Sunday, November 30, 2014

رێنمایی نوێ‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ ڤیزای‌ جۆرجیا ده‌رده‌كرێت


وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ رێنمایی نوێ‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ ڤیزای‌ وڵاتی‌ جۆرجیا ده‌ركراوه‌ و له‌ڕێی‌ سه‌ردانكردنی‌ كونسوڵخانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ عه‌مان و توركیا وه‌رده‌گێرێت.

ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ رێنماییه‌ نوێیه‌كانی‌ وه‌رگرتنی‌ ڤیزای‌ وڵاتی‌ جۆرجیا له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ عیراقییه‌وه‌ له‌ رێی‌ سه‌ردانكردنی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ جۆرجیا له‌ عه‌مان و توركیاوه‌ ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ به‌ رێنماییه‌ نوێیه‌كانی‌ وڵاتی‌ جۆرجیا بۆ پێدانی‌ ڤیزا به‌ هاوڵاتیانی‌ عیراقی‌ نه‌كردووه‌.

جۆرجیا وڵاتێكی گه‌شتیارییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكی 5  ملیۆن كه‌سه‌.

Saturday, November 29, 2014

به‌ریتانیا ڕێوشوێنی‌ توند له‌ دژی‌ كۆچبه‌ران ده‌گرێته‌به‌ر

حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا رێوشوێنی‌ توند له‌ دژی‌ كۆچبه‌ران ده‌گرێته‌به‌ر و یاسای‌ تایبه‌ت به‌ كۆچبه‌ران هه‌موار ده‌كاته‌وه‌.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ نیشتیمانی‌ ئاماری‌ به‌ریتانیا له‌راپۆرتێكدا ئاشكرای‌ كرد، كه‌ ئاماری‌ كۆچبه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ به‌ریتانیا زیادی‌ كردوه‌، ده‌یڤید كامیرۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا رایگه‌یاند، رێوشوێنی‌ توند له‌ دژی‌ كۆچبه‌ران، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ ولاَتانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌وورپاوه‌ روو ده‌كه‌نه‌ به‌ریتانیا ده‌گرنه‌به‌ر و چاكسازییه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
كامیرۆن وتیشی‌، سیستمی‌ خۆش بژێویی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ریتانیا هاوشێوه‌ی‌ یانه‌یه‌كی‌ میلییه‌ كه‌ به‌ باجی‌ پیشه‌وه‌رانی‌ به‌ریتانی‌ دابین ده‌بێت، چه‌ندین نه‌وه‌  ئه‌م سیسته‌مه‌یان پاراستووه‌، كارێكی‌ شیاو نییه‌ كۆچبه‌رانی‌ تازه‌ هاتوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ هاتنیانه‌وه‌ له‌ تێكڕای‌ مافه‌كانی‌ ئه‌و سیستمه‌ به‌هره‌مه‌ند بن.
هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاری‌ له‌و سیستمه‌دا بێته‌ ئاراوه‌ و كۆچبه‌رانی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ، به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ پێشنیاری‌ كاركردنیان پێ بێت و ماوه‌ی‌ 4 ساڵ كار بكه‌ن، ئه‌و كاته‌ له‌ مافه‌كانی‌ سیستمی‌ به‌ریتانیا به‌هره‌مه‌ندبن. 

Thursday, November 27, 2014

زیاتر له‌ 700 كۆچبه‌ر له‌ ده‌ریای‌ سپی‌ ناوه‌ڕاست سه‌رگه‌ردان بوون

ماوه‌ی‌ 10 رۆژه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ ته‌كنیكیه‌وه‌ له‌ به‌له‌مه‌كه‌یاندا، 700 كۆچبه‌ری‌ ئێرانی‌ و ئه‌فغانی‌ و سوری‌ له‌ ئاوه‌كانی‌ ده‌ریای‌ سپی‌ ناوه‌ڕاست سه‌رگه‌ردان بوون. 
ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌سۆشێتد پرێس ئاشكرای‌ كرد، كه‌شتییه‌كی‌ هه‌ڵگری‌ 700 كۆچبه‌ر كه‌ زۆربه‌یان سوری‌ و ئێرانی‌ و ئه‌فغانین له‌ ده‌ریای‌ سپی‌ ناوه‌ڕاست به‌هۆی‌ وه‌ستانی‌ مه‌كینه‌ی‌ كه‌شتیه‌كه‌وه‌  سه‌رگه‌ردان بوون و ته‌واوبوونی‌ ئاو و خۆراكیشیان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانیان ده‌كات.
له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رپرسێكی‌ خاچی‌ سووری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئاشكرای‌ كرد، له‌ ئێستادا هێزه‌كانی‌ ده‌ریاوانیی یۆنان له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان كه‌شتییه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ به‌نده‌ری‌ یه‌راپترا له‌دورگه‌ی‌ كریت ببه‌ن و له‌وێدا خاچی‌ سور شوێنی‌ كاتیی‌ بۆ نیشته‌جێكردنی‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ ئاماده‌ كردوه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ یه‌كێك له‌ سه‌رنشینانی‌ كه‌شتییه‌كه‌ به‌ كه‌ناڵی‌ بی‌ بی‌ سی‌ راگه‌یاندوه‌، كه‌شتییه‌كه‌یان 10 رۆژ پێش ئێستا له‌توركیاوه‌ به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی‌ ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌توه‌، به‌ڵام پاش 2 رۆژ مه‌كینه‌ی‌ كه‌شتیه‌كه‌ له‌كار كه‌وتوه‌و كه‌شتیوانه‌كه‌ش رایكردوه‌.

Wednesday, November 26, 2014

نیگه‌رانى زۆر له‌باره‌ى یاساى كۆچى ئوسترالیاوه‌ په‌یدا ده‌بێت

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان
پارتى كرێكاران و سه‌وزه‌كان نیگه‌رانى زۆرى خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن له‌باره‌ى به‌رفراوان كردنى یاساى كۆچه‌وه‌، له‌دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سێناتى ئوسترالى پێشنیارى كرد و ڕۆژى دووشه‌ممه‌ په‌سه‌ند كرا. ته‌واوى یاساكه‌ ئه‌م بڕگه‌ سه‌ره‌كیانه‌ له‌خۆى ده‌گرێت:
-دووباره‌ چالاككردنه‌وه‌ى ڤیزاى پاراستنى كاتى و ده‌ركردنى ڤیزاى كه‌شێكى هێمن بۆ چالاكى و پڕۆژه‌.
-دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كێ داواكردنى مافى په‌نابه‌رى هه‌یه‌.
-ڕێگه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هۆكارى گواستنه‌وه‌و كه‌سه‌كان له‌هه‌رشوێنێك له‌ جیهاندا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى یاسا نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌كان.
-پێداچوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ى په‌نابه‌ران به‌ بنیاتنانى سیستمێكى خێرا.
-ئه‌و منداڵانه‌ى له‌ ئوسترالیا له‌دایك ده‌بن كه‌ باوك و دایكیان داواى مافى په‌نابه‌رى ده‌كه‌ن، هه‌مان پێگه‌یان پێبدرێت.
-هه‌ندێك له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان په‌یوه‌ست نین له‌ هه‌ندێ بارودۆخدا.
هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارته‌كانى كرێكاران و سه‌وزه‌كان شه‌وى دووشه‌ممه‌ ڕاپۆرتێكیان ئاڕاسته‌ى سێنات كرد. پارتى كرێكاران ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵى حكومه‌ت بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌ سیستمى دادوه‌رى له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌كه‌م ته‌ماشاكردنى كه‌یسى دادگاى باڵایه‌ له‌ئێستادا، كه‌ له‌باره‌ى تامیله‌كانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ریادا ده‌ستگیر كراون. سه‌وزه‌كانیش ده‌ڵێن كه‌ ئه‌و یاسایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ختترین ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ په‌رله‌مان به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و یاسایه‌كه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى په‌ناخوازانى ئوسترالى و به‌یاسایى كردنى هه‌وڵ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ ده‌ریادا.

Sunday, November 23, 2014

ئیندۆنیزیا: ڕه‌تكردنه‌وه‌ى په‌ناخوازان له‌لایه‌ن ئوسترالیاوه‌ قه‌یرانى هاوبه‌ش دروست ده‌كات

كۆچ بۆ ئوسترالیا و كۆچى كوردان
حكومه‌تى ئیندۆنیزى ڕه‌خنه‌ى له‌ بڕیارى تاكلایه‌نانه‌ى وه‌زیرى كۆچى ئوسترالی سكۆت مۆریسۆن گرت، كه‌ بڕیاریداوه‌ به‌وه‌ى كه‌ په‌ناخوازان له‌ ئیندۆنیزیاوه‌ وه‌رنه‌گرێت، و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان داده‌ڕمێنێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیندۆنیزیا، باڵیۆزى ئوسترالیا گرێگ مۆریاریتى بانگهێشت كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانى خۆى پێ بگه‌یه‌نێت له‌باره‌ى ئه‌و بڕیاره‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاسیاى پاسیفیكى وه‌زاره‌ته‌كه‌، یورى تامرین، به‌ ئه‌ى بى سى ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌و هنگاوه‌ قه‌یرانى له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا دروستكردووه‌و مه‌ترسى بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان دروست ده‌كات. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا سه‌ركرده‌كان و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا و ئیندیۆنیزیا كۆبوونه‌وه‌ى باڵایان ئه‌نجامدا و جه‌ختیان كردووه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان كرده‌وه‌.

Thursday, November 20, 2014

ئەڵمانیا بەخشینی پەنابەری بە عێراقی و سوورییەکان خێرا دەکات

نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا بڕیاری دا لە ئێستا بەدواوە ماوەی لێکۆڵینەوە لە داخوازیی مافی بەنابەرانی عێراقی و سووریایی کورت بکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی کە لە هەندێك لە میدیاکانی ئەڵمانیادا ئاماژەی بۆ کراوە، نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران بڕیارێکی چەند هەفتەیەك لەمەوبەری وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکات. بڕیارەکەیش کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکانی عێراق و پەنابەرانی سووریایی دەگرێتەوە و دۆسیەکانیان دەخرێتە پێشەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەردا ناکرێت و تەنیا داوای لێ دەکرێت فۆرمێك پڕ بکاتەوە و داوای پاراستنی مافی نێودەوڵەتی بکات. پاش ئەوە پەنابەر دوای ١١ ڕۆژ تا ٣ مانگ وەڵامی بۆ دێتەوە. بەڵام ئەم بڕیارە کەسانێك ناگرێتەوە کە پێش هاتنیان بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتێکی تری ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردبێت.
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەی فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەران، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ١٨٤١٥ بیانی لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە و پەنابەرانی سووریایی بە ڕێژەی ٢٦،٨%دا گەورەترین گرووپی ناو ئەو پەنابەرانە پێكدەهێنن. پەنابەرانی عێراقییش بە پلەی دەیەم دێن و ٣%ی ئەو ژمارەیە پێكدەهێنن. بەڵام لە ئامارەکەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ڕەگەزی نەتەوەیی و ئاینیی پەنابەرانی عێراقی و سووریایی و وڵاتانی تر نەکراوە، چونکە وەك باوە، لە ئامارەکاندا تەنیا ئاماژە بۆ وڵاتی پەنابەر دەکرێت.

Wednesday, November 19, 2014

پەنابەرانی عێراق نائومێد دەكرێن

سكۆت مۆریسۆن ، وەزیری كۆچی ئوسترالیا ڕاگەیاند كە حكومەتی ووڵاتەكەی چیتر مافی پەنابەرێتی نادات بەو پەناخوازانەی كەلەدوای 1ی تەممووزی ئەمساڵەوە ناوی خۆیان تۆماركردووە لە ووڵاتی ئەندەنوسیا.
بەپێی ووتەكانی وەزیری كۆچی ئوسترالیا مەبەستیان لەو گۆڕانكاریە تێكشكاندنی ئەو باندە قاچاخچیانەیە كە لەهەوڵی ناردنی پەنابەرانن بۆ ئەندەنوسیا تا بتوانن لەوێوە سودمەند بن لە پڕۆگرامە مرۆیەكانی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە. ئەم گۆڕانكاریانەش چارەنوسی هەزاران كۆچبەر لە ووڵاتی ئەندەنوسیا دەخاتە مەترسیەوە كەبەمەبەستی وەرگرتنیان لەلایەن ئوسترالیاوە ڕوویان لەو ووڵاتە كردووە.
بەپێی دواهەمین ئاماری كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكایش ، هەتا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ، 283 پەناخوازی بەڕەگەز عێراقی بەمەبەستی وەرگرتنی كەیسەكانیان وەك پەنابەر لەلایەن ئەو كۆمیسیۆنەوە لە ئەندەنوسیا تۆماركراون و لەهەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا بوون لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئەو ووڵاتەوە.
بەپێی ئەو سیاسەتە نوێیە كەدوێنێ – سێشەممە بڵاوكرایەوە لەزاری وەزیری كۆچی ئوسترالیاوە ، ئەو پەناخوازانە ئەگەر بیشیسەلمێنن پەنابەرن بەڵام لەدوای 1ی تەمموزی ئەمساڵەوە خۆیان تۆماركردبێت لەلای كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكان لە ئەندەنوسیا ئەوا ناتوانن داوا پێشكەش بكەن بەو كۆمیسیۆنە تا لە ئوسترالیا نیشتەجێیان بكات.
پێشتریش حكومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند كە بۆ ساڵی 2014 بۆ 2015 ، ئوسترالیا 2200 (دووهەزار ودووسەد) پەنابەری عێراقی وەردەگرێت لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەران لەدەرەوەی ووڵاتەكەی و پشكی شێریش لەو ژمارەیە درا بە پەنابەرانی مەسیحی و كوردانی ئێزیدی.
ئەم گۆڕانكاریەش لەسیاسەتی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئوسترالیاوە كاردانەوەی توندی رێكخراوەكانی تایبەت بەداكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانی بەدوایخۆیدا هێنا و هەردوو ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی هیومان ڕایتزۆچ نیگەرانی خۆیان لەو گۆڕانكاریە نیشاندا و ڕایانگەیاند ئەو سیاسەتە نوێیە زیاتر پەناخوازانی نیشتەجێی ئەندەنوسیا دەكات بە قوربانی بەتایبەت لە ووڵاتێكدا ، كە مەبەستیان ئەندەنوسیایە ، كە توانای دابینكردنی هەلی كاروخۆشگوزەرانی بۆ پەناخوازانی نیشتەجێی ووڵاتەكەی نیە.
سەرچاوە : ماڵپەری كەناڵی ئەی بی سی نیوز