Showing posts with label Migration to Italy. Show all posts
Showing posts with label Migration to Italy. Show all posts

Wednesday, December 18, 2013

ڕووتكردنەوەی په‌نابه‌ره‌كان توڕه‌یی به‌دوای خۆیدا هێنا


rwt181213-bگرته‌یه‌كی ڤیدیۆی ده‌ریخست ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ر كه‌روویان له‌ ئیتالیا كردووه‌ له‌كاتی پشكنینی ته‌ندروستی بۆیان داوایان لێكراوه‌ جله‌كانیان دابنێن و به‌رووتی له‌به‌ر سه‌رمادا هێشتویاننه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیه‌كی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن رای گشتیی و ناوه‌نده‌ مرۆڤدۆسته‌كانی جیهان. 

دوای پیشاندانی وێنه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ رووتانه‌ له‌كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمی رای 2 ئیتالیا، شه‌پۆلێكی توڕه‌یی و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریی سه‌رتاپای ئه‌و وڵاته‌ی گرته‌وه‌، هاوكات رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ئه‌و كرده‌وه‌یه‌یان به‌ هۆكاری شكستی یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌سفكرد له‌به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی په‌نابه‌ران كه‌به‌م دواییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌زیادبوون كردووه‌. 

گرته‌ ڤیدیۆكه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ په‌نابه‌ره‌كان وێنه‌ گیراوه‌ و تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌ند پیاوێك داوا له‌ كۆمه‌ڵێك منداڵ ده‌كه‌ن جله‌كانیان دابنێن، تا پاككه‌ره‌وه‌یان پێدا بپرژێنن، نه‌وه‌ك هه‌ڵگریی نه‌خۆشیی بن، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌دا، پرۆسه‌كه‌ له‌ناو گۆڕه‌پانێكدا ئه‌نجام ده‌درێت، له‌كه‌شێكی زۆر سارددا.  

كه‌ناڵی رای 2 ئیتالیا بۆ مه‌به‌ستی لێدوان له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌، یه‌كێك له‌و په‌نابه‌رانه‌ی بانگهێشتی ستۆدیۆ كرد و په‌نابه‌ره‌كه‌ش باسی له‌وه‌كرد كه‌ وه‌ك ئاژه‌ڵ ریزكراون و سوكایه‌تیان به‌رامبه‌ر كراوه‌،ئه‌وه‌شی وت كه‌داوا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ كراوه‌ له‌ ژن و پیاو كه‌جله‌كانیان دابنێن و پاككه‌ره‌وه‌یان پێدا بپرژێنن.  

هاوكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئیتالیا ئاشكرایكرد كه‌ به‌وردی له‌و كه‌یسه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌. 
سه‌رچاوه‌: سكای نیوز 
خه‌ندان – 

Thursday, October 24, 2013

رێگە لە بە قاچاخ رۆیشتن بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگیرێت

دوای كارەساتی نقومبوونی كەشتییەكی پەنابەرانی نایاسایی لە نزیك دوورگەی لامبیدۆزای وڵاتی ئیتاڵیا لە سەرەتای ئەم مانگەو خنكانی زیاتر لە سەد پەنابەری سەرنشینی كەشتییەكە، هەریەك لە وڵاتانی یۆنان و ئیتاڵیا و ماڵتا رێككەوتن لەسەر هەماهەنگیكردنی یەكتر بۆ رێگەگرتن لە دزەكردنی نایاسایی پەنابەران بۆ نێو خاكی ئەو وڵاتانە.


پەیوەست بەم پرسەوە ئیندۆنیس ساماراس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان و ئینریكۆ لیتا، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لە دوایین كۆبوونەوەیاندا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی گرووپی كاری هاوبەش بۆ هەماهەنگی لەنێوان حكومەتی هەردوو وڵات لەژێر رۆشنایی سەرۆكایەتی یۆنان بۆ یەكێتی ئەوروپا لە نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتوو و سەرۆكایەتی ئیتاڵیا بۆ ئەو یەكێتییە لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو.


هاوكات سەرۆك وەزیرانی یۆنان و ئیتاڵیا رێككەوتن لەسەر تا‌ووتوێكردنی پرسی پەنابەرانی نایاسایی كە لەچەند وڵاتێكەوە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن، لە كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی ئەوروپا كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ببەسترێ. 


سەرۆك وەزیرانی یۆنان و ئیتاڵیا هەروەها لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش رایانگەیاند:"بڕیارە پرسی دزەكردنی پەنابەرانی نایاسایی بەشێوەیەكی تێروتەسەل لە لوتكەی وڵاتانی ئەوروپا تاووتوێ بكرێ، چونكە ئەو پرسە بەگوێرەی پێویست چارەسەرنەكراوە".


لای خۆیەوە ئینریكۆ لیتا، سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا رایگەیاند:"بڕیار دراوە ژمارەی هێزەكانی (فرۆنتكس) كە ئەركی پاراستنی سنووری دەریایی ئەوروپا لە ئەستۆ دەگرن زیاتر بكرێ و پرسی دزەكردنی نایاسایی پەنابەران چارە بكرێ".
رووداو- شەرق ئەوسەت

Sunday, October 13, 2013

لەئیتاڵیا بەلەمێكی تر ژێرئاو دەكەوێت و بەدەیان كەس دەبنە قوربانی


حكومەتی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، دوێنێ‌ بەلەمێكی دەریایی لەكەنارەكانی ووڵاتەكەی ژێرئاو كەوتووەو لەئەنجامیشدا بەدەیان كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسی بی بی سی بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ‌ بەلەمێك بەنزیكەی 200 سەرنشینەوە لەنێوان توونس و دوورگەی سقلیە ژێرئاو كەوتووەو بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لایەنی كەم بەدەیان كەس گیانیان لەدەستداوە.


لەلایەن خۆشیەوە ووتەبێژی هێزی دەریایی ئیتاڵی رایگەیاندووە، ئەوان لەحاڵی ئێستا سەرقاڵی گەڕان و پشكنینن بۆ ئەوەی تەرمەكان لەناو ئاودا دەربهێنن و تاكو ئێستاش 120 تەرمیان دەرهێناوە.


ئەمەو هەفتەی رابردووش لەكەنارەكانی ئیتاڵیاو نزیك دوورگەی لامبیدۆسا لایەنی كەم 274 كەس ژێرئاوا كەوتن كەزۆرینەیان هاوڵاتیانی ئەریتریاو سۆماڵ بوون.


Sunday, October 6, 2013

لەماوەی 25 ساڵدا زیاتر لە 19 هەزار كۆچبەر لەپێش گەشتنیان بە ئیتالیا گیانیان لەدەستداوە


پاش دوو ڕۆژ لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئەو كۆچبەرانەی كەلە بەلەمێكدا لە نزیك دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیا نقوم بوون ، بەرپرسانی هێزە دەریایەكانی ئیتالیا بێئومێدی خۆیان نیشاندا لە دۆزینەوەی ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەرو ڕایانگەیاند كە پێدەچێت ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دەریاكەدا مانەتەوە ئێستا مردبن.

بەپیًی زانیاریە فەرمیەكان ، تا ئێستا 155 كۆچبەر بە زیندووی ڕزگار كراون و لاشەی 111 تریش دۆزراونەتەوە و پێدەچێت بەلەمەكە نزیكەی 500 كۆچبەری تێدابووبێت . بەمەش ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی بوونەتە قوربانی بە زیاتر لە 300 كۆچبەر مەزەندە دەكرێت.
هۆكاری نقومبوونی بەلەمەكەش دەگێردرێتەوە بۆ لەكاركەوتنی مەكینەی بەلەمەكە و بە ووتەی بەرپرسێكی ڕێكخراوی كۆچی جیهانیش لە ڕۆما كۆچبەرەكان پاش نائومێدبوونیان لە دووبارە كاركردنەوەی مەكینەی بەلەمەكەیان دەستیان كردووە بە ئاگركردنەوە بۆئەوەی سەرەنجی بەلەمەكانی نزیك خۆیان ڕابكێشن و بێن بەلایانەوە بەڵام دواتر ئاگرەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و بۆتە هۆی سووتانی بەشێكی بەلەمەكە و نقوم بووە.
سەرجەم كۆچبەرەكان بەڕەگەز خەڵكی ووڵاـتانی ئەفریقان و بەلەمەكەش لە شاری مەسراتەی لیبیاوە دەستی بە گەشتەكەی كردووە .
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 19 هەزار كۆچبەر لەپێش گەشتنیان بە ئیتالیا گیانیان لەدەست داوە وخنكان لەناو ئەو بەلەمانەدا كەلەلایەن قاچاخچیەكانەوە ڕێكدەخرێن بۆتە قەیرانێك بۆ تەواوی یەكێتی ئەوروپا.
كوردیو - تایبه‌ت
سەرچاوە : BBC، ڕۆیتەرز


Wednesday, September 18, 2013

بەریتانیا و ئیتاڵیا ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن


لەمیانەی کوبوونەوەیەک لەنێوان کۆنسوڵی گشتی بەریتانا و بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم کە لە هەولێر
بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی گشتی کۆنسوڵی بەریتانیاش جەختی لە کردنەوەی بنکەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا کردەوە لە شاری هەولێر.

پێگە الوكاله‌ الاخباریه‌ بڵاویکردەوە: لەمیانەی سەردانێکی هیو ئیڤانس بەرپرسی گشتی کۆنسوڵی بەریتانیا لەهەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، ئیڤانس جەختی لە هەبوونی متمانەی تەواوکرد سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەشێوازێکی سەرکەوتوو و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە سەرکەوتنە بۆ هەموو میللەتی کورد و بەرزراگرتنی ئەزموونی دیموکراتییە لە ناوچەکە.

لە درێژەی کۆبونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەم سەردانە فەرمییانە کرا، هەروەها ئەوەش خرایە ڕوو کە بوونی پەیوەندی بازرگانی و ڕۆشنبیری سوودێکی زۆری بۆهەردوولا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، هیو ئیڤانس باسی لە کردنەوەی بنکەیەکی تایبەت کرد لە هەولێر بەمەبەستی ئاسانکردنی کاروباری وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێم و چیتر ڕوبەرووی کێشە نەبنەوە بەهۆی چونیان بۆ بەغداد بەمەستی وەرگرتنی ڤیزەی بەریتانیا.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ فەلاح موستەفا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی ئیتالیا لە هەرێم کۆبۆوە و وێڕای تاوتوێکردنی چەندین بابەتی گرنگ لە هەریەک لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و بەشداریکردنێکی گەورەی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لەبواری بوژاندنەوەی هەرێم، کارمیلیۆ فیکارا بەرپرسی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا جەختی لە هەوڵەکانی کۆنسوڵخانەکەیان کردەوە بەمەستی ئاسانکار وەرگرتنی ڤیزەی ئیتاڵیا لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. 
لە عەرەبییەوە هاوڕێ فەریق 

خەندان-