Thursday, August 29, 2013

باڵوێزخانەی ئەمریكا هەزار زەمالەی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیانی عێراق دابین دەكات


لەچوارچێوەی ڕیكەوتنی ستراتژی نێوان عێراق و ئەمریكا ،باڵوێزخانەی ئەمریكا هەزار زەمالەی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیانی عێراق دابین دەكات لە ئەمریكا.

لەبەیاننامەیەكدا باڵویزخانەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنیت :بۆخوێندنی ئەمساڵ زانكۆكانی ئەمریكا هەلیان بۆ هەزار قوتابی عێراقی ڕەخساندوە تاوەكو لە خوێندنی باڵادا بخوێنن .


بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشداوە"بۆئەم مەبەستەش شارەزایانی زانكۆی ستانفۆردی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەڵدەستێت بە ڕیكخستی كاروبارەكانی ئەو قوتابیانە بەهاوكاری لیژنەی بەرەپیدانی خوێندنی باڵا لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق "


باڵوێزخانەی ئەمریكا ڕاشیگەیاندوە :ئامانج لەم هەنگاوەش بۆ زیاترجێگیركردنی پەیوەندیەكانی ئەمریكایە لە گەڵ عێراقدا و رەخساندنی هەلی خوێندنە بۆ قوتابیانی عێراق بۆئەوەی پلەی باڵا بە دەست بهێنن.


Tuesday, August 27, 2013

هۆڵه‌ندا هه‌لی خوێندن بۆ خوێندكارانی كورد له‌بواری كشتوكاڵ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات



هۆڵه‌ندا ئاماده‌یه‌ هاوكاریی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێریی هه‌رێمی كوردستان بكات له‌ڕێی وه‌رگرتنی خوێندكارانی كورد بۆ خوێندن له‌بواری گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵ له‌ هۆڵه‌ندا. 

جانێت سیبن باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عیراق ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی پیشاندا بۆ هاریكاریی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێریی هه‌رێمی كوردستان له‌رێی ده‌ستخستنی هه‌لی خوێندن بۆ خوێندكارانی كورد له‌هۆڵه‌ندا. 

جانێت سیبن، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ، سیروان بابان، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی هه‌رێم ئاشكرایكرد، حكومه‌تی هۆڵه‌ندا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كۆمپانیاو وه‌به‌رهێنه‌ هۆڵه‌ندییه‌كانی بواری كشتوكاڵ هانبدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بكه‌ن له‌بورای كشتوكاڵ كه‌بڕیاره‌ مانگی یانزه‌ی ئه‌مساڵ بكرێته‌وه‌. 

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزه‌كه‌ی هۆڵه‌ندا، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ هاریكاریی كردنی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم له‌هه‌موو روییه‌كه‌وه‌، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی هه‌رێم –یش هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌تی هۆڵه‌ندای به‌رز نرخاند و ئومێدی خواست ئه‌زموون و شاره‌زایی هۆڵه‌ندا له‌هه‌رێمی كوردستان ره‌نگ بداته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانی شیر و له‌قوتونانی گۆشتی سوور به‌پێی پێودانگه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بخرێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ له‌پاڵ بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان. 
خه‌ندان – 

Sunday, August 25, 2013

ئاگاداریه‌ك بۆ ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی

سكۆڵی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی زانكۆی كۆیه‌ ده‌رچوانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی به‌شی زانستی و وێژه‌یی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابه‌شكردنی فۆڕمی وه‌رگرتنی خوێندكاران و هه‌ر خوێندكارێك ئاره‌زوو ده‌كات با سه‌ردانی سكوڵه‌كه‌یان بكات بۆ وه‌رگرتنی فۆڕم، به‌مه‌رجێك نمره‌كانی له‌ 60 كه‌متر نه‌بێت.

له‌ئاگادارییه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (خه‌ندان) نێردراوه‌، تیایدا سكوڵی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی زانكۆی كۆیه‌ به‌م جۆره‌ داوا له‌ خوێندكاران ده‌كات: "سكوڵی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش زانكۆی كۆیه‌، ئاگاداری ده‌رچوانی قۆناغی 12 ی ئاماده‌یی (وێژه‌یی-زانستی) ده‌كات كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابه‌شكردنی فۆرمی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌سكوڵه‌كه‌مان له‌ڕێكه‌وتی‌ 25/8/2013 تاوه‌كو 5/9/2013 به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ تێكڕای نمره‌ی ده‌رچووی له‌ 60% كه‌متر نه‌بێت".

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو:" هه‌ر خوێندكارێك خوازیاره‌ ئه‌و فۆرمه‌ به‌ده‌ست بهێنێت پێویسته‌ ئه‌م پێداویستیانه‌ له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت: به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌رچوون، ناسنامه‌ی باری شاریستانی، وێنه‌ی كه‌سێتی".
خه‌ندان ـ 

Friday, August 23, 2013

خوێندكاره‌ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ نیگه‌رانن


دواكه‌وتن و ئه‌نجامنه‌دانی رێزلێنانی ساڵانه‌، بووه‌ته‌مایه‌ی به‌شێك له‌ خوێندكاران و قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كانی سه‌ر ئاستی به‌ش و كۆڵیژ و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی به‌ خه‌ندان گه‌یشتووه‌، ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ نایشارنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێزلێنانی شایسته‌تریان لێ بنێن، به‌ڵام به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ تائێستا هیچكام له‌و لایه‌نانه‌ له‌ ئاستی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا نه‌بوون.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

"بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان

ئێمە وەك بەشێك لە قوتابی و خوێندكارە یەكەمەكانی سەر ئاستی بەش و كۆلیژ و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە دواكەتن و ئەنجام نەدانی ئەو ڕێزلێنانەی كە ساڵانە بۆ قوتابی و خوێنكارە یەكەمەكانی سەر ئاستی بەش و كۆلیژ و سەر ئاستی زانكۆكان ڕێكدەخرێت.

بەڕێزان, لێتان ناشارینەوە كە ئێمە ئەمساڵ چاوەڕوانی ڕێزلێنانی شایەستە تر و گەورەتر بووین لە لایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر, وە هیواداربووین ئەو جیاوازییەی كە لە نێوان زانكۆكان هەستی پێ‌ دەكرا نەمێنێ, بەڵام بە داخەوە هیچ لایەنێك تا ئێستا لە ئاست چاوەڕوانیەكانمان نەبوون..

هیوادارین ئەنجام نەدانی ئەم مەراسیمی ڕێزلێنانە بە هۆی خەم ساردی و بێباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان نەبێ‌ یەرامبەر بە كەسانێك كە خاوەن لوتكەی بەهرە و توانستن.."
خه‌ندان ـ

Wednesday, August 21, 2013

پێنج یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى په‌روه‌رده‌ ده‌نێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خوێندن


لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌سه‌ر پێشنیازى په‌رله‌مانتارێكى كورد، پێشنیاز ده‌كات بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێنج یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى په‌روه‌رده‌ له‌ عیراق، ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێن به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌خوێندن، راشیده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و ئیداره‌ى گه‌رمیانیش ده‌گرێته‌وه‌‌و پێشبینیش ده‌كه‌ن به‌م نزیكانه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داواكه‌یان ده‌رببڕدرێت.

بورهان محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند :"له‌ سه‌ر پێشنیازێكم، لیژنه‌كه‌مان نووسراوى كرد بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێنج یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى په‌روه‌رده‌ بنێردرێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌ خوێندن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌، روونشیكرده‌وه‌، كه‌ پێشنیازه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پێنج یه‌كه‌مه‌كه‌ى پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی كه‌ ده‌كاته‌ به‌رامبه‌ر پۆلی (12) له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتى بنێردرێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، وتیشی :"داواكارییه‌كه‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گه‌رمیانیش ده‌گرێته‌وه‌، پێشبینیش ده‌كه‌ین به‌م نزیكانه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ داواكه‌ قبوڵ بكه‌ن‌و ئه‌و خوێندكارانه‌ ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێن به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌ خوێندن".

بورهان محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ هه‌فته‌ى داهاتووش سه‌رجه‌م یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان خه‌ڵات ده‌كرێن، وتیشی :" ژماره‌ى ئه‌و خوێندكارانه‌ى دیاریكراون بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵات بكرێن، بریتین له‌ (27) خوێندكار له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم‌و ئیداره‌ى گه‌رمیان‌و خوێندنى كوردى كه‌ركوك".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ مادییه‌‌و بڕى دوو ملیۆن دینار ده‌درێت به‌هه‌ر خوێندكارێك.
خه‌ندان- سۆران كه‌ریم

لە هەولێر ڤیزای ئەڵمانیا دەدرێت


كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، لەماوەیەكی نزیكدا لە هەولێر ڤیزای ئەڵمانیا بە هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-8-2013، ئەلفرێد سیمس، كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لەگەڵ بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی داوای لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا كرد هانی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بدات بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی پیشەسازی لە شارە پیشەسازییەكان و دووپاتیكردەوە هەلومەرجێكی گونجاو هەیە بۆ سەرمایە گوزاری لەهەرێمی كوردستاندا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئاستەنگەكانی پێدانی ڤیزای ئەڵمانیاو پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی هەرێمی كوردستان گەشت بۆ ئەڵمانیا دەكەن بە تایبەت بۆ چارەسەركردنی هەندێك نەخۆشی و داوایكرد لەرووی پێدانی ڤیزاوە كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بكرێت.
لەبەرامبەردا كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی زیادكردنی ستافەكەیانن و لە ماوەیەكی نزیكدا لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر مامەڵەی ڤیزای هاووڵاتیان رایی دەكەن.
رووداو- سلێمانی

Tuesday, August 20, 2013

بەلەمێکى پەناخوازان بەرەو ئوسترالیا نوقم بوو


تایبەت بە کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

ئەمڕۆ سێ شەممە بەلەمێکى پەناخوازان بەرەو ئوسترالیا لە نزیک دوورگەى کریسمس نوقم بوو. 106 پەناخواز ڕزگاریان بوو لە نقومبونى بەلەمەکە. پێنج سەرنشینى بەلەمەکە هێشتا چارەنووسیان دیار نیە و گومان دەکریت گیانیان لەدەستدابێت.
زۆرترین ئێرانى بەشێوەى قاچاخ بەرەو ئوسترالیا کۆچ دەکەن. ڕۆژنامەى ئەوسترالیان ڕایگەیاندووە کە ئێران سەرچاوەى زۆرترین کۆچى نایاساییە بەرەو ئوسترالیا. باڵیۆزى ئوسترالیا لەتاران ڕایگەیاند لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 6500 پەناخوازى ئێرانى بەبێ ڤیزا و بەبەلەم گەیشتوونەتە ئوسترالیا. 
ساڵى ڕابردوو 17202 پەناخواز گەیشتوونە ئوسرالیا. ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 15000 پەناخواز گەیشتوونەتە ئوسترالیا لەڕێگەى دەریاوە.