2australia1.blogspot.com/
https://twitter.com/Kurd_Migration


Wednesday, July 11, 2012

خنكانی‌ 54 په‌نابه‌ری نایاسایی كه‌س له‌ كه‌شتیه‌كدا


ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ناو ده‌ریا په‌كیان كه‌وتوه‌

به‌ هۆی گه‌رما و تونیه‌تیه‌وه‌ 54 په‌نابه‌ری نایاسایی له‌ ناو  كه‌شتیه‌ك له‌ ده‌ریا ناوه‌راست گیانی له‌ده‌ستدا
كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند 54 كه‌س كه‌ به‌نیازبوون به‌ كه‌شتیه‌ك له‌ لیبیاوه‌ بچن بۆ ئیتالیا گیانی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌و كه‌شتیه‌ 15 رۆژ پێش ئێستا كه‌وتبوه‌ رێ و زۆربه‌ی سه‌رنشینه‌كانیشی خه‌ڵكی ئه‌ریتریا و سۆماڵ بوون.
ته‌نیا كه‌سێك كه‌ له‌و رووداوه‌ رزگاری بووه‌ رایگه‌یاندوه‌ سه‌رنشینانی كه‌شتیه‌كه‌ به‌ هۆی گه‌رمای زۆر و تونییه‌تیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
باسی له‌وه‌شكردوه‌: كه‌شتیه‌كه‌ی ئه‌وان زۆر له‌ كه‌ناره‌كانی ئیتالیا نزیك بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ناكاو بایه‌كی خێرا هه‌ڵیكردوه‌ و ئه‌وانی له‌ كه‌ناره‌كان دورخستوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌و بایه‌وه‌ چارۆكه‌كانی كه‌شتیه‌كه‌شیان با بردویه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ناو ده‌ریا په‌كیان كه‌وتوه‌.
ئه‌و كه‌سه‌ خۆی له‌ لایه‌ن ماسیگرێكه‌وه‌ له‌ نزیك سنوری ده‌ریایی تونس رزگار كراوه‌.

Tuesday, July 10, 2012

ئیجە هاوڕێكانمی خنكاند



ئێستاش لەوە تێناگەم بۆچی دەریای ئیجە منیشی نەخنكاند
پانزە ساڵ لەمەوبەر لە شەوێكی وەك ئەمشەودا واتا لە شەوی 9-10/7/1997 خۆم و 35 هاوڕێی ترم كە لە توركیاوە بەڕێ كەوتین بۆ وڵاتی یۆنان بە مەبەستی سەفەر بۆ ئەوڕوپا و داواكردنی مافی پەنابەری، بەڵام بەداخەوە هەر ئەوشەوە توشی كارەساتێك بووین كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت و دڵنیاشم تا لە ژیاندابم ئەو كارەساتەم بیر ناچێتەوە.
ئەو شەوە كە خۆم و هەموو هاوڕێكانم ماوەی دوو رۆژ بوو لە چاوەڕوانی ئەو بەلەمە بووین كە بێتە كەناری دەریای (ئیجە) لە سنوری ناحیەی (قەرەبرون سەر بە قەزای چشمەی پارێزگای ئەزمیر) لە توركیا، سەرەنجام بەلەمەكە دەمە و ئێوارە گەیشت و قاچاخچیە توركەكان پێیان راگەیاندین كە دووای تاریك بوون ئەكەوینە رێ‌ و ماوەی چوار كاتژمێرێك لە دەریادا دەرۆین و دەگەینە یۆنان و خۆمان تەسلیم دەكەین، كات تێپەڕی و بوو بە سعات 10:30شەو، هەموومان سەركەوتین لە بەلەمەكە و ژمارەی ئەو نەفەرانەی سەفەرەكەیان دەكرد 36 نەفەر بوون دووای 15 خولەك بەلەمەكەمان كەوتە رێ.
ئەو شەوە ئەتوت هەموومان بەرەو ئاهەنگێكی خۆش ئەڕۆین، دووای رووداوەكە كە ئەو دڵخۆشیەی هەموو لایەكم بیر دەكەوێتەوە بەلامەوە سەیرە و هەمیشە بیری لێدەكەمەوە، كەس ترسی نەبوو هەمووی دەرباز بوون لەو رێگە قاچاخەی گرتبومانە بەر بە كۆتایی دەزانی و چاوەڕوانی ئەو چەند كاتژمێرەمان دەكرد تا دەكەوینە دەست پۆلیسی یۆنان، هەموومان لە نێو بەلەمەكە باسمان لە قۆناغی دووایی ئەو سەفەرە دەكرد و هەریەكە و لەبەر هۆكارێك وڵاتێكی ئیختیار كردبوو كە ژیانی ئایندەی تێدا بگوزەرێنێ‌، هەبوو دەیوت لەوبەر ئاوەكە فلان كەسە چاوەڕوانمە، هەبوو دەیوت رێگەی یۆنان و ئیتاڵیام مسۆگەر كردووە، هەبوو قاقای دەكێشا و دەیوت با یۆنانیش ببینین خۆ ئێمە تا ئێستاش مرۆڤی بێ‌ پاسپۆرت و بێ‌ پەڕ و باڵین با بفڕین و بگەڕێین لەو جیهانە و بزانین چ خەبەرە. ئەم گفت و گۆ و هیواو ئاوات و نیاز خواستنە بەوە كۆتایی هات كاتێك مناڵێك لە قاتی خوارەوەی بەلەمەكە سەری هێنایە دەرەوە و وتی ئاوی تیا كۆبۆتەوە، ئەم هەواڵە هەموومانی شڵەژاند یەكێك ئەیوت ماتۆری ئاوەكە داگیرسێنە و یەكێك ئەیوت ئەم سەتڵە بێنن با ئاوەكەی لێ‌ فرێ‌ بدەین، هەندێك پێیان وابوو بگەڕێینەوە، سەرنجام دەركەوت نە ماتۆڕی ئاوی تیایە و نەكەڵكی ئیدامەدانی رێگەكەشی هەیە بۆیە بە نۆبەت و یەكە یەكە بە سەتڵ ئاومان لە بەشی خوارەوەی بەلەمەكە فڕێدا، بەڵام دەركەوت كە سودی نیە و تا دەهات ئاوەكە زیاتر دەبوو، ناچار بەلەمەوان بڕیاری گەڕانەوەیدا، بۆیە پێچی كردەوە، لەگەڵ ئەوەی پێچی كردەوە بەتەواوەتی شڵەژانێك لەنێو سەرنشینان دروست بوو و توشی دڵە راوكێ‌ و ترسێكی زۆرتر هاتین. دووای گەڕانەوەی بەلەمەكە دروست 15 خولەك بە هۆی قورسبوونی باری بەلەمەكە و زۆربوونی ئاو تێیدا بەتەواوی پارسەنگەكە تێك چوو و بوو بە هاوار هاوار بەڵام هاوار هاوار دادی كەسی نەدا لەم دەریایە بێ‌ سەر و بنە، بەڵكو بەلای راستدا بەلەمەكە وەرگەڕاو سەرجەممان ڕژاینە نێو دەریا.
ئەو كاتە لەبیر نەكراوە تا ئێستاش هەموو ساتێك لە زیهنمدایە و لەیادی ناكەم، ئای چەندە سەخت بوو كە شاهێدی خنكانی 28 هاوڕێم بووم و هیچ دەسەڵاتێكیشم نەبوو و هیچم لەدەست نەدەهات، زۆر دیمەنێكی تراژیدی بوو كە گوێبیستی دەنگی بڕ سۆزی نیاز هەولێری بووم و بە قوڕگی پڕ لە گریانیەوە بە دەوری خۆیدا دەگەڕا و هاواری كچە تاقانەكەی ساڤۆ و بێخاڵی هاوسەری دەكرد، ئەو دەنگە چەندە پڕ لە سۆزی باوكایەتی بوو كە عەقید فارس دزەیی و ئەبووعەلی بەصرایی یەكە یەكە ناوی جگەر گۆشەكانیان بانگ دەكرد و نەیان ئەدۆزینەوە، دیمەنێكی زۆر پڕ لە ناسۆر بوو كە بینیم تەرمی بێ‌ گیانی چەند هاوڕێیەكم كەوتنەوە سەر ئاو، ئای لەو شەوە سەخت و پڕ لە كەسەرە نەكەس فریامان كەوت و نە كەس توانی هاوكاری كەس بكات، ئێمە چەند كەسێك كە پەڕاگەندە بووین و هەریەكەمان هەوڵمان ئەدا چەند ساتێك زیاتر بژین وردە وردە بەرە و كەنار تێدەكۆشاین، كەسمان بڕوامان بەوە نەبوو جارێكی تر ژیان ببینینەوە بەڵكو هەموومان هەوڵی ئەوەمان ئەدا چەند ساتێكی تر هەناسە بدەین و زیاتر و زیاتر بژین، بێگومان ئەوە قودرەتێكی ئیلاهی بوو كە من و حەوت هاوڕێی ترم دووای زیاتر لە 7 سعات مانەوە لە نێو دەریا رزگارمان بوو، من و سێ‌ هاوڕێی ترم گەیشتینەوە كەنار بەڵام چوار هاورێیەكەی ترمان رۆژی دووایی، دووا نیوەرۆ بەلەمی پۆلیس فریایان كەوت و هەر لە شوێنی رووداوەكەدا مابوونەوە و بە زیندوویی رزگار كران، سەرجەم هاوڕێكانی ترمان كە 28 كەس بوو گیانیان لەدەست دا و تەرمی 21 كەسیان دەرهێنرایەوە لە یەكێك لە گۆڕستانەكانی قەزای چشمە بە خاك سپێردران و 7 تەرمیش بێ‌ سەروشوێن بوون.
ئەوەی لە سەرەوەدا نووسیومە كورتە چیرۆك نیە و بەسەرهاتێكی خەیاڵی نیە بەڵكو ئەوە رووداوێك بوو بەسەر خۆم هات و ئێستاش لەوە تێناگەم بۆچی دەریای ئیجە منیشی نەخنكاند، بۆیە بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە رۆژگارم تەواو نەبوو و پەروەردگار جارێكی تر ژیانی پێبەخشیم و هەمیشە سوپاسگوزاری پەروەردگار دەكەم، ئەسەف و مەخابن بۆ ئەو 28 هاوڕێیەم كە بەبەر چاوی منەوە گیانیان سپارد لێرەوە دروود بۆ گیانیان دەنێرم و هەمیشە لە یادمن و هەرگیز بۆ تەنها ساتێكیش لە بیریان ناكەم.

چیا هاوار


Tuesday, June 26, 2012

زیاتر لە 300 پەناخواز لەسنوورى ئوسترالیا لە دوو ساڵدا گیان لەدەست دەدەن

دیمه‌نێكی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌

لەسەروبەندی یادكردنەوەی رۆژی پەنابەرانی جیهاندا، مردنی پەناخوازان بەردەوامە و بەپێی دواهەمین ئامارەكانی ئەو كارەساتەی كە ئێوارەی پێنجشەممە ڕوویدا كە ئەویش نقوم بوونی بەلەمێك بووكە زیاتر لە 200 پەناخوازی هەڵگرتبوو، پێدەچێت 90 پەناخواز گیانیان لە دەستدابێت.

بە ووتەی ڕزگاربووانی كارەساتەكە، ئەو بەلەمە كە لە یەكێك لە دوورگەكانی ئەندەنوسیاوە بەرەو ئوسترالیا بەڕێكەوتبوو, بەڵام لەپێش گەشتنیان بە دوورگەی كریستماسی ئوسترالیا بە 200 كیلۆمەتر بەلەمەكەیان تیكشكاوە.

لاى خۆشیانه‌وه‌ بەرپرسانی پۆلیسی ئوسترالیا ڕایانگەیاند كە تا ئێستا توانویانە 110 پەناخواز ڕزگار بكەن.
بەرپرسێكی هێزە دەریایەكانی ئوسترالیاش ڕایگەیاند كە زۆربەی ئەو پەناخوازانە بەڕەگەز عێراقی و ئێرانی و ئەفغانستانی بوون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە لە دوورگەکانى نزیک ئوسترالیا کەشتییەکان و بەلەمەکان نقوم ببن و چەندین سەرنشین و کۆچبەر گیان لەدەست بدەن و وون ببن. بەڵام بەداخەوە کۆچبەران هەر بەردەوامن لە هەوڵەکانییان، و لەلایەکى تریشەوە قاچاخچییەکان و ئەوانەى کۆچى کۆچبەران ڕێکدەخەن مەرجەکانى سەلامەتى هاوڵاتییان بەتەواوى لەبیردەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. مانگانە چەند ڕووداوى لەم شێوەیە لەمیدیاکانى ئوسترالیاوە دەبیسترێت. 

بەپێی ئامارە فەرمییه‌كان زیاتر لە 300 پەناخواز لە ناوەڕاستی 2010ەوە تائێستا گیانیان لە دەستداوە لەناو ئەو بەلەمانەی كە وویستویانە بەشێوەیەكی قاچاخ خۆیان بگەیەننە ووڵاتی ئوسترالیا.


Monday, April 2, 2012

لە بەریتانیاوە گەڕایەوە، لە کوردستان خنکا

بۆ پرسەى براکەى گەڕایەوە بەڵام خۆیشى گیانى لەدەستدا
به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان برایه‌كی‌ ئه‌ندازیار له‌به‌ریتانیاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ رێ‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ناوچه‌ی‌ هیران و نازه‌نین ده‌كه‌وێته‌ ناو ئاوێكه‌وه‌ و دوای‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژێك ، شه‌وی‌ ڕابردوو گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاریق ئه‌حمه‌د ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی‌ كه‌ 21ی‌ ئه‌م مانگه‌ كه‌وته‌ ناو یه‌كێك له‌ عه‌مباره‌كانی‌ پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتی‌ سلێمانی‌ و پاش 26 كاتژمێر ته‌رمه‌كه‌ی‌ ده‌رهێنرا، یه‌كێك له‌براكانی‌ له‌ وڵاتی‌ به‌ریتانیاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداریكردن له‌پرسه‌ی‌ براكه‌ی‌، به‌ڵام له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ناوچه‌ی‌ هیران و نازه‌نین به‌مه‌به‌ستی‌ پشودان ڕاده‌وه‌ستێت، له‌وكاته‌دا ده‌كه‌وێته‌ ئاوێكه‌وه‌ و به‌په‌له‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌و پاش سێ‌ ڕۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ شه‌وی‌ رابردوو گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
 21ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئه‌ندازیارێك به‌ناوی‌ تاریق ئه‌حمه‌د له‌كاتی‌ كاركردنیدا، كه‌وته‌ ناو یه‌كێك له‌عه‌مباره‌كانی‌ پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتی‌ سلێمانیه‌وه‌ و پاش 26 كاتژمێر توانرا ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌عه‌مباره‌كه‌دا ده‌ربهێنرێته‌وه‌، پاش ڕوداوه‌كه‌ش چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌یانكرد له‌ڕووداوه‌كه‌ و هاوكات  به‌هۆی‌ ئه‌و ڕوداوه‌شه‌وه‌ دوێنێ‌ ناسك تۆفیق ده‌ستی‌ له‌پۆستی‌ بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ وزه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان كێشایه‌وه‌.


NRT


Sunday, April 1, 2012

تەرمى گەنجە کوردە خنکاوەکەی ئایرلەندا دۆزرایەوە


وێنەى گەنجەکە

دوای ئەوەی رۆژی 28/03/2012 لە شاری کاریک ئۆن شانۆن لە وڵاتی ئایرلەندا چەند  گەنجێکی کوردی ئەو شارە  ڕودەکەنە  ئاویکی ئەو شارە بۆ مەلەکردن، لە کاتژمێر 4 ی دوای نیوەرۆ  یەکێک لەگەنجەکان  بەناوی “جەلال عەزیز”ی  دەخنکێت.
دواتر پۆلیسی  ئەو وڵاتە  ئاگادار کرانەوە و  تیمەکانی فریاکەوتن کەوتنە گەران بەدوای  دۆزینەوەی  تەرمەکە، دوای 20 کاتژمیر گەران  بەدوایدا توانرا  لە رۆژی 29/03/2012  کاتژمیر یەکی  دوای نیوەرۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە، دواتر رۆژی 30/03/2012  تەرمی ناوبراو لە یەکێک لەشارەکانی وڵاتی ئایرلەندا بەخاکسپێردرا.
جەلال  عەزیز خەڵکی  سەلاسی باوەجانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەدایکبووی  27/10/1990 ە،  ساڵی 2006 وەک پەنابەر لەگەڵ خانەوادەکەىرڕویان کردۆتە  وڵاتی  ئایرلەندا.

بیلال سەنگەسەری
هاولاتى

Thursday, March 1, 2012

چالاكوانێك له‌ چاوه‌ڕوانی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیدا له‌ئوستورالیا گیانی‌ له‌ده‌ستدا

هه‌ژار ته‌ها  و کۆشان

وێنه‌ی‌ چه‌ند په‌ناخوازێك له‌كاتی‌ مانگرتنیان له‌سه‌ر سه‌قفی‌ كه‌مپێكی‌ ئوستورالیا


داكۆكیكارێكی‌ په‌ناخوازان ڕاگه‌یاند دوێنێ‌ په‌ناخوازێكی‌ به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵ و نیوێكه‌ له‌ كه‌مپێكی‌ په‌ناخوازاندا له‌ ئوسترالیا له‌ چاوه‌ڕوانی‌ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیدا بووه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا. 
ئه‌و داكۆكیكاره‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌ ئاشكرا بكات وتی‌ “ئه‌و په‌ناخوازه‌ چالاكه‌وانێكی‌ سیاسی‌ بووه‌ و سه‌ر به‌ به‌ڕه‌وتی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ ئێران بووه‌ و پێشتر له‌ پێش كۆچكردنی‌ بۆ ئوسترالیا له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ندكراوه‌  به‌ تۆمه‌تی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ ئێران و براكه‌شی‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ سێداره‌ دراوه‌ “. 
هه‌رچه‌نده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ به‌هۆی‌ ئازاری‌ سنگه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌ به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ محه‌مه‌د سادقپور ئه‌ندامی‌ (ڕیكخراوی‌ ئوسترالی‌ بۆ پاڵپشتی‌ دیموكراسی‌ له‌ ئێران) هه‌فته‌ی‌ ڕابردوو ئه‌و په‌ناخوازه‌ی‌ بینیوه‌ و له‌ ڕووی‌ ده‌روونیه‌وه‌ بارودۆخی‌ ناجێگیربووه‌ و لایه‌نی‌ به‌رپرسی‌ ئه‌و وڵاته‌شیان له‌ كێشه‌ ده‌روونیه‌كانی‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌. 
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری‌ مردنی‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌ ڕێكخراوی‌ SPAی‌ ئوسترالی‌ تایبه‌ت به‌ هۆشداری‌ ده‌رباره‌ی‌ خۆكوشتن داوای‌ له‌ حكومه‌تی‌ ئوسترالیا كرد كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ كه‌یسی‌ مردنی‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌ بكرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ پێنجه‌مین ڕووداوی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ په‌ناخوازانه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 18 مانگی‌ ڕابردوودا له‌ كه‌مپه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ چه‌ند حاڵه‌تێكیان خۆكوشتن بووه‌ له‌ دژی‌ سیاسه‌تی‌ كۆچی‌ ئه‌و وڵاته‌..
ئەم ڕووداوە بوویە هۆى ئەوەى کە بەرپرسانى ئوسترالى نیگەران بن، تەنانەت موحەمەد سادیقپور، ئەندامى ئوسترالیانى پشتیوان لە دیموکراسى ڕایگەیاند کە حکومەتى ئێرانى ئەو هاوڵاتییەى نەکوشت، بەڵکو حکومەتەکەى ئێمە بوویە هۆى ئەو کوشتنە. هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە هەفتەى ڕابردوو من ئەوم بینیووەو ڕایگەیاندووە کە لە بارێکى زۆر سەختدایە و وتویەتى نیگەرانە دەربارەى خێزان و مناڵەکانى، بۆیەشە کۆمەڵگاى ئێرانى نامەى تایبەتییان ڕەوانە کردووە بۆ بەرپرسانى بەندیخانەکانى ئوسترالیا بۆئەوەى پشتیوانى لێبکەن و بەئاسانى ڕزگارى ببێت.
لەلایەکى ترەوە ئەمنستى ئینتەرناشناڵ (رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى) نیگەرانى خۆى دەردەبڕێت لەهەندێ لە بەندیخانەکانى گیراوەکانى ئوسترالیا. لە ڕاپۆرتێکدا ئەو ڕێکخراوە ڕایدەگەیەنێت کە زیندانییەکانى پەنابەرەکان هەست و نەستییان بەتەواوى وێران دەکات. ئەمەش بەهۆى ئەوەى خزمەتگوزارییەکان لەناویاندا زۆر کۆن و تەواو خراپ و شوێنى بچووکن.
وتەبێژى ئەمنستى دکتۆر گراهام تۆم دەڵێت کە هەندێک لە بەندیخانە و شوێنى مانەوەى پەنابەران وەکو پێویست نین بۆمانەوەى ماوە درێژى پەنابەران.
ئەمنستى ئەوەى خستۆتەڕوو کە پێویستە تەنها ماوەى (30) ڕۆژ ماوەى مانەوەى ئەوانەبێت کە داواى مافى پەنابەرى دەکەن.
به‌پێی‌ دواهه‌مین ئاماری‌ فه‌رمیش نزیكه‌ی‌ 5000 په‌ناخواز كه‌زۆربه‌یان به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فغانی‌ و ئێرانی‌ و عێراقی‌ و كوردن له‌ كه‌مپه‌ زۆره‌ملێیه‌كانی‌ ئه‌و وولاَته‌دا له‌چاوه‌ڕوانی‌ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیدان. 
وته‌بێژێك به‌ناوی‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ كۆچی‌ ئوسترالیاوه‌ وتی‌ به‌زووترین كات په‌یوه‌ندی‌ ده‌كرێت به‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌و په‌ناخوازه‌وه‌ و لێكۆلینه‌وه‌ش ده‌كرێت بۆ ده‌رخستنی‌ چۆنێتی‌ و هۆكاری‌ مردنه‌كه‌ی.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

بۆ ئەم ڕاپۆرتە سوود لە هەواڵێکى (هاوڵاتى)یش وەرگیراوە